دۆسیەی بەدەل بەرواری دووبارە ڕەوانەی دادگا كرا

28-04-2021 10:28

پەرەگراف

پەڕاوی لێكۆڵینەوەی مامۆستا بەدەل بەرواری لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایشەوە جارێكی دیكە ڕەوانەی دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر كرا. پارێزەرەكەی دەڵێت "پەڕاوەكە هیچ شتێكی نوێی تێدا نییە".

ئاسۆ هاشم، پارێزەری بەدەل بەرواری، ناردنی پەڕاوەكەی بۆ دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر بۆ پەرەگراف پشتڕاست كردەوە و وتی "لە 24ی ئەم مانگەوە پەڕاوەكە ڕەوانە كراوە و تەنیا ئەوە ماوە ڕۆژی دادگاییكردنەكەی دیاری بكرێت".

"پەڕاوەكە هیچ شتێكی نوێی تێدا نییە. تۆمەتەكە هەر ئەوەیە كە مامۆستا بەدەل ویستوویەتی ئاسایشی هەرێمی كوردستان تێك بدات"، ئاسۆ هاشم وای وت.

سەبارەت بە ئەگەری بوونی ڤیدیۆی دانپێدانانی بەدەل بەرواری، ئەو پارێزەرە بۆ پەرەگراف وتی "مامۆستا بەدەل تا ئێستا هیچ دانپێدنانێكی نییە"، دانی بەو تۆمەتەدا نەناوە كە دراوەتە پاڵی و ڕەتی كردووەتەوە.

ڕۆژی 15-2-2021 دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر یەكەم دانیشتنی سەبارەت بە دۆسیەی حەوت چالاك و ڕۆژنامەوانی دەستگیركراوی بادینان ئەنجام دا، تێیدا پێنج كەسیان بە تۆمەتی "سیخوڕی و هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان" یەكی بە شەش ساڵ زیندانیكردن سزا دران.

ئەوكات دۆسیەكانی هەریەك لە مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد حاجی لەلایەن دادگای تاوانەكانی دووی هەولێرەوە گەڕێندرایەوە بۆ ئاسایشی گشتی و دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایش، چونكە "دۆسیەكانیان كەموكووڕیی لێكۆڵینەوەی هەبوو".

بەدەل بەرواری؛ ئەو مامۆستایەی ژمارەی پێوانەیی لە زیندانی هێزە ئەمنییەكانی پارێزگای دهۆكدا شكاندووە لەناو ئەوانەی كە تەنیا بەهۆی خۆپیشاندان بۆ داوای مووچە و چەند تۆمەتێكی نەسەلمێنراو، دەستگیر كراون.

"تاكە داواكاریی ئەوەبوو لەڕێی ڕێكخراوەكان و كونسوڵخانەكانەوە هەوڵی ئازادكردنی بدەین، نەك دەسەڵاتداران، چونكە وتی بە ناهەق دەستگیركراوەو هەر ئازاد دەبێت" ئاری كوڕی بەدەل بەرواری، لەسەر دواین دیداری خۆی و باوكی وای وت.

بەرواری لە 19ی ئابی 2020، لە چوارچێوەی هەڵمەتێكی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنو‌وس و چالاكوانانی بادیناندا ڕاپێچی زیندان كرا و تا ئێستا دادگایی نەكراوە.

ئەو خۆپیشاندانەی بەهۆیەوە دەیان كەس كەوتنە زیندان؛ لە زاخۆوە سەریهەڵدا و هەرزوو گۆڕا بۆ بارگرژی و بەهۆی تەقەكردن و پێكداهەڵپژانەوە، چەندین كەس لە مەدەنی و پۆلیس بریندار بوون، ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ خراپیی گوزەرانی خەڵك و كێشە داراییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە نێویاندا دواكەوتن و لێبڕینی مووچە.

"باوكم ئەمە پێنجەمین جارە دەستگیر بكرێت، بێ بڕیاری دادگا، وا ئێستا لە زینداندایە بەهۆی داوای مووچەی خەڵكەوە" ئاری بۆ پەرەگراف وای وت.

بەدەل بەرواری لەو پێنج جارەی خراوەتە زیندان؛ لە هەر یەكێكیاندا 22 ڕۆژ، 16 ڕۆژ، دوو جاری سێ ڕۆژی و ئێستا زۆرترین ماوەیە بە دەستبەسەركراوی ماوەتەوە.

* بەدەل بەرواری؛ مامۆستایەكی "بەهەڵوێست" لەودیو شیشەكانی زیندانەوە

* ھیومان ڕایتس ۆوچ ڕەخنەی توند لە ھەرێمی کوردستان دەگرێت لەبارەی سزادانی ڕۆژنامەنووس و چالاکانی بادینان

* تا ئێستا بڕیاری پێداچوونەوە بە دۆسیەی سزادراوانی بادیناندا نەدراوە

* نۆ دەستگیركراوی دیكەی بادینان بە هەمان تۆمەتی پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكە دادگایی دەكرێن