هەڕەشەی كۆرۆنای هیندی؛ شانەی قەیرانەكانی عێراق هۆشداریی لە ڕوودانی كارەسات دەدات

عێراق لەژێر مەترسییەكانی هاتنی كۆرۆنای هیندیدایەو گەشتە ئاسمانییەكانی لەگەڵ هیندستان تاكاتێكی نادیار ڕاگرتووە
29-04-2021 04:52

پەرەگراف- هەكار مەحمود

جۆرێكی نوێی كۆرۆنا لە هیندستان دەركەوتووە و گواستراوەتەوە بۆ چەندین وڵاتی جیهان، عێراقیش لەژێر مەترسییەكانی هاتنی كۆرۆنای هیندیدایە، بەو هۆیەشەوە گەشتە ئاسمانییەكانی لەگەڵ هیندستان تاكاتێكی نادیار ڕاگرتووە.

كۆتایی ساڵی 2019 ڤایرۆسی كۆرۆنا لە چین دەركەوت و بە تەواوی جیهاندا بڵاوبووەوە، لەكاتێكدا زاناكان سەرقاڵی دۆزینەوەی ڤاكسینێك بوون، هەواڵی خۆگۆڕینی ڤایرۆسەكە و دۆزینەوەی جۆرێكی نوێ لە بەریتانیا هەمووانی تووشی شۆك كرد، پاشان جۆری ئەفریقی دەركەوت، ئێستاش جۆرە هیندییەكەی بووەتە هەڕەشە بۆسەر تەندروستی مرۆڤایەتی.

ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕایدەگەیەنێت، پێشبینی دەكەن جۆرە نوێیەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هۆكاری ئەو كارەساتەبێت كە لە هیندستان دروستبووە، تائێستاش لە 17 وڵاتی دیكە حاڵەتەكانی توشبوون بە كۆرۆنای هیندی تۆماركراوە.

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لە "بەلجیكا، سویسرا، یۆنان، ئیتاڵیا" چەند حاڵەتێكی توشبوون بە كۆرۆنا هیندی تۆماركران.

عێراق لەژێر هەڕەشەدایە

هێشتا كۆرۆنای هیندی نەگەشتووەتە عێراق و حاڵەتی توشبوون تۆمارنەكراوە، بەڵام زەنگی مەترسییەكانی لەهەموو شوێنێكەوە لێدراوە، هێڵی ئاسمانی عێراق لەڕۆژی سێ شەممەوە بۆ ماوەیەكی نادیار گەشتەكانی لەگەڵ شارەكانی هیندستان ڕاگرت.

هێڵەكە دەڵێت، بڕیاری وەستاندنی گەشتەكان، لەسەر ڕێنماییەكانی ئەنجومەنی وەزیران و دەسەڵاتی فڕۆكەوانی مەدەنی عێراق بووە، تاوەكو ڕێگری بكرێت لە گواستنەوەی ڤایرۆسەكە لەهیندستانەوە بۆ عێراق.

شانەی قەیرانەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێڕاق، هۆشداری دەدات لە مەترسییەكانی جۆرە هیندییەكەی كۆرۆنا و دەڵێت "نزیكە لە هاتنە ناوەوە بۆ عێراق"، پێویستە دەسەڵاتدارانی حكومەت و وەزارەتی تەندروستی ڕێوشوێنی توند بگرنەبەر.

جەواد موسەوی بڕیاردەری شانەكە ئاماژەی بەوە كردووە، كۆرۆنای هیندی زۆر مەترسیدارە، زۆر نزیكە لەوەی بێتە عێراق، حكومەت دەبێت بۆ ماوەی مانگێك ڕێگری بكات لە هاتنە ناوەوەی هاوڵاتیانی هیندستان و ئەو وڵاتانەی حاڵەتەكانی توشبوونی تێدا تۆماركراوە.

موسەوی هۆشداری دەدات لە خولقاندنی "كارەسات" و دەڵێت "توانای جۆرە نوێكە لە بڵاوبونەوەدا 40 هێندە زیاترە، كوشندەیە و هەموو ئەندامەكانی جەستە دەگرێتەوە و توشی هەموو تەمەنەكان دەبێت".

كۆرۆنای هیندی تائێستا لە عێراق نییە

وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕەتیكردووەتەوە تائێستا هیچ حاڵەتێكی توشبوون بە كۆرۆنای هیندی لە وڵاتدا تۆماركرابێت.

ڕوبا فەلاح ئەندامی تیمی پزیشكی میدیا لە وەزارەتەكە دەڵێت "هەموو ئەگەرێك لەئارادایە، گەشتكردن بۆ ئەو وڵاتانەی حاڵەتەكانی تێدایە، ئەو جۆرە و جۆری مەترسیدارتریش دەهێنێت".

ئەندامی تیمەكەی وەزارەتی تەندروستی داوا لە هاوڵاتیان دەكات بەردەوام بن لە خۆپارێزی و دووركەوتنەوە لە قەرەباڵغی، لەگەڵ گرنگیی وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا.

ڤاكسینەكان و كۆرۆنای هیندی

لەبارەی كاریگەری ڤاكسینەكان لەسەر جۆری هیندی پسپۆڕان ئاشكرای دەكەن، ئەو پێكوتانە دەتوانن ڕێگری بكەن لە ئەگەری توشبوون بە جۆرە نوێیەكە.

بەپێی ئەنجامی توێژینەوەكە كە پڕۆفیسۆر گۆپتا و گروپەكەی لە گۆڤاری نیچەر بڵاویانكردۆتەوە، پێشبینی دەكەن لە قۆناغی داهاتوودا بەشێك لە جۆرەكانی كۆرۆنا بەسەر كاریگەریی ڤاكسینەكاندا زاڵببن، بەڵام لەكاتی ئێستادا ڤاكسینەكان دەتوانن ڕێگری لەبڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە بكەن.

ژمارەی ئەوانەی ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە لە عێراق، نزیكەی 322 هەزار كەسن، ئەوەش ئامارێكی كەمە بەراورد بە دانیشتوانی وڵاتەكە كە 40 ملیۆن كەسی تێپەڕاندووە.

لە بنكە تەندروستییەكانی عێراق، ڤاكسینەكانی سینۆفارمی چینی، ئەسترازینیكای بەریتانی، فایزەری ئەمریكی بەخۆڕایی بۆ هاوڵاتیان بەردەستە، بەڵام ژمارەیەكی كەم ئامادەن وەریبگرن.

عێراق.. تاكە وڵاتی عەرەبییە زیاتر لە ملیۆنێك تووشبووی هەبێت

ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عێراق ملیۆنێك و 50 هەزار كەسی تێپەڕاندووە، زیاتر لە 15 هەزار كەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، بەوەش بووەتە یەكەم وڵاتی عەرەبی لەڕووی زیانەكانی كۆرۆناوە.

ئەو سیستمە تەندروستییە خراپەی عێراق هەیەتی، مەترسییەكانی زیاتر كردووە، بەجۆرێك لەكاتی زۆربونی ژمارەی تووشبووان، ئەگەر هەیە سیستمەكە بەتەواوی دابڕمێت.

چەندین عێراقیی لە هیندستان گیریانخواردووە

نزیكەی 500 بۆ 600 هاوڵاتی عێراق لەگەڵ كەسوكاریاندا بۆ وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشیی سەردانی هیندستانیان كردووە، ئێستاش بەهۆی ڕاگرتنی گەشتەكانەوە گیریانخواردووە و نانوانن بگەڕێنەوە.

ئەو كەسانە لەلایەكەوە كەوتونەتە ژێر هەڕەشەی شەپۆلی كۆرۆنا لەو وڵاتە، لەلایەكی دیكەشەوە لەڕووی ئابورییەوە دۆخیان باش نییە و ئەو پارەیەی پێیانبووە بەرەو تەواوبوون دەچێت، نەبوونی خۆراكیش بووە بە كێشەیەكی سەرەكی بۆیان.

عێراقییەكانی هیندستان داوا لە حكومەت و هێڵی ئاسمانی عێراق دەكەن، ڕێگایەك بدۆزنەوە بۆ گواستنەوەیان، یان لەوێ شوێنی مانەوە و خواردنیان بۆ دابین بكەن.