بیست ساڵ بەسەر جەنگی ئەفغانستاندا؛ ئایا ئەو هەموو قوربانیدانەی دەویست؟

ئەمریكا و بەریتانیا لەو وڵاتە دەكشێنەوە
21-04-2021 02:43

پەرەگراف

دوای تێپەڕینی 20 ساڵ بەسەر مانەوە لە ئەفغانستان، هێزەكانی ئەمریكا و بەریتانیا لەو وڵاتە دەكشێنەوە، ئەو جەنگەی گۆڕانكاریی تەواوی لەو وڵاتەدا بەدیهێنا.

جۆ بایدن سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ڕایگەیاند، تاوەكو 11 ئەیلولی داهاتوو زیاتر لە دوو هەزار‌و 500 بۆ سێ هەزار 500 سەربازی ئەمریكی لە ئەفغانستان دەكشێنەوە، بەریتانیاش بەهەمان شێوەی ئەو 750 سەربازەی لەو وڵاتە ماوێتی، لەو كاتەدا دەیكشێنێتەوە.

ئەو ڕێكەوتە یادی تێپەڕینی 20 ساڵە بەسەر هێرشەكانی ڕێكخراوی قاعیدە بۆ سەر ئەمریكا كە بووەهۆی دروستبونی جەنگی ئەفغانستان‌و چونە ناوەوەی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان بۆ ئەو وڵاتە و كۆتایهێنان بە دەسەڵاتی بزوتنەوەی تاڵیبان و دەركردنی ڕێكخراوی قاعیدە ئەگەر بۆ ماوەیەكی كاتییش بووبێت.

بایدن دەڵێت "ئێستا كاتی كۆتایهێنانە بە درێژترین جەنگ كە ئەمریكا ئەنجامیداوە".

تێچووی ئەو جەنگە و مانەوەی 20 ساڵی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان لەڕووی ماددی و مرۆییەوە زۆر زۆر بوو، زیاتر لە دوو هەزار و 300 سەربازی ئەمریكی كوژران، زیاتر لە 20 هەزاری دیكەش برینداربوون، لەگەڵ كوژرانی زیاتر لە 450 سەربازی بەریتانی و سەدان سەربازی خاوەن ڕەگەزنامەی دیكە.

لەڕووی ماددیشەوە جەنگەكە تێچوویەكی زۆری هەبوو، بەپێی بەڵگەنامەكانی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا خەرجییە سەربازییەكان لە مانگی تشرینی یەكەمی 2001وە تا مانگی ئەیلولی 2019 زیاتر لە 778 ملیار دۆلار بووە، هاوكات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و ئاژانسی ئەمریكی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی‌و چەند لایەنێكی حكومیی دیكە، زیاتر لە 44 ملیار دۆلاریان بۆ پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە لەو وڵاتە خەرجكردووە.

ئەفغانییەكان قوربانیی سەرەكی جەنگەكە بوون، بەجۆرێك زیاتر لە 120 هەزار مەدەنی و 60 هەزار لە ئەندامانی هێزە ئەمنییەكان كوژران، زیانێكی زۆری ماددیش بەر وڵاتەكە و هاوڵاتییەكانی كەوت.

پرسیاری سەرەكی ئەوەیە ئایا جەنگەكە ئەو هەموو قوربانییە مرۆیی و ماددییەی دەهێنا؟

سەرەتای چیرۆكەكە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1996-2001 كاتێك گروپێكی چەكداری تیرۆریستی بە سەركردایەتی ئوسامە بن لادن بەناوی قاعیدە، لە چەند ناوچەیەكی ئەفغانستان بوونی خۆیان سەلماند و بنكەی ڕاهێنانیان دامەزراند.

گروپەكە زیاتر لە 20 هەزار سەربازی لە وڵاتانی جیهانەوە كۆكردەوە، ڕاهێنانی چڕیان ئەنجامدەدا، گازی ژەهراوییان لەسەر سەگ تاقیدەكردەوە، ساڵی 1998 دوو كردەوەی تیرۆریستییان بۆسەر باڵیۆزخانەكانی ئەمریكا لە كینیا و تەنزانیا ئەنجامدا، زیاتر لە 224 كەس كوژران كە زۆرینەیان هاوڵاتی مەدەنیی ئەفریقی بوون.

شوێنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە نایرۆبی پایتەختی كینیا دوای تەقینەوەكە

قاعیدە لە چالاكییەكانی بەردەوام بوو، لە ئەفغانستانیش ڕوبەڕوی هیچ ڕێگرییەك نەدەبونەوە، چونكە لەلایەن حكومەتی ئەو وڵاتەوە پارێزگاری دەكران، كە لەژێر دەستی بزوتنەوەی تاڵیباندا بوو.

بزوتنەوەی تاڵیبان لە ساڵی 1996وە دەستی بەسەر تەواوی ئەفغانستاندا گرتبوو، ئەوەش دوای كشانەوەی سوپای سوری سۆڤیەت لەو وڵاتە و چەند ساڵێك شەڕی ناوخۆ.

ئەمریكا بە هاوكاری سعودیە هەوڵیدا تاڵیبان قایل بكات تاوەكو قاعیدە لەو وڵاتە دەربكات، بەڵام بزوتنەوەكە ڕەتیكردەوە، دوای هێرشەكانی 11 ئەیلول جارێكی دیكە داوا لە بزوتنەوەكە كرا بەرپرسانی هێرشەكە ڕادەست بكات، ئەوەشیان ڕەتكردەوە.

دوای مانگێك هێزێكی دژە تاڵیبان بەپشتگیری ئەمریكا و بەریتانیا بەناوی هاوپەیمانی باكور دروستبوو، هێرشیان بۆسەر كابول ئەنجامدا و تاڵیبانیان لە دەسەڵات دەركرد، چەكدارانی قاعیدەش بەرەو سنورەكانی پاكستان هەڵهاتن.

سەرچاوە ئەمنییەكان دەڵێن، لەو كاتەوە هیچ هێرشێكی فراوانی نێودەوڵەتی لە ئەفغانستانەوە بەسەركەوتوویی ئەنجام نەدراوە و پلانی بۆ دانەنراوە، بۆیە بەپێی پێوەرەكانی ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆری نێودەوڵەتی دەتوانن بڵێن، بونی هێزە ئەمنییەكانی هاوپەیمانان سەركەوتوو بووە و ئامانجەكانی خۆی پێكاوە.

دوای تێپەڕینی 20 ساڵ هێشتا ئاشتی و ئاسایش لە وڵاتەكە بەرقەرار نییە، ساڵی 2020 زۆرترین هاوڵاتی مەدەنی بە بۆمبی چێندراو بەراورد بە وڵاتانی دیكە لە ئەفغانستان كوژراون، ڕێكخراوەكانی قاعیدەو دەوڵەتی ئیسلامی و گروپە چەكدارەكانی دیكە كۆتاییان نەهاتووە و ناوبەناو چالاكییان هەیە، چونە دەرەوەی هێزەكانی وڵاتانی ڕۆژئاواش ئەگەری دووبارە گەشەكردنەوەی ئەو گروپانە زیاتر دەكات.

دوای چەند گەڕێكی گفتوگۆی ئاشتیی نێوان ئەمریكا و بزوتنەوەی تاڵیبان كە لە قەتەر ئەنجامدرا، پێشبینی دەكرێت بزوتنەوەكە لە داهاتووی ئەفغانستاندا ڕۆڵی دیار و چالاكی هەبێت.

جەنراڵ ئارسیل نیك كارتەر سەرۆك ئەركانی سوپای بەریتانیا كە ماوەیەك لە ئەفغانستان كاریكردووە، دەڵێت "كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كۆمەڵگەیەكی مەدەنیی لەوێ بنیادناوە، ئەوەش گۆڕانكاریی كردووە لە جۆری ئەو حوكمەی تاڵیبان لەوێ دەیەوێت، ئێستا دۆخەكە زۆر لە ساڵی 2001 باشترە، بزوتنەوەی تاڵیبانیش زۆر كراوەترە".

بەڵام ساجان گوهیڵ لە دامەزراوەی ئاسیا و زەریای هێمن، ڕەشبینە بەرامبەر دۆخەكە و پێیوایە مەترسییەكی جدی هەیە كە ئەفغانستان جارێكی دیكە ببێتەوە بە سەرزەمینێك بۆ گەشەی توندوتیژی هاوشێوەی نەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو، چەند ئاژانسێكی هەواڵگریی ڕۆژئاواش هەمان ترسیان هەیە.

بەڕای گوهیڵ، ڕوودانی ئەوە یاخود ڕوونەدانی، دەكەوێتەسەر دوو بابەت، یەكەمیان توانای بزوتنەوەی تاڵیبان كە تا چەند ڕێگە بەوە دەدات، دووەمیش هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بزوتنەوەكە.