ئەمریكا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی لە عێراق دەستپێكردەوە

16-01-2020 04:32


پەرەگراف

هێزەكانی ئەمریكا لەگەڵ عێراق ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانیان بۆ سەر داعش دەست پێ‌ كردەوە.

سەرچاوەیەكی سەربازیی ئەمریكا بە نیویۆرك تایمزی ڕاگەیاندووە "دوێنێ‌، هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، دەستیان بە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانیان لەگەڵ هێزە عێراقییەكان كردووەتەوە بۆ سەر ئەو ناوچانەی كە چەكدارانی پاشماوەی داعشی تێدایە".

ڕۆژنامەكە دەڵێت، ئەمریكا دەیەوێت درێژە بە ئۆپەراسیۆنەكانی بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش بدات.

بەرپرسە ئەمریكییەكە ئاماژەی بەوەش داوە، تاووتوێی وردەكاریی دەستپێكردنەوە بە مەشق و ڕاهێنانی سەربازی بە هێزەكانی عێراق دەكەن و ڕەنگە بەم نزیكانە مەشق و ڕاهێنانەكان دەست پێ بكەنەوە.

دەستپێكردنەوەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی ئەمریكا بۆ سەر داعش لە عێراق، پاش ئەوە دێت كە 11 ڕۆژ لەمەوبەر هێزەكانی ئەمریكا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان و مەشق و ڕاهێنانیان بە هێزە عێراقییەكان ڕاگرت.

ئەوەش دوای ئەو دۆخە نوێیە بوو كە لە نێوان عێراق‌و ئەمریكاو ئەمریكاو ئێران هاتە ئاراوە كە لە كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران‌و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبیی دروست بوو بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە بەغدادی پایتەخت.

دوای ئەو ڕووداوە، هێزە شیعەكانی عێراق هاوشێوەی ئێران كەوتنە هەڕەشە كردن لە ئەمریكاو بە فشاری ئەوان لە پەرلەمانی عێراقەوە بڕیار دەكرا بۆ كردنە دەرەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق كە ئامانج لێی هێزەكانی ئەمریكا بوو.

كوردو سوننە دەنگیان بەو بڕیارە نەداو بەشداریی ئەو كۆبوونەوەیەی پەرلەمانیان نەكرد، كورد هەڵوێستی پێچەوانەی هەیەو پێیوایە دەركردنی هێزە بیانییەكان دەبێتەهۆی بەهێز كردنەوەی تیرۆر.