ھیومان ڕایتس ۆوچ ڕەخنەی توند لە ھەرێمی کوردستان دەگرێت لەبارەی سزادانی ڕۆژنامەنووس و چالاکانی بادینان

22-04-2021 07:08

پەرەگراف

"پڕۆسەی دادگایکردنی ئەم کەسانە لە دادگای تاوانەکانی هەولێر پێشێلکاری یاسایی و دەستتێوەردانی سیاسی زۆری تێدا بوو. دەبێت ئەوبەرپرسانەی لە بڕیاری پێداچوونەوەی کەیسەکان بڕیاریان هەیە ئەم پێشێلکارییانە ڕەچاو بکەن لە کاتی بڕیاردان لە پێداچوونەوەی کەیسەکان" ئەمە بەشێکە لە ڕاپۆرتێکی ئەمڕۆی ڕێکخراوی ھیومان ڕایتس ۆوچ لەبارەی سزادانی ڕۆژنامەنووس و چالاکانی بادینان.

ئەو ڕێکخراوە کە چاودێریی دۆخی مافی مرۆڤ دەکات لە سەرتاسەری دونیادا، ڕەخنەش لە وتەکانی مەسرور بارزانی دەگرێت کە بەرلەدادگاییکردنیان دەستگیرکراوەکانی بە تاوانبار لەقەڵەمداو وتی، "ئەوانە ڕۆژنامەنووس و چالاکوان نین و سیخوڕ و ئاژاوەگێڕ بوون"، هیومان ڕایتس ۆوچ دەڵێت "ئەم وتەیە بە ماوەیەکی کەم بەرلەدەستپێکردنی دادگایکردنەکان دەستتێوەردانێکی سیاسی نەشیاوە لە ئاستێکی باڵا لەکەیسەکان و پێشيلکارییە لە ئەگەری بێتاوانی بەرگریکاران".

بەڵقیس وویڵی، توێژەری باڵای جەنگ و قەیران لە هیومان ڕایتس ۆوچ، دەڵێت "پڕۆسەی دادگایکردنی پڕکەموکورتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق شتێکی نوێ نیە. بەڵام، پشتگوێخستنی سەرەتایترین پرنسیپەکانی دادگایکردنێکی دادگەرانە بۆ سزادانی خەڵک بەهۆی ئەوەی گوایەپلانیان داڕشتووە بۆ ڕێکخستنی خۆپیشاندان ئاست نزمییەکی نوێ و لەڕادەبەدەر دەردەخات".

وویڵی وتیشی "سەپاندنی ئەم سزایانە تەنها ناوبانگی خراپی هەرێمی کوردستان خراپتر دەکات وەک ناوچەیەک کە تێیدا خەڵک ڕووبەڕووی دادگایکردنی نادادپەروەرانە دەبنەوە بەهۆی ڕەخنەگرتنیان لە سیاسەتەکانی حکومەت و دەربڕینی نیگەرانیەکانیان دەربارەی نوخبەسیاسیەکان".

دەقی ڕاپۆرتەکەی ھیومان ڕایتس ۆوچ

(بەیروت)— هیومان ڕایتس ۆوچ لە ڕاپۆرتەکەی ئەمڕۆیدا ڕایگەیاند، لە ١٦ی شوباتی ٢٠٢١، دادگایەکی هەرێمی کوردستانی عێراق لەپرۆسەیەکی پڕ لە کەموکورتیدا سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر سێ ڕۆژنامەوان و دوو ‌‌‌چالاکواندا سەپاند. بەرپرسان هێشتا دوو کەسیتریان لە زیندان ئازاد نەکردووە سەرەڕای بڕیاری دادگا لە نەبوونی بەڵگەی تەواو بۆ دادگایکردنیان. هیومان ڕایتس ۆوچ لەم کاتەداتۆێژینەوەکەی لەسەر دادگایکردنەکان بڵاودەکاتەوە لەبەرئەوەی ئەگەری زۆر هەیە لە دەرکردنی بڕیاری پێداچوونەوەی کەیسەکان لەلایەندادگای پێداچوونەوەوە.

پرۆسەی دادگایکردنی ئەم کەسانە لە دادگای تاوانەکانی هەولێر پێشێلکاری یاسایی و دەستتێوەردانی سیاسی زۆری تێدا بوو. دەبێت ئەوبەرپرسانەی لە بڕیاری پێداچوونەوەی کەیسەکان بڕیاریان هەیە ئەم پێشێلکارییانە ڕەچاو بکەن لە کاتی بڕیاردان لە پێداچوونەوەی کەیسەکان.

بەرپرسانی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک لە هەرێمی کوردستان هەستان بە دەستگیرکردنی دوو پیاو لە مانگی ئابی ٢٠٢٠ لەگەڵدەستگیرکردنی پێنچ کەسی تر لە مانگی تشرینی یەکەم بە بیانووی پلاندانان بۆ ڕێکخستنی خۆپیشاندانی بێ مۆڵەت. لە مانگی مایستاوەکو تشرینی یەکەم، چالاکوانان و مامۆستایان لە ناوچەی دهۆک هەستان بە ئەنجامدانی چەند خۆپیشاندانێک بۆ داواکردنی موچەکانیان؛ کە لەلایەن بەرپرسانەوە دواخرابوو.

بەڵقیس وویڵی، توێژەری باڵای جەنگ و قەیران لە هیومان ڕایتس ۆوچ، ووتی، "پرۆسەی دادگایکردنی پرکەموکورتی لە هەرێمی کوردستانیعێراق شتێکی نوێ نیە. بەڵام، پشتگوێخستنی سەرەتایترین پرنسیپەکانی دادگایکردنێکی دادگەرانە بۆ سزادانی خەڵک بەهۆی ئەوەی گوایەپلانیان داڕشتووە بۆ ڕێکخستنی خۆپیشاندان ئاست نزمییەکی نوێ و لەڕادەبەدەر دەردەخات."

پارێزەرێک، ناسیاوی یەکێک لە دەستگیرکراوەکان، لەگەڵ سەرچاوەیەکی تری سەربەخۆ کە لە پرۆسەی دادگایکردنەکاندا ئامادەبوون چەند زانیاریەکیان لەسەر پرۆسەکە باسکرد کە جێگەی نیگەرانی بوو.

ئەو ڕۆژنامەنوسانەی سزادران پێکهاتبوون لە ئەیاز کەرەم بروشکی، گۆهدار محەمەد زێباری، لەگەڵ شیروان ئەمین شیروانی. دووانەکەی تر،شڤان سەعید عومەر بروشکی و هەریوان عیسا ئەحمەد کە دوو چالاکوانن بەردەوام ڕەخنە لە کارەکانی حکومەت دەگرن و داوای چاکسازی دەکەن.

هەر پێنچ کەسەکە لە دادگایکردنێکی هاوبەشدا سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا بەپێی ماددەکانی ٤٧ و ٤٨ و ٤٩ ی یاسای سزادانی عێراقی و ماددەی ١ی یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣ و ماددەی ١٥٦ی هەموارکراوی یاسای سزادانی عێراقی ؛ کە کاری بەئەنقەست بۆ دروستکردنی مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری دامەزراوەکانی حکومەت بە تاوان دەکات. دەستگیرکراوەکان داوایان بۆ پێداچوونەوەی بڕیارەکەی دادگای تاوانەکان پێشکەشکردووە.

هەروەها سێ سەرچاوەکە ووتیان کە حکومەت بەڵگەی پێویستی لە دژی دوو کەسی تر بەناوەکانی بەدەل بەرواری چالاکوان و ئومێد حاجی ڕۆژنامەنووس نەخستۆتەڕوو بۆ سزادانیان و کەیسەکانیانی گەڕاندۆتەوە بۆ دادگای لێکۆڵینەوە. بەڵام، بەرپرسان هێشتا ئازادیان نەکردوون لەکاتێکدا لە چاوەڕوانی داواکارانن بۆ پێشکەشکردنی بەڵگە لەدژیان.

سەرچاوەکان ووتیان شیروانی کە لە ٧ی تشرینی یەکەم دەستگیرکرا بۆماوەی یەک هەفتە ڕێگەی هیچ جۆرە پەیوەندییەکی بە جیهانی دەرەوەپێنەدراوە لە زینداندا. ناسیاوێکی شڤان بروشکی ووتی لە پاش ئەوەی هێزە ئەمنیەکان دەستگیریان کردووە لە ماڵەکەیدا لە ٢٣ ی تشرینی یەکەم، خێزانەکەی بۆ ماوەی دوو مانگ هەوڵیان داوە سۆراخ و شوێنی دەستگیرکردنی بزانن. لە کۆتایدا، ڕيگەی پێدراوە تەلەفۆن بۆ هاوسەرەکەی بکات و پێی بڵێ کە لەلایەن ئاسایشیحکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە هەولێر دەستبەسەرە. سێ سەرچاوەکە ووتیان کەهەر حەوت کەسەکە بۆماوەی چەندین مانگ لەکاتی زیندانیدا پارێزەریان نەبووە، بەوکاتانەشەوە کە لێکۆڵینەوەیان لەلایەن ئاسایشەوە لەگەڵ کراوە و لەبەردەم دادوەری لێکۆڵەر کەیسەکانیان بیستراوە.

لە مانگی مارس، لە پاش ئەوەی ڕێکخراوی کۆمیتەی پارێزگاریکردن لە ڕۆژنامەنوسان ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و تێیدا نیگەرانی لەبەرامبەر کەیسی دادگایکردنی دوو لە پیاوەکان دەربڕی، دیندار زێباری ڕێکخەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داکۆکیکردنی نێودەوڵەتی لەئیمەیڵێکدا لە ١٤ی مارس وەڵامی ڕاپۆرتەکەی دایەوە و وەڵامەکەی بۆ هیومان ڕایتس ۆوچیش نارد کە تێیدا گووتی، " ئەوان [شیروانی وزێباری] پارێزەریان هەبووە لەکاتی چاوەڕوانی دادگایکردندا."

بەڵام، سێ سەرچاوەکە ئەم بانگەشەیەی زێباریان ڕەتکردەوە و ووتیان کە بەرپرسان بۆ یەکەم جارو تەنها بۆماوەی چەند خولەکێک ڕيگەیان بەپاريزەرەکان داوە قسەیان لەگەڵ بکەن بەر لە دەستپێکردنی دانیشتنەکانی دادگا لە بەرواری ١٥ و ١٦ شوبات. هەروەها ووتیشیان کەدەستگیرکراوان زۆر بەکەمی ڕێگەیان پێدراوە خێزان و کەس و کاریان ببینن و تەنها یەک جار ڕێگەیان پێدراوە کە کەس وکاریان ببینن بۆماوەی چەند خولەکێک لە سەرەتای دەستگیرکردنیانەوە. ناسیاوێکی شڤان بروشکی ووتی کە باوکی ڕيگەی پێدراوە یەک جار بۆماوەی پێنج خولەک سەردانی بکات لە کانوونی دووەم بەڵام ئەفسەرانی ئاسایش لەناو ژوورەکەدا بوون لەکاتی سەردانەکەدا.

پارێزەرەکە وتی، خۆیی و چەند پارێزەرێکی تر کە بەرگریان لە کەیسی پیاوەکان کردووە هەوڵی وەرگرتنی فایلەکانیان داوە بەرلەدەستپێکردنی دادگایکردنەکان، بەڵام ئاسایش ڕەتی کردۆتەوە کە فایلەکانیان ڕادەستی پاريزەرەکان بکات سەرەڕایی نامەی دادگا لەپێدانی مۆڵەت بۆ وەرگرتنی فایلەکان لە ئاسایش. ئەو ووتی، تەنها حەوت ڕۆژ بەر لە دەستپێکردنی پرۆسەی دادگایکردنەکە، پارێزەرەکان ڕۆژی دەستپێکردنی دادگایکردنەکەیان پێگوترا. پارێزەرەکە ووتی، "پێمان گوترا کە دادوەر نەخۆشەو دەبێت چاوەڕوانی دواخستنی دادگایکردنەکە بکەین، بەڵام لە ناکاو ڕۆژی دادگایکردنەکە ڕاگەیەنراو هیچ کەسمان خۆمان ئامادە نەکردبوو." ناسیاوەکەی بروشکی ووتیشی، کە خێزانەکەی بروشکی نەیانتوانی ئامادەی دادگایکردنەکە بن لەبەرنەبوونی کاتی پێویست.

هەروەها ناسیاوەکەی بروشکی وتی، کاتێک ئەندامانی هێزەکانی ئاسایش بروشکییان دەستگیرکرد، بە بەرچاوی خێزانەکەیی ومنداڵەکانیەوە لێیاندا. پارێزەرەکە ووتی، لەکاتی دادگایکردنەکەدا، شێروانی نەیدەتوانی بەپێوە بووەستێ، دەردەکەوت بەهۆی برینداری جەستەییەوەیە. ئەو بە دادوەری ووت کە هێزەکانی ئاسایش هەڕەشەیان لێکردووە، هەروەها هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسیان بۆسەر هاوسەرەکەی و دایکی کردووە ئەگەر نوسراوی دانپێدانانەکە واژوو نەکات. ئەو ووتی، "دادوەر هیچ وەڵامێکی نەدایەوە تەنانەت کاتێک دەیبینی کە ناتوانێت بەپێوە بووەستێت."

پارێزەرەکە و سەرچاوە بێلایەنەکە ووتیان دادوەر و داواکاران بەردەوام و دووبارە باسی زانیارییان "لە سەرچاوەی نهێنیەوە" دەکرد کە گوایە دەستگیرکراوان سیخوڕن، بەڵام هیچ لەم سەرچاوانە لە دادگادا ئامادەنەبوون. لەبەرئەوەی ئەم سەرچاوانە لەبەردەم دادگا ئامادەنەبوون، پارێزەرانی بەرگریکار چانسی ئەوەیان نەبوو کە پرسیاریان لێبکەن لێکۆڵینەوە لە ڕاستی ووتەکانیان بکەن. هەردوو سەرچاوەکە کە لەدادگایکردنەکەدا ئامادەبوون ووتیان کە ئەفسەرێکی ئاسایش کە بەشێک نەبوو لە تیمی داواکاران ناوە ناوە هەڵدەستاو دەستی بەرزدەکردەوە؛ پاشان دادوەر ڕێگەی پێدەدا کە بەڵگەی نوێ بخاتە ڕوو کە پارێزەرانی بەرگریکار پێشترو بەهیچ شيوەیەک ئەو بەڵگانەیان نەبینی بوو. دادوەر ڕێگەی بە پارێزەرانی بەرگریکار نەدەدا پرسیاری لێبکەن و لێکۆڵینەوە لە ڕاستی ووتەو بەڵگەکانی بکەن.

هەرسێ سەرچاوەکە نیگەرانیان دەربارەی پاشکۆیی تۆمەتەکان لەدژی بەرگریکاران دەربڕی. بۆ نموونە، ئەو دوو سەرچاوەیەی ئامادەی دادگایکردنەکە بوون ووتیان کە ئەندامەکەی ئاسایش ئاماژەی بە وێنەیەک دەکرد کە شێروانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پۆستی کردبوو لەگەڵ ژێرنووسێک کە دەڵێت گەشتی ئاسمانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان کە بۆماوەیەک هەڵپەسێردرابوو دەستی پێکردۆتەوە و ئەندامەکەی ئاسایش جەختی دەکردەوە کە ئەمە بەڵگەیە بۆئەوەی کە شێروانی سیخوڕ بووە.

هەرسێ سەرچاوەکە ووتیان کە زۆرینەی ئەو بەڵگانەی لەلایەن داواکاران و نوێنەرێکی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان خرانە ڕوولەکاتی دادگایکردنەکەدا گریمانەبوون و لەسەربنەمای بەڵگەی ڕاستەقینە نەبوون و پارێزەرانی بەرگریکار ڕێگەیان پێنەدرا پێداچوونەوەیان بۆبکەن.

لە ١٦ی نیسان، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان نیگەرانی لەبارەی دادگایکردنەکانەوە دەربڕی.

ئاسۆس هەردی کە ڕۆژنامەنوسێکی ناودار و چالاکوانێکی مافەکانی میدیاکارانە ووتی کە ئەو لەو باوەڕەدایە هەر حەوت کەسەکەدەستگیرکراوون و دادگایکراون و بەندکراون تەنها لەبەرئەوەی هەوڵی خۆپیشاندانیان لەدژی حکومەتی هەرێم داوە:

"یاسایەک هەیە کە گرەنتی مافی ئەنجامدانی خۆپیشاندان دەدات، ئەگەر ئەو یاسایەیان پێشێلکردووە، دەبێت بەپێی ئەو یاسایە دادگایی بکرێن،" ئەو ووتی. "یان ئەگەر پێشێلی یاسای ڕۆژنامەوانیان کردووە وەک ڕۆژنامەنووس، دەبێت بەپێی ئەو یاسایە دادگایبکرێن. هیچ هۆکارێک نیە لەپشت ئەوەی کە ئەم کەسانە تاوانبار بکرێن بە هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی هەرێمەکە بەهاوکاری لایەنی دەرەوە. داواکاران هیچ بەڵگەیەکی ڕاستەقینەیان بۆ ئەو تۆمەتە نەخستۆتەڕوو. لە کۆتایدا، ئەم دادگایکردنە ئەوە دەسەلمێنێ کە پارێزگاریکردن لە ئازادی ڕادەربڕین چەندە کەمبۆتەوەو هاتۆتە خوارەوە لە هەرێمی کوردستان."

هەروەها هەرسێ سەرچاوەکە نیگەرانیان لەسەر دەستتێوەردانی سیاسی خستەڕوو. زێباری لە ئیمەیڵەکەی مانگی مارسیدا ووتی کە دادگاسەربەخۆیە لە حکومەت و سیاسی نیە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهیچ شێوەیەک دەستتێوەردانی لە پرۆسەکەدا نەکردووە. بەڵام،هەفتەیەک بەرلە دادگایکردنەکە، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ووتی کەدەستگیرکراوان "نە چالاکوانن و نە ڕۆژنامەنووسن." هەندێکیان سیخوڕ بوون و سیخوڕییان بۆ ووڵاتانی تر کردووە....هەندێکی تریان ئاژاوەگێڕبوون." هیومان ڕایتس ۆوچ ووتی، ئەم ووتەیە بە ماوەیەکی کەم بەرلە دەستپێکردنی دادگایکردنەکان دەستتێوەردانێکی سیاسی نەشیاوە لە ئاستێکی باڵا لە کەیسەکان و پێشيلکارییە لە ئەگەری بێتاوانی بەرگریکاران.

پارێزەرەکە ووتی کە تیمەکەی چاوەڕوانی وەڵامی دادگای پێداچوونەوەن بۆ داواکەیان لە پێداچوونەوەی کەیسەکان. ئەو بەرپرسانەی حکومەت کە بڕیاریان هەیە لە داوای پێداچوونەوەی کەیسەکان دەبێت ڕەچاوی هەموو ئەو پێشيلکاریانە بکەن کە لە پرۆسەی دادگایکردنەکاندا کراوەلەکاتی بڕیاردان لەوەی کە داوای پێداچوونەوەکە پەسەند بکەن یان پشتگیری بڕیارەکەی دادگای تاوانەکان بکەن.

وویڵی ووتی، "سەپاندنی ئەم سزایانە تەنها ناوبانگی خراپی هەرێمی کوردستان خراپتر دەکات وەک ناوچەیەک کە تێیدا خەڵک ڕووبەڕوویدادگایکردنی نادادپەروەرانە دەبنەوە بەهۆی ڕەخنەگرتنیان لە سیاسەتەکانی حکومەت و دەربڕینی نیگەرانیەکانیان دەربارەی نوخبەسیاسیەکان."