تاكه‌ سه‌رنشینی ڕزگاربووی فڕۆكه‌ ئۆكرانییه‌كه‌ چیرۆكی ڕزگاربوونی ده‌گێڕێته‌وه‌

09-01-2020 08:49

په‌ره‌گراف

پیاوێكی ئێرانی كه‌ به‌هۆی ڕووداوێكه‌وه‌ له‌ سه‌فه‌ركردن به‌ فڕۆكه‌ ئۆكرانییه‌كه‌ دواكه‌وت، تاكه‌ سه‌رنشینی ڕزگاربووی ئه‌و فڕۆكه‌یه‌. ئه‌و پیاوه‌ چیرۆكی دواكه‌وتنی له‌ سه‌فه‌ره‌كه‌ی و ڕزگاربوونی له‌ ڕووداوه‌كه‌ دەگێڕێتەوە.

واحید شه‌هبازی، بازرگانێكی ته‌مه‌ن 55 ساڵی ئێرانییه‌ كه‌ دانیشتووی شاری گورگانی ناوه‌ندی پارێزگای گوڵستانی ڕۆژهه‌ڵاتی باكووری ئێرانه‌. ئه‌و بڕیار بوو یه‌كێك بێت له‌ سه‌رنشینانی ئه‌و فڕۆكه‌ ئۆكرانییه‌ی كه‌ له‌ تارانی پایته‌ختی ئێران كه‌وته‌ خواره‌وه‌ و سه‌رجه‌م سه‌رنشینه‌كانی گیانیان له‌ده‌ست دا، به‌ڵام به‌هۆی ڕووداوێكه‌وه‌ له‌ سه‌فه‌ره‌كه‌ی دواده‌كه‌وێت و به‌وه‌ش ده‌بێته‌ تاكه‌ سه‌رنشینی ڕزگاربووی فڕۆكه‌كه‌.

ڕۆژنامه‌ی ئێران گفتوگۆیه‌كی له‌گه‌ڵ ئه‌و پیاوه‌ ئێرانییه‌ ئه‌نجام داوه‌ كه‌ تێیدا ده‌ڵێت "ڕزگاربوونم له‌و ڕووداوه‌، موعجیزه‌ بوو. من له‌به‌ر به‌جێمانم له‌ سه‌فه‌ره‌كه‌، زۆر بێتاقه‌ت بووم، به‌ڵام كاتێك زانیم فڕۆكه‌كه‌ كه‌وتووه‌ته‌ خواره‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ زۆر بێتاقه‌ت بووم به‌ ڕووداوه‌كه‌، به‌ڵام سوپاسی خودام كرد بۆ ئه‌و ته‌مه‌نه‌ دووباره‌یه‌ی پێی به‌خشیم".

واحید شه‌هبازی به‌م شێوه‌یه‌ چیرۆكی دواكه‌وتنی له‌ سه‌فه‌ره‌كه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ "من كۆمپانیای بازرگانیم هه‌یه‌. له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی ساڵی نوێی زایینی، بڕیار بوو سه‌فه‌ر بۆ ئۆكرانیا بكه‌م، تا به‌ دوای كاره‌ بازرگانییه‌كانمدا بڕۆم. به‌ڕێكه‌وتبووم بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی ئیمام خومه‌ینی كه‌ له‌ ڕێگای سه‌وادكوهدا به‌هۆی خێرا لێخوڕینه‌وه‌ له‌لایه‌ن پۆلیسی هاتووچۆوه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌م ڕاگیرا".

شه‌هبازی له‌ درێژه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كه‌دا ده‌ڵێت "پاش ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن پۆلیسی هاتووچۆوه‌ سزا درام، هاوكات بۆیان ده‌ركه‌وت كه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌م سه‌رپێچیی گه‌وره‌ی هه‌یه‌ به‌ بڕی دوو ملیۆن تمه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ بڕیاریان دا ئۆتۆمبێله‌كه‌م بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی پۆلیس بگوازنه‌وه‌ و ڕای بگرن. هه‌رچه‌نده‌ هه‌وڵم دا كه‌ من له‌سه‌ر ڕێی سه‌فه‌رم بۆ ئۆكرانیا و له‌ فڕۆكه‌كه‌م به‌جێ‌ ده‌مێنم، به‌ڵام ئه‌وان گوێیان پێ‌ نه‌دا. به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ من دره‌نگ گه‌یشتمه‌ فڕۆكه‌خانه‌".

ئه‌و پیاوه‌ ئێرانییه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ كاتێك گه‌یشتووه‌ته‌ نزیكی فڕۆكه‌خانه‌، گوێبیستی كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی ئه‌و فڕۆكه‌یه‌ بووه‌ كه‌ بڕیار بوو ئه‌ویش سه‌رنشینی بێت.

له‌باره‌ی هه‌ستی خۆیه‌وه‌ كه‌ له‌و ڕووداوه‌ ڕزگاری بووه‌، واحید شه‌هبازی ده‌ڵێت "من ئه‌م بابه‌ته‌ به‌ موعجیزه‌ی خودایی ده‌زانم. حیكمه‌تی خودا بوو كه‌ زیندوو بمێنم. ئه‌گه‌ر ئه‌فسه‌ری پۆلیسی هاتووچۆ منی ڕانه‌گرتایه‌، ئه‌وا من ئێستا زیندوو نه‌بووم. ده‌بێت بڵێم من قه‌رزاری ڕێكاره‌ یاساییه‌كانی ئه‌وانم".

له‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی كه‌ ئایا خێزانه‌كه‌ی زانیویانه‌ فڕۆكه‌كه‌ی كه‌وتووته‌ خواره‌وه‌؟ ئه‌و پیاوه‌ ده‌ڵێت "به‌ڵێ‌. ئه‌وان زۆر نیگه‌ران بوون، به‌ڵام كاتێك كه‌ زانییان من زیندووم، فرمێسكی شادی له‌ چاویان هاته‌ خواره‌وه‌".

شه‌هبازی دوای ڕووداوه‌كه‌ ڕاسته‌وخۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ و "كڕنووشی سوپاسگوزاری"ی بردووه‌ كه‌ له‌و مه‌ترسییه‌ ڕزگاری بووه‌.

مه‌هدی باقری، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای مازه‌نده‌رانی ئێران، به‌ ڕۆژنامه‌ی ئێرانی وتووه‌ "شه‌وی سێشه‌ممه‌ ئه‌و چیرۆكه‌ ڕووی داوه‌. دوای ئه‌وه‌ی بووه‌ هۆی ڕزگاربوونی شۆفێره‌كه‌ له‌ مردن، شۆفێره‌كه‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا سوپاسی ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ی پۆلیسی كرد و و تی ئه‌گه‌ر سووربوونی ئه‌و نه‌بووایه‌ (له‌سه‌ر ڕاگرتنی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی) ئێستا من زیندوو نه‌بووم".

شه‌وی سێشه‌ممه‌ فڕۆكه‌یه‌كی ئۆكرانی له‌ جۆری بۆینگ 737 ، به‌ 167 سه‌رنشین و نۆ خزمه‌تكاری فڕۆكه‌كه‌وه‌، پاش شه‌ش خوله‌ك له‌ فڕینی له‌ فڕۆكه‌خانه‌ی ئیمام خومه‌ینیی تاران، كه‌وته‌ خواره‌وه‌ و سه‌رجه‌م سه‌رنشینه‌كانی گیانیان له‌ده‌ست دا.

دوو خێزانی كوردی ڕۆژهەڵاتی كوردستانیش كە بە سەردان گەڕابوونەوە بۆ ڕۆهەڵات، لە سەرنشینانی ئەو فڕۆكە ئۆكرانییە بوون كه‌ لە باشووری تاران كەوتە خوارەوە.

 دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكاو ڕاگەیاندنەكانی ئەو وڵاتە، گومانی ئەوە دەخەنەڕوو كە كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكە بەهۆی هەڵەیەكی ئێرانەوە بووە.