وەزارەتی تەندروستیی هەرێم لەبارەی بە قاچاخ ڕۆیشتنی پێكوتەی فایزەر بۆ ئێران ڕوونكردنەوەی دا

21-04-2021 01:49

پەرەگراف

لە وەڵامی گرتەیەكی ڤیدیۆیی ماڵپەڕی (بی بی سی)دا كە تێیدا باس لەوە كراوە "بە قاچاخ، پێكوتەی فایزەر لە هەرێمەوە بۆ ئێران" بردراوە، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان دەڵێت "ئەم ڤیدیۆیە دروست كراوە و هیچ پەیوەندیی بە هەرێمی كوردستانەوە نییە". وەزارەتی تەندروستیی ئێرانیش پێی وایە "دەكرێت ئەو پێكوتانە بە قاچاخ هێنرابنە ئێران".

بەشی فارسیی ماڵپەڕی بی بی سی گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاو كردەوە كە تێیدا كردنەوەی كارتۆنێكی پڕ لە پێكوتەی كۆرۆنا لە جۆری فایزەر دەردەكەوێت. لەوبارەیەشەوە دەڵێت "ئەو زانیارییانەی بە دەستی بی بی سی گەیشتووە، دەری دەخات كە پێكوتەی فایزەر لە كوردستانی عێراقەوە بە قاچاخی هێنراوەتە ئێران".

بی بی سی لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەڵێت "هەركام لەو شوشانەی لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا دەردەكەون، شەش ژەمە پێكوتەی كۆرۆنای تێدایە و لە بازاڕی ڕەشدا بە هەزار دۆلار دەفرۆشرێن".

بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە لەت ئێران و هەرێمی كوردستان كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا. ئێوارەی ئەمڕۆیش وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی لەوباریەوە بڵاو كردەوە.

وەزارەتی تەندروستیی هەرێم جەخت دەكاتەوە كە ئەو بابەتەكە "هیچ ئەسڵ و ئەساسی نییە" و دەڵێت "هیچ فۆرم و مۆرێكی تەندروستسی هەرێم لەسەر ڤاكسینەكانی ڤایزەر بەكار نایەت، چونكە ڕاستەوخۆ ڤاكسینەكە بۆ هەرێمی كوردستان دابین نەكراوە، بەڵكو تەنها لە ڕێگەی وەزارەتی تەندروستیی عێراقی فیدڕاڵەوەیە، بۆیە ئەو كارت و مۆر و فۆڕمە هیچ سەرچاوەیەكی ڕاستی و دروستی نییە".

"جۆرەكانی ئامێری چاودێریكردن و پارامیتەری سەر سندووقەكە و زانیارییەكان، تەواو جیاوازە و هاوشێوەی ئەو جۆرە نییە كە لە هەرێمی كوردستان وەرگیراوە. نوێنەری كۆمپانیای ناوبراو لەگەڵ هەموو سندووقێك لە كاتی گواستنەوە ئامادە دەبن تا دەگاتە سەنتەری بەكارهێنان"، وەزارەتی تەندروستیی هەرێم وا دەڵێت.

هاوكات بابەتەكە لەسەر ئاستی وەزارەتی تەندروستیی ئێرانیش كاردانەوەی لێ‌ كەوتەوە. كیانووش جیهانپوور، وتەبێژی دامەزراوەی خۆراك و دەرمان، لەگەڵ ئەوەی گوتوویەتی كە ناتوانرێت ڕاستی و دروستیی گرتە ڤیدیۆییەكە بسەلمێنرێت، بەڵام نەیشاردووەتەوە كە "دەكرێت ئەو پێكوتانە بە قاچاخی هێنرابنە ئێرانەوە".

بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان، تا ئێستا "نۆ سندووق ڤاكسین لە هەشت سەنتەری هەرێمی كوردستان وەرگیراوە، كە هەر هەموویان جێگا و ڕێگای دابەشكردنی ڕوونە، بە تەواوی داتا و زانیاری و چۆنیەتی دابەشكردنی تۆمار كراوە و بە سیستەمی مەركەزی لەگەڵ بەغدا بەستراوەتەوە".

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی كوردستان دەڵێت "نیگەرانیمان لەوەیە كە هەوڵی تێكدان و دروستكردنی دڵەڕاوكێ لەنێو هاووڵاتیان، تەنها بە مەبەستی ئاژاوە و لەكەداركردنی ئەم پڕۆسە پیرۆزەیە بە مەرامی تێكدانی سیستەمی ناردنی ڤاكسین و دابەشكردنە لە هەرێمی كوردستان، بە ڕادەیەك ئامانج تیایدا نەناردنی ئەم خزمەتگوزارییە مرۆییەیە بۆ هاووڵاتیان".

دووپاتیشی كردووەتەوە كە "لێكۆڵێنەوە و بەدواداچوونمان بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە هۆكار و سەرچاوەی دروستكردنی ئەم ئاژاوەگێڕییە و ڕایگشتی لە هەر دەرەنجامێكی دیكە ئاگادار دەكەینەوە".