شەڕی سەختی پەكەكە و توركیا بەردەوامە

كەجەكە: سەرۆكوەزیری هەرێم بەڵێی بۆ هێرشەكە كردووە
25-04-2021 03:49

پەرەگراف

"هێرشی بەرفراوان"ی توركیا بۆ سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پەكەكە بەردەوامە و شەڕی قورس لە چەند ناوچەیەك بەڕێوە دەچێت. كەجەكە دەڵێت "سەرۆكوەزیری هەرێمی كوردستان بەڵێی بۆ هێرشەكە كردووە". هەروەها سەرسوڕمانی خۆی لە بێدەنگیی پارتی دەردەبڕێت و داوای هەڵوێستی ئاشكرای لێ‌ دەكات.

شەوی 23ی ئەم مانگە سوپای توركیا هێرشی ئاسمانیی و زەمینیی بۆ سەر "هەرێمەكانی مەتینا، ئاڤاشین" و بەیانیی 25ی مانگیش هێرشی بۆ سەر "هەرێمی زاپ"ی ژێر دەسەڵاتی پەكەكە دەست پێ‌ كرد، لەو سێ هەرێمەش "دژی داگیركاریی سوپای تورك بەرخۆدانی گەریلاكانی كوردستان بەردەوامە و گورزی قورس لە داگیركەران وەشێندراوە"، ئەمە بەپێی میدیاكانی پەكەكە.

بەپێی دوایین زانیارییەكان كە میدیاكانی پەكەكە سەبارەت بە شەڕەكە بڵاویان كردووەتەوە، لە "گردی مام ڕەشۆ لە هەرێمی ئاڤاشین، شەڕێكی قورس لە ئارادایە و ژمارەیەكی زۆر لە سەربازی توركیا كوژراون".

ئەمڕۆیش هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) "هەنگاوی شۆڕشگێڕانەی بازەكانی زاگرۆسی" بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سوپای توركیا ڕاگەیاند و دەڵێت "دەوڵەتی داگیركەری تورك سەرەڕای بەكارهێنانی بۆمبی كیمیاوی، نەیتوانیوە پیشڕەوی بكات. دەیان سەربازی تورك تا ئێستا سزا دراون".

میدیای پەكەكە باس لەوە دەكات كە سوپای توركیا لە گردی مام ڕەشۆ لە هەرێمی ئاڤاشین، پاش ئەوەی شكستی هێناوە "بۆمبی كیمیاوی" لە دژی گەریلاكانی پەكەكە بەكار هێناوە.

لەبارەی هێرشەكانی سوپای توركیاوە، كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "بە زانابوون و بە پلان لە ساڵیادی كۆمەڵكوژیی ئەرمەنییەكان دەستیان بە هێرش كرد، بە شێوەیەكی ئاشكرا پەیامی (چۆن ئەرمەنییەكانمان قڕ كرد، چارەنووسی ئێوەش ئاوا دەبێت)‌ دەدەن".

"پێش ئەم هێرشی قڕكردنە، بەرپرسانی تورك لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی ئەورووپایی و ئەمریكادا چاوپێكەوتنیان ئەنجام داوە و ئەمە دەرخەری ئەوەیە كە ئەم هێرشە بە پشتگیریی و دەستووری ئەو وڵاتانە كراوە. هەروەها لەگەڵ سەرۆكوەزیری هەرێمی كوردستان قسە كراوە و ئەویش بەڵێی كردووە"، كەجەكە وا دەڵێت.

كۆما جڤاكێن كوردستان "بێدەنگیی هێزە سیاسییە كوردییەكان و بە تایبەت پەدەكە"، بە مانای "ڕەواییدان بەم هێرشانە" لێك داوەتەوە و ڕایگەیاندووە "بێدەنگی هێزە سیاسییەكان قبووڵ ناكرێت. كاتێك لەدژی باشووری كوردستان هێرش ئەنجام درا، پەكەكە، گەریلا و گەلی كورد دەستبەجێ هەڵویستیان نیشان دا و ڕابوون. جێگەی تێڕامانە كە گەل و پەدەكە لە هەمبەر هێرشێكی ئاوەها بەرفراوان بێدەنگن".

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەكەی كەجەكەدا هاتووە كە "پەدەكە ماوەی ساڵێكە زۆر ناوچەی گەریلای گەمارۆ داوە. لە خواكورك دەركەوت كە بە ئاشكرا پشتگیریی دەوڵەتی توركیای كرد. گەلی كورد چاوەڕوانە كە پەدەكە لە دژی ئەم هێرشانە هەڵوێستێكی ئاشكرا نیشان بدات، چونكە ئەگەر بەشداری هێرشەكانی دەوڵەتی توركیش نەبێت، بە بێدەنگیی خۆی لە بەرامبەر ئەم هێرشانە، دەكەوێتە دۆخێكی ئاوەها كە ڕەوایی داوە بەم هێرشانە و پشتگیریی دەكات".

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، هێرشەكانی ئەم جارەی توركیا بە "داگیركارییەكی مەترسیدار" وەسف دەكات و دەڵێت "ئەمە گەورەترین داگیركارییە لە مێژووی لەشكركێشییەكانی توركیادا. بەپێی هەندێك سەرچاوە زناری كێستەی داگیر كردووە كە بەرزییەكەی دوو هەزار مەترە و شوێنێكی ستراتیژییە. هەروەها هێرشی بەردەوام هەیە بۆ داگیركردنی ناوچەكانی زاپ و بۆتان ئاڤاشینی بە درێژایی ١٠٠ كیلۆمەتر و دەیەوێت بە ڕووبەری ٥٠ كیلۆمەتری دیكە بێتە قووڵایی ھەرێمی كوردستانەوە".

ئەو پەرلەمتارە هۆشداری دەدات كە "ئەو ناوچانەی كە توركیا هێرشەكانی لێوە ئەنجام دەدات، ناوچەی گرنگ و ستراتیژین و مەترسییە بۆ سەر هەموو هەرێمی كوردستان" و دەڵێت"بە داخەوە سەرۆكایەتی و حیزبە سیاسییەكانی هەرێم بێدەنگییان هەڵبژارد. خەڵكی كوردستان بە شتی لاوەكییەوە سەرقاڵە و نیشتمان لە بەردەم داگیركارییەكی گەورەدایە".