
پەرەگراف
شاسوار عەبدولواحید دەڵێت، چاككردنی بەشێك لە شەقامەكانی سلێمانی دەستپێدەكەنو سەردانی ناوچەكانی دیكەشیان كردووەو لە دوای 12ی شەو "تەقە لە هەندێك پڕۆژە" هەڵدەستێننو ئەنجامیان دەدەن.
ئەو وتانەی سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە نووسینێكیدا هاتووە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبوك، ئەوەش دوای ئەوەدێت 17ی ئەم مانگە ئامادەیی خۆی پیشاندا بۆ چاككردنی پردی سماقوڵی كە ئاستەنگی هاتووچۆی دروست كردبوو، بەڵام دەزگا حكومییەكانی ڕێگەیان پێنەداو خۆیان چاكیان كرد.
سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لە نووسینە نوێیەكەیدا بە ناونیشانی "موزایەدەكان بەردەوامن" ئەوەی خستووەتەڕوو، دوای باران بارینی ئەم چەند ڕۆژە، قۆناغی چاككردنی بەشێك لە شەقامەكانی سلێمانی دەست پێدەكەن.
دەشڵێت"هەروەها سەردانی چەند ناوچەیەكی تری شارەكانمان كردووە لە (دهۆك، هەولێر، هەڵەبجە و قەزاكان) و پشت بە خودای گەورە دوای 12ی شەو تەقە لە هەندێك پڕۆژە هەڵدەستێنین (ئەوانەی دەرەقەتی دێین و لە تواناماندا هەیە)."
سەرۆكی نەوەی نوێ كە جوڵانەوەكەی ئۆپۆزسیۆنە لە پەرلەمانی كوردستان، ڕەخنەی تووند لە پارتیو یەكێتیو حیزبەكانی دیكە دەگرێت، ڕووەو ئەوان دەڵێت"هەوڵبدن پارەی نەوت و داهاتی ناوخۆ بۆ خۆتان و داهاتوی منداڵەكانتان كۆبكەنەوە نەك ئیشتان پێیبێت لە داهاتوو. دابەشدكردنی وەزارەتەكانو شەڕەپۆستیشتان لەبیر نەچێت، دەزانم كاتی زۆری لێ گرتوون، خوا فرسەتتان بدات."
شاسوار لەگەڵ نووسینەكەیدا وێنەی چەند شەقامێكی داناوە كە خراپیی ڕێگاكانی تێدا دیارە، نووسیویەتی"ئێمە بودجەی حكومەتمان لا نییە و بیرە نەوتمان نەدزیوە، بەڵام شعورمان هەیە و بەم ئیمكانیەتە كەم و عەقڵە ئەندازیارییە هەوڵی باشتركردن دەدەین، غەم دەخۆین هەندێك ناوچە بە پارەیەكی كەم چاك دەبێتەوە، كەچی هیچ كام لە بەرپرسانی حكومی خۆیان ناكەن بە خاوەن ئەو كەموكورتیانە."
سەرۆكی نەوەی نوێ پێیوایە لە ئەنجامی ئەو كارانەیدا كە بە "كێبڕكێی شەریفانە" ناوی دەبات " هاوڵاتیی سودمەندی یەكەمە"، دەشڵێت"ئێمە سیاسەتكردن لە شەڕە جوێن و شەڕە پەڕۆوە دەگۆڕین بۆ شەڕی خزمەت و خزمەتكاریی هاوڵاتییان."