تراژیدیای نەخۆشخانەكەی بەغداد

چیرۆكی ئەو كەسانەی كۆرۆنا ماندووی كردن و دووكەڵی ئاگر خنكاندنی
25-04-2021 02:43

پەرەگراف- هەكار مەحمود

دەیان توشبووی كۆرۆنا لە بەشی چاودێریی چڕ لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لە بەغداد لەژێر ئۆكسجیندان، ڤایرۆسەكە تەنگی بە سییەكانیان هەڵچنیوە و لە جوڵەی خستوون، ژیانیان بەستراوە بەو بتڵە ئۆكسجینەوە كە هەناسەیان دەداتێ.

لەناكاو تەقینەوەی بتڵێكی ئۆكسجین لە ژووری چاودێریی ورد، هەموو ئەوانە بەئاگا دەهێنێت كە لە نەخۆشخانەكەدان، ئەوانەی لەوێن هەوڵی ڕزگاركردنی ئەو كەسانە دەدەن كە لە ژوورەكەدان، بەڵام گڕی ئاگرەكە خێراترە و تینەكەی لە هەوڵەكانی ئەوان بەهێزترە.

ئاگر لە هەموو شوێنێكەوە

لەماوەیەكی كەمدا ئاگر تەواوی نەخۆشخانەكە دەگرێتەوە، خەڵكێكی زۆر بۆ ڕزگاربوون لە پەنجەرەكانەوە خۆیان هەڵدەدەن، بەشێكی دیكەش كە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە پەلوپۆی خستوون، تەسلیمی گڕ و دوكەڵ دەبن و گیان لەدەست دەدەن.

لەو گرتە ڤیدیۆییانەی بڵاوكراونەتەوە، پیاوانی بەرگری شارستانی دەردەكەون كە هەوڵی كوژاندنەوەی ئاگرەكە دەدەن، چەندین كەسیش لە گڕەكە ڕادەكەن و دەیانەوێت بەزوویی لە شوێنەكە دووركەونەوە، بەشێكی دیكەش بە مۆبایلەكانیان وێنەی ڕووداوەكە دەگرن.

ئەوە چیرۆك و دیمەنەكانی ئاگركەوتنەوەكەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیبە لە بەغداد، كە شەوی شەممە بەهۆی تەقینەوە بتڵێكی ئۆكسجینەوە كەوتەوە، ڕووداوەكە شەقامی عێراقیی هەژاند، بەپێی بەیاننامەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق 82 كەس گیانیان لەدەستداوە و 110 كەسی دیكەش برینداربوون.

لەگەڵ بڵاوبونەوەی هەواڵەكە، خەڵكێكی زۆر گەیشتنە شوێنەكە، لەناو پاشماوەی بەخەڵوزبووی نەخۆشخانەكەدا بەدوای ئازیزانیاندا دەگەڕان، دەنگی هاوار و شین و ڕۆڕۆی ئەوانەی كەسێكیان لەدەستدابوو، هەموو شوێنێكی تەنیبوو، ئەوانەش كە ڕزگاریان بووبوو سوپاسی خوایان دەكرد كە جارێكی دیكە ژیانی پێبەخشیوون.

ئەحمەد زەكی پیاوێكی خەڵكی بەغدادە، بۆ ڕزگاركردنی براكەی چووەتە ئەوێ، بەكۆڵ تا بنكەیەكی پشكنینی بردووە كە لە نزیك نەخۆشخانەكە بووە، دواتر گەڕاوەتەوە و چووەتە نهۆمی سێهەم كە نەسوتاوە، لەوێ كچێكی تەمەن 19 ساڵی بینیوە كە خەریكبووە بخنكێت.

زەكی دەڵێت "كچەكە نزیكبوو لە مردن، خستمە سەرشانم و چومەوە خوارەوە، دواتر چەند جارێكی دیكە گەڕامەوە‌و خەڵكم دەبردە خوارەوە و دەچومەوە سەرەوە".

بەرپرسانی بەشی فریاگوزاری نەخۆشخانەكە دەڵێن، چەندین كەس بەهۆی بڕانی ئۆكسجین گیانیان لەدەستداوە، بەشێكی دیكەش بە دوكەڵی ئاگرەكە خنكاون، ئەو نەخۆشانەش كە ڕزگاریان بووە بە ئۆتۆمبێلی فریاگوزاریی براونەتە نەخۆشخانەكانی دیكەی بەغداد.

عێراقییەكان توڕەن

هێندەی بەهێزیی ئاگرەكە، شەقامی عێراقیی توڕەیە، دەنگی ناڕەزایی لە هەموو شوێنێكەوە بەرز دەبێتەوە، زۆرینە داوای دەستلەكاركێشانەوەی حەسەن تەمیمی وەزیری تەندروستی دەكەن كە سەر بە ڕەوتی سەدرە، بۆ ئەوەش هەڵمەتێكی فراوانیان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ڕاگەیاند.

دوورخستنەوەی وەزیر

حكومەتی عێراق بۆ كەمكردنەوەی توڕەیی هاوڵاتیان، بەرەبەیانی ڕۆژی یەك شەممە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و سێ ڕۆژ ماتەمینی گشتی بۆ ڕۆحی قوربانییان ڕاگەیاند.

مستەفا كازمی سەرۆكوەزیران كۆبونەوەیەكی بەپەلەی لەگەڵ چەند وەزیر و بەرپرسانی ئیداریی و ئەمنیی ئەنجامدا، ئاماژەی بەوەكرد، ئەوەی ڕوویداوە پەیوەندی بە ئاسایشی نیشتمانی عێراقەوە هەیە.

كازمی لە كۆبونەوەكەدا وتویەتی "ئەو جۆرە ڕووداوانە ئاماژەیە بۆ بونی كەمتەرخەمی، بۆیە پێویستە لێكۆڵینەوەی بەپەلە بكرێت"، داوای دەستگیركردنی بەرپرسانی نەخۆشخانەكەی كردووە تا كەسانی كەمتەرخەم بدۆزرێنەوە و سزا بدرێن.

دواتر نیوەڕۆی ڕۆژ یەك شەممە كازمی كۆبونەوەیەكی دیكەی لەگەڵ وەزیرانی پلاندانان و داد و سەرۆكی دەستەی نەزاهە، سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی، نوێنەری ئەنجومەنی نوێنەران ئەنجامدا، بڕیاریدا بە لەكارلادانی وەزیری تەندروستی و پارێزگاری بەغداد و بەڕێوبەری گشتی تەندروستی ناوچەی ڕەسافە و ڕەوانەكردنیان بۆ لێكۆڵینەوە.

سەرۆكوەزیران داوادەكات، لێكۆڵینەوەیەكی ورد لەماوەی پێنج ڕۆژدا تەواوبكرێت و بە ڕاپۆرتێك پێشكەشی ئەنجومەنی وەزیران بكرێت.

بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراق، پشتگیر هەنگاوەكانی حكومەتی كردووە كە گرتوێتییەبەر، هۆكاری ڕووداوەكەشی گێڕاوەتەوە بۆ گەندەڵیی لە دامەزراوەكان و خراپی سیستمی بەڕێوەبردن.

هەڵوێستی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی جیهان

ڕووداوی ئاگركەوتنەوەكە دەنگدانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، وڵاتانی جیهان و باڵیۆزەكانیان لە بەغداد پرسە و سەرەخۆشییان نارد و دوای لێكۆڵینەوەی بەپەلە دەكەن لە ڕووداوەكە.

لە هەرێمی كوردستان بەرپرسانی حكومی‌و حیزبی بەیاننامەی جیایان هەبوو لەسەر ڕووداوەكە و لەگەڵ پرسەنامەدا، داوای لێكۆڵینەوە دەكەن‌و ئامادەیی نەخۆشخانەكانی هەرێمیان پیشاندا بۆ پێشوازیی لە بریندارەكان.