لەسێدارەدان لە 2020دا؛ لە عێراق ڕێژەکە دابەزیوەو لە میسر بەرزبووەتەوە

21-04-2021 05:45

پەرەگراف

ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی) لەڕاپۆرتی ساڵانەیدا لەبارەی سزای لەسێدارەدان لە جیهاندا دەڵێت، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا زۆرترین سزای لەسێدارەدانیان لە 2020 جێبەجێكردووە.

ئێران و میسر، عێراق و سعودیە، پێشەنگی ئەو لیستەی ئەمنستییان گرتووە كە لەبارەی جێبەجێكردنی سزای لە سێدارەدان لە وڵاتانی جیهان بڵاویكردۆتەوە، بەجۆرێك 88% ئەو كەسانەی لە ساڵی ڕابردوودا لەسێدارە دراون، لەو چوار وڵاتە سزاكەیان بەسەردا جێبەجێكراوە.

كۆی گشتی ئەوانەی لەسێدارەدراون 483 كەسن، كە 437یان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقان.

لەئێران زیاتر لە 246 حاڵەت و لە میسر زیاتر لە 107 حاڵەت، هەروەها لە عێراق 45 و لە سعودیە 27 حاڵەت، ئامارەكانی سزای لەسێدارەدانە لەو چوار وڵاتەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا.

لیستەكە ئاماژەی بە وڵاتی چین نەكردووە كە بەپێی پێشبینییەكان ساڵانە زیاتر لە هەزار كەس لەسێدارە دەدات، بەوەش بۆتە ئەو وڵاتەی زۆرترین لەسێدارەدانی تێدا جێبەجێ دەكرێت.

هبە مەرایف بەڕێوبەری نوسینگەی هەرێمیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقای ئەمنستی دەڵێت "بەدرێژایی ساڵی 2020 وڵاتانیناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكور ئەفریقا، سوربونێكی مەترسیداریان هەبوو بۆ جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان، تەنانەت لەوساڵەشدا كە هەموو هەوڵی وڵاتانی جیهان بۆ پاراستنی خەڵك بوو لە ڤایرۆسێكی كوشندە".

ڕێژەی لەسێدارەدان كەمیكردووە

بەپێی ئامارەكان، جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو بەڕێژەی 25% كەمیكردووە، بەجۆرێك ساڵی 2019 لەو وڵاتانە 579 كەس لەسێدارە دراون، بەڵام لە 2020 ژمارەكە كەمبۆتەوە بۆ 437 كەس.

لەسەر ئاستی جیهانیش ئەو حاڵەتی لەسێدارەدانانەی ئەمساڵ تۆماركراون، كەمترینن لە دەیەی ڕابردوودا، بەتایبەت بەراورد بە ساڵی 2015 بەڕێژەی 70% كەمیكردووە، كە لەو ساڵەدا گەیشتە لوتكە و 1634 كەس لەسێدارەدران.

زۆرینەی دابەزینەكە لە سعودیە بووە كە بەڕێژەی 85% جێبەجێكردنی سزاكە كەمیكردووە، لەعێراقیش جەجێكردنی لەسێدارەدان بەڕێژەی50% دابەزیوە.

لە میسر دۆخەكە پێچەوانەیە و سێ هێندە لەسێدارەدان زیادیكردووە، بەجۆرێك لە ساڵی 2019 ژمارەی ئەو كەسانەی لەسێدارەدراون 32 كەسبوون، بەڵام ساڵی ڕابردوو بەرزبۆتەوە بۆ 107 كەس.

بەپێی ڕاپۆرتەكەی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، دەسەڵاتدارانی میسر لە دوو مانگی تشرینی یەكەم و دووەمی 2020، 57 كەسیان لەسێدارەداوە كە نزیكەی دوو هێندەی ئەو كەسانەیە كە لە ساڵی پێشتردا ئەو سزایە دراون، بەوەش میسر چۆتە پلەی سێهەم لەسەر ئاستی جیهان بۆ جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدان و لەدوای چین و ئێرانەوە دێت و شوێنی سعودیەی گرتۆتەوە.

ئێران كە یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرترین سزای لەسێدارەدانی تێدا جێبەجێ دەكرێت و لەدوای چینەوە لە پلەی دووەمدایە، زیاتر لە 246 كەسیلەسێدارەداوە.

ئەمنستی لە ڕاپۆرتەكەدا نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە بەوەی قەتەر دوای 20 ساڵ سزای لەسێدارەدانی بەسەر هاوڵاتییەكی نیپاڵیدا جێبەجێكردووە، هەروەها لە شانشینی عومان لەدوای ساڵی 2015وە چوار كەسیان لەسێدارەداوە.

وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا لە ساڵی ڕابردوودا تاكە وڵات بوون كە ژنیان لەسێدارەداوە، بەجۆرێك لەكۆی 16 حاڵەتی لەسێدارەدانی ژنان، چوار لە میسر و نۆ لە ئێران بووە، هەروەها دوو حاڵەت لە سعودیە و ژنێكیش لە عومان لەسێدارەدراوە.

هبە مەرایف ئاماژە بەوە دەكات، هەرچەندە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو سزای لەسێدارەدان لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا كەمیكردووە، بەڵام هێشتا چەند هێندە لەپێش وڵاتانی دیكەی جیهانەوەن بەدەر لە چین.

ئەوەی جێی نیگەرانی ڕێكخراوەكەیە، بەشێكی سزاكانی لەسێدارەدان بەهۆكاری سیاسی جێبەجێ دەكرێن، دادگایكردنی ئەو كەسانە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەكان بەڕێوە ناچێت، تەنانەت بەشێكی ئەوانە بە هۆكارێك لەسێدارە دەدرێن كە هەر بەتاوان دانانرێت.

 

لەكۆی ئەو 107 كەسەی لە میسر لەسێدارەدراون، 23 كەسیان بەهۆكاری سیاسی بووە، بەشێكیان لەدادگایەكی شكڵیی و بەزۆرەملێدانیان بەو تۆمەتانە ناوە كە ئاڕاستەیان كراوە، ئەمە جگە لەوەی ڕوبەڕوی ئەشكەنجە بونەتەوە.

 

هاوكات لە ئێران سێ كەس لەوانەی لەسێدارە دراون، تاوانەكەیان كاتێك ئەنجامداوە كە تەمەنیان خوار 18 ساڵ بووە، ئەوەش پێشێلكردنییاسا نێودەوڵەتییەكانە.

 

ئامارەكانی ڕاپۆرتەكە، جێبەجێكردنی سزای لەسێدارەدانی لە چین و سوریا و كۆریای باكور و ڤێتنام تێدا نییە، چونكە لەو وڵاتانە زۆر بەنهێنی سزاكە جێبەجێ دەكرێت و زانیاری لەبارەیانەوە بڵاوناكرێتەوە.