بەپێی پڕۆژە یاسای چاكسازیی خانەنشینی پەرلەمانتارو پلە باڵاكان چی لێدێت؟

11-01-2020 06:45


پەرەگراف

پەرلەمانی كوردستان سبەینێ خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاسای چاكسازیی دەكات، یەكێك لە بابەتە گرنگەكان كە خەڵك چاوی لەسەریەتی چاكسازییە لە خانەنشینیی پەرلەمانتارو پلە باڵاكان، پەرەگراف دەقی پڕۆژە یاساكە بڵاودەكاتەوە كە لە ڕاپۆرتێكی هاوبەشدا 6 لیژنەی پەیوەندیداری پەرلەمان واژۆیان لەسەر كردووەو سبەینێ لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت.

لە پڕۆژەكەدا هاتووە، خانەنشینی پلە باڵاكان لە سەرۆكی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم‌و پەرلەمانتارو وەزیرەكان‌و بریكارەكانیان‌و سەرجەم پلە باڵاكانی ئەلف‌و با لە هەرێم ڕێكدەخرێنەوەو مووچەی خانەنشینییەكەیان بەم شێوەیە بۆ هەژمار دەكرێت:

1- ڕێژەی لەسەدا 25 لەكۆی گشتی دوا مووچەو دەرماڵە ئەوەی لەكاتی خزمەتدا وەریدەگرێت.

2- ڕێژەی لەسەدا 2‌و نیو لە كۆی گشتی دوا مووچەو دەرماڵە دەرماڵە ئەوەی لەكاتی خزمەتدا وەریدەگرێت دەخرێتەسەر مووچەی خانەنشینی بۆ هەر ساڵێكی خزمەت.

3- شایستەی مووچەی خانەنشین نابێت لە ڕێژەی لەسەدا 70 تێپەڕێت لەكۆی گشتی دوا مووچەو دەرماڵە ئەوەی لەكاتی خزمەتدا وەریدەگرێت.

بەپێی پڕۆژەكە فەرمانبەران بە 15 ساڵ خزمەت‌و تەمەنی 45 ساڵ خانەنشین دەبن، بەڵام ئەوانەی ئەو مەرجەی تەمەن‌و ساڵی خزمەتیان تێدا نییە‌و پلە باڵان وەك پەرلەمانتارو وەزیرو پۆستە باڵاكانی دیكە، بڕگەیەكیان بۆ جێ كراوەتەوە لە پڕۆژە یاساكەدا كە دەڵێت "بە ڕێژەی لەسەدا 40ی كۆی گشتی دوا مووچەو دەرماڵە خانەنشین دەكرێن"، ئەوەش تاوەكو خۆگونجاندنیان لەگەڵ ئەو بڕگەیەی باس لە مەرجی تەمەن‌و ساڵی خزمەت دەكات بۆ خانەنشین بوون.

هەربەپێی پڕۆژەكە خانەنشینی هەموو ئەو پێشمەرگە دێرینانە دەبڕدرێن كە بە پلەی تایبەت خانەنشین كراون‌و وەك ڕێزلێنانێك مووچەی خانەنشینییان بەو پلانە پێدراوە، هەروەها ڕاستكردنەوەی مووچە بۆ هەموو ئەو كەسانە دەكرێت كە بەشێوەی نایاسایی یان بە پلەی بەرزتر لە شایستەی خۆیان خانەنشین كراون.

پڕۆژەكە پێشنیازی یاسایەو لە حكومەتەوە ئاڕاستەی پەرلەمان كراوە لە ژێر ناونیشانی (چاكسازیی لە خانەنشینی‌و مووچەو دەرماڵەو بەخشین‌و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان – عێراق)، لە 8 بەش‌و 21 ماددە پێكهاتووە، بەشی حەوتەمی پڕۆژەكە تایبەتە بە بواری خانەنشینی كە ماددەی 7 بۆ 12 دەگرێتەوە.

پڕۆژەكە لە كاتێكدایە هەندێك لە پەرلەمانتاران‌و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان، داوا دەكەن خانەنشینیی پەرلەمانتاران هەڵبوەشێتەوەو ڕایانگەیاندووە، ئەوان ئامادەنین خانەنشین بكرێن، داوای بەشێكی زۆری خەڵكی كوردستانەو تائێستا چەندین كەمپەین بۆئەو مەبەستە پێكهێندراوە، هێشتا دیارنییە ئەم پرسە لەناو پەرلەمان بە كوێ دەگات‌و پەرلەمانتاران لە كۆتا بڕیاریاندا دەست بۆ چیی بەرز دەكەنەوەو چۆن تێیدەپەڕێنن.

 

واژۆی لیژنەو پەرلەمانتاران لەسەر پڕۆژەكە

 

دەقی كۆی پڕۆژە یاساكە