گومانەكان زیاتر دەبن؛ ترەمپ: ڕەنگە فڕۆكە ئۆكرانییەكە بەهەڵە خرابێتە خوارەوە

09-01-2020 08:59
تیمەكان تەرمی سەرنشینانی ناو فڕۆكەكە دەگوازنەوە.


پەرەگراف

دۆناڵد ترەمپ گومان دەكات ئەو فڕۆكە ئۆكرانییەی لە تاران كەوتە خوارەوە بەهۆی ئەنجامدانی كارێكی هەڵەوە بووبێت، ڕاگەیاندنەكانی ئەمریكاش هەمان گومانیان خستووەتەسەر ئەو بابەتەو گۆڤارێكی ئەمریكی لە زاری چەند سەرچاوەیەكی هەواڵگرییەوە دەڵێت: سیستمی مووشەكیی ئێران بە هەڵە فڕۆكەكەی خستووەتە خوارەوە.

فڕۆكە ئۆكرانییەكە مەدەنیی بووەو 176 سەرنشینی هەڵگرتووە، سەرجەمیان گیانیان لەدەستداو كەس ڕزگاری نەبوو، دوێنێ ساتێك دوای فڕینی لە فڕۆكەخانەی تاران لە باشوری ئەو شارە كەوتە خوارەوە، ئێران ڕایگەیاند: بەهۆی كێشەیەكی تەكنیكییەوە بووە.
ڕاگەیاندنەكانی ئەمریكاو تەنانەت دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەو وڵاتە، گومان دەكەن ئێران بە هەڵە فڕۆكەكەی خستبێتە خوارەوە.

"دەكرێت كەسێك لای ئەوانەوە هەڵەیەكی كردبێت. ئەمە گومانی منە" دۆناڵد ترەمپ وادەڵێت، سەرۆكی ئەمریكا وتیشی، چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەكەن‌و ڕۆژێك دێت ئێران سندووقە ڕەشەكەی فڕۆكەكە ڕادەست بكات، تا لێكۆڵینەوەی لەبارەوە بكرێت.

بەرلەو لێدوانەی ترەمپ، ڕاگەیاندنەكانی ئەمریكا گومانیان خستبووە سەر ئەوەی فڕۆكەكە بەهۆی كێشەی تەكنیكی كەوتبێتە خوارەوە، كەناڵی سی ئێن ئێنی ئەمریكی ئەوەی بڵاو كردەوە كە ئەمریكا باوەڕی وایە ئێران بە هەڵە فڕۆكە ئۆكرانییەكەی خستووەتە خوارەوە، ئەو بۆچوونەش پشتی بەستووە بە لێكۆڵینەوەی زانیارییەكانی مانگی دەستكرد‌و ڕادار و زانیاریی ئەلیكترۆنی.

هاوكات گۆڤاری نیوزویكی ئەمریكی، لە زاری بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا، دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا‌و هەواڵگریی عێراقەوە ئەوەی بڵاوكردەوە كە فڕۆكە ئۆكرانییەكە لەلایەن سیستمی دژە مووشەكی ئێران بە مووشەكی دژە فڕۆكەی دروستكراوی ڕووسیا خراوەتە خوارەوە.

كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكە چەند كاتژمێرێك دوای هێرشە مووشەكییەكەی ئێران بوو كە دوو بنكەی سەربازیی ئەمریكای لە عێراق كردە ئامانج.

سەرنشینانی فڕۆكەكە 82یان ئێرانی‌و 63 یان كەنەدی، 11 ئۆكرانی، 10 سویدی، 7 ئەفغانیی‌و 3 ئەڵمانی‌ بوون.

لەناو سەرنشینە ئێرانییەكاندا چەند كوردێكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان هەبوون، دوو خێزانییان تێدابوو كە بە سەردان گەڕابوونەوە بۆ ڕۆهەڵات.

ڕزگار ڕەحیمی و هیوا مەولانی كە هاوتەمەنی یەكترن‌و لە یەك ڕۆژو مانگ‌و ساڵ لە دایك بوون، خۆیان‌و خێزانەكانیان لەناو فڕۆكەكەدا بوون.

ڕزگار كوردێكی ڕۆژهەڵاتی كوردستانە ٧ ساڵ لەمەوبەر بۆ خوێندن چووە بۆ كەنەداو ماوەیەك لەمەوبەر بڕوانامەی دكتۆرای بەدەستھێناوەو بووە بە مامۆستا، دوای چەندین ساڵ دوریی، مانگێك لەمەوبەر لەگەڵ خێزانەكەیدا گەڕاونەتەوە بۆ سەقز.

عارف سەلیمی ئامۆزای ڕزگار وێنەیەكی ڕزگاری لە تویتەر بڵاوكردووەتەوەو لەسەری نووسیوە "لەناو ئەو فڕۆكەیەی ئۆكرانیا بوون، خۆی و ژنەكەی و منداڵەكەی و كۆرپەلەیەكی حەوت مانگە لە ناو سكی ژنەكەی".

عارف سەلیمی دەشڵێت: ڕزگار و هیوا هەردووكیان لە یەك ڕۆژ و مانگ و ساڵ لەدایك بوون، هەردووكیان بە خۆیان و خێزانەكانیانەوە لەناو ئەو فڕۆكەیەدا گیانیان لەدەست دا.

هاوكات ناوەندی هەواڵ‌و شرۆڤەی ڕۆژ،ناوی ژمارەیەك هاوڵاتیی كوردی بڵاو كردەوە كە لەناو فڕۆكە ئۆكرانییەكەدا بوون و گیانیان لە دەست داوە: ڕزگار ڕەحیمی‌و فەریدە غوڵامیی خێزانی ڕزگارو ژیوانی كوڕیان، هیوا مەولانی‌و ئەوین ئەرسەلانیی خێزانی هیوا، سروە پەساوەندی، سنوور پوورقادری.