چاكسازیی بوو بە یاسا؛ خانەنشینی پلە باڵاكان چۆن جێگیر كرا؟

16-01-2020 06:42
دیمەنێك لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمان. وێنە؛ پەیجی پەرلەمان لە فەیسبوك.


پەرەگراف

پڕۆژە یاسای چاكسازیی بە دەنگی 89 پەرلەمانتار پەسەند كراو بوو بە یاسا، فراكسیۆنەكانی پارتی، یەكێتی و گۆڕان دەنگیان بە كۆی پڕۆژەیاساكە دا و هەرسێ‌ فراكسیۆنی كۆمەڵ، یەكگرتوو و نەوەی نوێ بەر لە دەنگدان بە كۆی پڕۆژەیاساكە، دانیشتنەكەی پەرلەمانیان بایكۆت كرد و دەنگیان پێ‌ نەدا.

خەڵكی كوردستان‌و ڕایگشتیی چاویان لەسەر خانەنشینیی پلە باڵاكان بوو، پێنج پێشنیار لەو بارەیەوە هەبوون‌و ئەو پێشنیارە پەسەند كرا كە ڕای لیژنە هاوبەشەكانی پەرلەمانی كوردستان بوو، 84 دەنگی بەدەست هێنا.

مووچەی خانەنشینیی پەرلەمانتارو وەزیرو پلە باڵاكانی دیكە، بەو جۆرە جێگیر كرا كە بە لە سەدا 15 لە كۆی مووچەو دەرماڵەی ئەوەی لە كاتی خزمەتدا وەریدەگرن خانەنشین بكرێن، هەروەها ڕێژەی لەسەدا 1.5 دەخرێتەسەر موچەكەیان بۆ هەر ساڵێكی خزمەت، لەبارەی بڕوانامەكانیشیان بۆ بڕوانامەی ئامادەیی سەدا 1، بڕوانامەی دبلۆم سەدا 2، بەكالۆریۆس لە سەدا 4، دبلۆمی باڵاو ماستەر لەسەدا 6، دكتۆرا لە سەدا 8، دەخرێتەسەر موچەی خانەنشینییەكانیان.

بەكۆی گشتی نابێت مووچەی خانەنشینی پلە باڵاكان، زیاتر بێت لە لەسەدا 50ی ئەو مووچەیەی لەكاتی خزمەت‌و پێش خانەنشین بوون وەریدەگرن.

هەروەها بە مەرجی 15 ساڵ خزمەت‌و تەمەنی 45 ساڵ خانەنشین دەبن، لە یاساكەدا ئەوەش جێگیر كراوە كە ئەو ئەندامانەی پەرلەمان كە خانەنشین بوون ڕەتدەكەنەوە، دەتوانن لە ماوەی 30 ڕۆژدا فۆرمێكی تایبەت پڕبكەنەوەو وەرگرتنی مووچەی خانەنشینیی ڕەتبكەنەوە.

یاساكە مووچەی خانەنشینی دادوەران‌و داواكارانی گشتیی كەمكردەوە كە پێشتر بە لە سەدا سەدی مووچەكانیان خانەنشین دەبن، بەڵام بەپێی ئەوەی ئەمڕۆ پەسەند كرا، نابێ مووچەی خانەنشینییان لەسەدا 70ی مووچەكانیان تێپەڕ بكات.

هەربەپێی یاساكە، بەهەڵوەشاندنەوەی خانشینی بەپلەی وەزیرو بریكاری وەزاەت و راوێژكارو بەڕێوەبەری گشتی و هەر پلەیەكی تایبەت بۆ ئەو پێشمەرگانەی لەریزی بزوتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان بوون پێش 5/3/1991 و وەك رێزلێنانێك مووچەی خانەنشینییان بەو پلانە پێدراوە، هەڵدەوەشێنەوەو بەپێی یاسا بەركارەكان‌و شایستەبوونیان مووچەیان پێدەدرێت.

هەروەها هەموو ئەو كەسانەی كە بەشێوەیەكی نایاسایی یان بەپلەی بەرزتر لەپلەی شایستەی خۆیان خانەنشین كراون یان لەسەر بنەمای ئەژماركردنی نایاسایی ساڵانی خزمەت خانەنشین كراون، هەڵدەوەشێنەوە.

فراكسیۆنەكانی پەرلەمان چی دەڵێن؟

گۆڕان: دەنگمان دا مووچەی خۆمان ببڕدرێت

لە دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكەی پەرلەمان، فراكسیۆنەكان كۆنگرەی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامداو هەڵوێستی خۆیان خستە ڕوو، عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، لەبارەی دەنگدانیان‌و جێگیركردنی خواستەكانیان ڕایگەیاند، دەنگیان داوە بەوەی هیچ كەسێك بە ناشەرعی دوو مووچەی نەبێت، هەروەها هەر هێزێكی ڕێكخراو و ڕێكنەخراو، هی هەر بەرپرس و حیزبێك بێت، دەبێت حیساب و مووچە و ژمێریاریی بچێتەسەر حكوومەت.

"نابێت بەرپرس، لیوا و فەوج و سەدان پاسەوانی هەبێت، دەبێت پاسەوانی بەرپرسانی حكوومی بەپێی یاسا ڕێكبخرێتەوە. سەدان كەس هەن بە پلەی وەزیر و بریكاری وەزیر و لیوا و عەمید و عەقید و ڕاوێژكار بەبێ‌ ئەوەی ساڵی خزمەتیان هەبێت ملیۆنان دۆلاریان بردووە، دەنگمان داوە بەوەی كە نابێت ئەم خانەنشینییە نایاساییە بەردەوام بێت" عەلی وای وت.

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان وتیشی"دەنگمان داوە بەوەی مووچەی شەش ملیۆن و 400 هەزاری خۆمان ببڕدرێت و بخرێتە سەر مووچەی خانەنشینیی. بە بڕگەیەكیش ئەوەمان جێگیر كردووە كە ئەو بازرگانانەی 800 ملیار دیناریان لەلایە و نایدەنەوە بە حكوومەت، دەبێت لێیان وەربگیرێتەوە و لەگەڵ پارەكانی دیكە بۆ پێداچوونەوە بە كەمترین مووچەی فەرمانبەراندا بەكار بهێنرێت".

سەبارەت بە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران، عەلی وتی"جگە لەوەی لە ژمێرەیەكدا جێگیر كراوە، لە یاساكەدا زۆر بە ڕوونی نووسراوە وەزارەتی دارایی ڕێنمایی دەردەكات بۆ مامەڵەكردنی فەرمانبەران و خانەنشینان بەو پارانەوە كە لە ژمێرەكەیاندا هەیە".

نەوەی نوێ: داوامانكرد پلە باڵا خانەنشین نەكرێ

كازم فاروق سەرۆكی فراكسیۆنی نەوەی نوێ، یاساكەی بە "بڕینی پارە بۆ گیرفانی بەرپرس‌و پلە باڵا لەسەر گیرفانی فەقیرو هەژار" ناوبرد، وتی"ئێمە پێشنیارمان كرد خەڵكی فەقیرو هەژار كەمترین موچەی خانەنشینی 500 هەزار بێت. داوامانكرد پلە باڵا خانەنشین نەكرێ‌و دوای تەواوكردنی چوار ساڵەكەی بگەڕێتەوە بۆ كاری پێشوو تری".

كازم فاروق ئەوەشی خستە ڕوو، لەبارەی پاشەكەوتی مووچە داوایان كردووە، مووچەخۆران بەشێكی بدەنەوە بە كرێی خزمەتگوزاریی حكومی ‌و بەشەكەی دیكەشی بە قیست لەگەڵ مووچەكانیان بۆیان بگەڕێندرێتەوە.

یەكگرتوو: لە داهاتوودا كەموكورتییەكانی دەردەكەوێ

ئەبوبەكر هەڵەدنی پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی پێشنیازەكانی فراكسیۆنەكەی خستە ڕوو كە جێگیر نەكران، ئەو هۆكارێكی بایكۆتی كۆبوونەوەكەی بۆ "بێلایەن نەبوونی" دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان گەڕاندەوە.

هەڵەدنی وتی"پێشنیازەكانمان بەركاركردنی یاسای خانەنشینی عێراق‌و یەك یاسایی لەو بوارەدا بوو، هەروەها كەمترن موچەی خانەنشینی بە 400 هەزار جێگیر بكرێ ئەوەش نەكرا، لەگەڵ ئەوەشدا فەرمانبەران سوودمەند ببن لە ئەژمێری بانكییەكە(لەبارەی پاشەكەوتی مووچە)و هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پاشەكەوتی مووچە".

پەرلەمانتارەكەی یەكگرتوو پێیوابوو، لە داهاتوودا كەموكورتییەكانی یاساكە دەردەكەوێ كە "بەپەلە پڕوزێ تێپەڕێندرا‌و خواستی هاوڵاتییان بۆ چاكسازیی ڕیشەیی نەهاتووەتە دی".

كۆمەڵ: دوو پێشنیارمان نەخرابوونە كارنامەوە

عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی، نیگەرانییەكانی فراكسیۆنەكەی خستە ڕوو، سەبارەت بە پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران، وتی، ئەوان داوامان كردبوو كە لەم یاسایەدا جێگیر بكرێت حكوومەتی هەرێم گرەنتی بدات بە گێڕانەوەی، هەروەها پرسێكی دیكە ئەوەبوو نابێت كەمترین مووچەی خانەنشینی لە 400 هەزار كەمتر بێت.

"ئەو دوو پێشنیارەی ئێمە لەلایەن لیژنەی پەیوەندیدارەوە نەخرابووە ناو بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە، لە كاتێكدا بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ هەر پێشنیارێك سێ‌ ئەندام پشتگیری بكات دەبێت بخرێتە بەرنامەی كارەوە. سەبارەت بەو دوو پرسە هەڵوێستمان وەرگرت و هۆڵی پەرلەمانمان بەجێ‌ هێشت".

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ وتیشی "پێمان وایە حكوومەت بەپێی یاسا و قۆناغ بە قۆناغ دەتوانێت پاشەكەوتی مووچە بگەڕێنێتەوە، چونكە بەپێی قسەی سەرۆكی حكوومەت لە 100 ڕۆژی كاركردندا لەسەدا 50 داهاتی ناوخۆ زیادی كردووە، هەروەها بوودجە لە بەغداوە دێت و باج زیاد كراوە و نرخی نەوت بەرز بووەتەوە، بۆیە حكوومەت دەتوانێت هەم پاشەكەوتی مووچە بداتەوە، هەم كەمترین مووچەی خانەنشینی زیاد بكات".

پارتی: دڵخۆشین

ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی، دڵخۆشیی خۆیان خستە ڕوو بەوەی كە لیستی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی پاكدەكرێتەوە. هەروەها ماف و شایستە داراییەكانی فەرمانبەران و زیندانیانی سیاسی و كەسوكاری شەهیدان دەستی بۆ نەبراوە.

"ئەوە هەنگاوی یەكەمەو لە ئایندەدا كاری گەورەترو باشتر لە چاكسازیی دەكرێت، ئەوانەشی دەیانویست پڕۆژەكە بچوك بكەنەوە لە ئیمتیازی كەسی یان لە سوودمەندبوونی پلە باڵكان ئەمڕۆ وەڵامەكەیان بینی‌و ئەوانە لە كەمیندا بوون بۆئەوەی پڕۆژەكە ناشرین بكەن" سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی وای وت.

"ئومێد دەكەین حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵی بگەنە ڕێككەوتن تا فەرمانبەرانی هەرێم هەرچۆنێك بێت بەشێك لەو مووچە پاشەكەوتكراوەكانیان پێ‌ بدرێتەوە" ئومێد خۆشناو وای وت.

یەكێتی: كەمترین مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتار ملیۆنێك‌و 600 هەزارە

جەمال حەوێز، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئەوەی خستە ڕوو، بە جێبەجێ كردنی یاساكە پارەیەكی باش بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە، وتیشی "بۆ یەكەمجارە لە پەرلەمانەوە مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران و پلە باڵاكان كەمدەكرێتەوەو ئەوەش دادپەروەری لە مووچەدا بەرجەستە دەكات، بۆیە وەك فراكسیۆنی یەكێتی پشتیوانی پڕۆژەكە بووین".

لەبارەی مووچەی خانەشنی پەرلەمانتارن و پلە باڵاكانیشەوە، جەمال حەوێز وتیشی، پێشتر پەرلەمانتاران دوای تەواوبوونی ئەركەكەیان بەبێ هەژماری تەمەن و بڕوانامە بە 80% ی مووچە و دەرماڵەكانیان خانەنشین دەكران، بەڵام بەپێی پڕۆژە نوێیەكە بەرزترین خانەنشینی پەرلەمانتاران لە 50% دەبێت، كەمترینیش 15% دەبێت، بۆ نموونە ئەگەر پەرلەمانتارێك پێشتر خزمەتی نەبووبێت و بە 6 ملیۆن و 400 هەزار دینار خانەنشین بووبێت، لەئێستادا بە ملیۆنێك و 600 هەزار دینار خانەنشین دەكرێت، هەروەها بڕوانامەو خزمەت ئاستی مووچەكە بەرزدەكاتەوە، كە ئەوەش دادپەروەرییەكی باش دێنێتە ئاراوە.