دووبارە ئاگربەست لە قامیشلۆ "شكێندرا"؛ پێشڕەوییەكانی ئاسایشی ڕۆژئاوا بەكوێ‌ گەیشتووە؟

23-04-2021 07:53

پەرەگراف

پاش سێ‌ ڕۆژ شەڕ و پێكدادانی نێوان ئاسایشی ڕۆژئاوای كوردستان و هێزەكانی بەرگریی نیشتمانیی سەر بە حكوومەتی سووریا لە قامیشلۆ، بە نێوەندگیریی ڕووسیا بۆ دووەم جار ئاگربەستی كاتی ڕاگەیەندرا، بەڵام دووبارە ئاگربەستەكە "شكێندراوە". لەم چەند ڕۆژەدا ئاسایشی ڕۆژئاوا دەستی بەسەر چەندین پێگەی هێزەكانی سەر بە بەشار ئەسەددا گرتووە.

ئاگربەستەكە لە ئێوارەی ئەمڕۆ چووە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام ئاژانسی هەواڵی هاوار بڵاوی كردەوە كە چەند كاتژمێرێك لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست، هێزەكانی بەرگریی نیشتمانیی سەر بە حكوومەتی سووریا "لە دووڕیانی حەلكۆ لە قامشلۆ، پەلاماری هێزەكانی ئاسایشیان داوەتەوە".

بەگوێرەی ئاژانسەكە، ئەو هێزانە "بە چەكی سووك ‌و مامناوەند (ئاڕ بی جی)، هێرشیان كردووەتە سەر خاڵێكی هێزەكانی ئاسایش، بەڵام هێزەكانی ئاسایش هیچ وەڵامێكیان نەداونەتەوە".

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، دەربارەی ئەو ئاگربەستەكە دەڵێت "بە ناوبژیوانی و گەرەنتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات و هێزەكانی ڕووسیا، لەسەر ئاگربەست لە گەڕەكی تەی لە شاری قامیشلۆ ڕێككەوتین. ئاگربەستەكە لە كاتژمێر 7ی ئێوارەی ڕۆژی هەینی 23ی نیسان هەتاكوو كاتژمێر 10ی بەیانیی ڕۆژی شەممە 24ی نیسان بەردەوام دەبێت".

بەپێی ڕاگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە ماوەی ئەم ئاگربەستە كاتییەدا گفتوگۆ بەردەوام دەبێت تا لەسەر بەندەكانی ئاگربەستی تەواو دەگەنە ڕێككەوتن.

لە دوای سەرهەڵدانی شەڕ لە شەوی 20ی ئەم مانگەوە، ئەمە دووەم جارە كە ئاگربەست بە نێوەندگیریی ڕووسیا ڕادەگەیەندرێت، بەپێی ئاژانسی هاوار هەردوو جارەكە ئاگربەست لەلایەن هێزەكانی بەرگریی نیشتمانیی سەر بە حكوومەتی سووریاوە پێشێل كراوە.

بە درێژایی ئەمڕۆ شەڕی سەخت لە گەڕەكی تەی لە شاری قامیشلۆ كە هێزەكانی بەرگریی نیشتمانیی سەر بە حكوومەتی سووریای تێدا جێگیرە، بەردەوام بوو. هێزەكانی ئاسایشی ڕۆژئاوای كوردستان تا ناوەندی گەڕەكەكە پێشڕەوییان كردووە و چەند خاڵ و بارەگایەكی ئەو هێزانەیان كۆنترۆڵ كردووە.

كاتژمێر 10ی شەوی 20-4-2021 لە خاڵێكی پشكنینی هێزەكانی ئاسایشی ڕۆژئاوای كوردستان شەڕ و پێكدانان لە نێوان ئاسایشی بازگەكە و هێزەكانی بەرگریی نیشتمانیی سەر بە حكوومەتی سووریا دروست بوو. بەهۆیەوە شەڕڤانێك شەهید و ژمارەیەك كەسیش بریندار بوون.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی هاوار، شەوی چوارشەممە لە فولكەی وەحدەی شاری قامشلۆ، هێزەكانی بەرگریی نیشتمانی سەر بە حكوومەتی سووریا، لە گەڕەكی (تەی)ـەوە هێرشیان كردووەتە سەر خاڵێكی هێزەكانی ئاسایشی ڕۆژئاوا.

تا ئێستا ئاماری كوژراو و بریندارانی هەردوولا بە تەواوی دیار نییە. بەپێی میدیاكان جگە لە شەهیدبوونی شەڕڤانێك، ژمارەیەك هاووڵاتیی مەدەنی كوژراون و بریندار بوون كە لەناویاندا منداڵ هەن، بەڵام ئاماری كوژراوانی هێزەكانی بەرگریی نیشتمانیی سەر بە حكوومەتی سووریا نەزانراوە.

هەر ئەمڕۆیش لە قامیشلۆ، حاییس ئەلجریان، ڕیشسپی هۆزی بەنی سەبە "لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا لە نزیك نەخۆشخانەی وەتەنی كە لەژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی بەرگریی نیشتمانیدایە"، كوژرا. بەپێی ئاژانسی هاوار، ناوبراو پاش گەڕانەوەی لە گفتوگۆ لەگەڵ هێزەكانی بەرگریی نیشتمانی بە مەبەستی ڕاگرتنی شەڕ، كراوەتە ئامانج.

هەر سەبارەت بە پێكدادانەكانی قامیشلۆ، جەنەراڵ كێنز مكێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا، ڕایگەیاند كە هێزەكانی سووریای دیموكرات هاوبەشی ئەمریكان و دەیانەوێت كێشەكانی قامیشلۆ بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن، لەو ڕووەشەوە هەرچییان لەدەست بێت دەیكەن، بەڵام تا ئێستا هیچ هەوڵێكی جیدیی ئەمریكا بەو ئاراستە نەبینراوە.

لە دوای سەرهەڵدانی "شۆڕش"ی سووریا و كۆنترۆڵكردنی شارەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لەلایەن هێزەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، ئەو هێزانە لە هەندێك ناوچە بە تایبەتیش قامیشلۆ لەگەڵ حكوومەتی سووریا ڕێككەوتن تا شەڕ ڕوو نەدات. هەر بۆیە بەشێك لە هێزەكانی سەر بە حكوومەتی سووریا تا ئێستاش لە شارەكەدا ماون، بەڵام ناوبەناو گرژی و پێكدادان لە نێوانیاندا دروست بووە.