وەزارەتی ناوخۆی هەرێم ڕێكاری نوێی ڕاگەیاند؛ قوتابخانەكان دەكرێنەوە

30-04-2021 11:32

پەرەگراف

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا بە كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان و پەیمانگاكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە لە دوای جەژنی ڕەمەزان. هەروەها لە كاتژمێر 12ی كۆتاڕۆژی ڕەمەزان تا كاتژمێر 12ی سێیەم ڕۆژی جەژن، لە سەرتاسەری هەرێم هاتوچۆ قەدەغە دەبێت.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەیانی ژمارە 17ی ساڵی 2021ی پەیوەست بە ڕێكارەكانی ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنای بڵاو كردەوە كە تێیدا ژمارەیەك بڕیار دەركراون:

یەكەم: كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان و پەیمانگەكانی وەزارەتی پەروەردە لە پاش جەژنی رەمەزانی پیرۆز، دوای هەڵسەنگانی بارودۆخی تەندروستی و راددەی كاریگەریی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

دووەم: ڕاگرتنی هاتوچۆ لە تەواوی پارێزگاكانی (هەولێر، سلێمانی، دهوك، هەڵەبجە) و ئیدارە سەربەخۆكانی (ڕاپەرین، گەرمیان) و گشت یەكە كارگێڕییەكانیان، لە كاتژمێر 12:00ی شەوی كۆتاڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز تاوەكو كاتژمێر 12:00ی شەوی سێیەم ڕۆژی جەژن.

سێیەم: قەدەغەی گەشتكردن بۆ وڵاتی (هیندستان) بۆ هاووڵاتییانی عێراقی و قەدەغەی هاتن لە وڵاتی (هیندستان) بۆ كەسی بیانی لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، ئەوانەی لە دوای 20-04-2021 سەردانی ئەو وڵاتەیان كردووە، ئەو هاوڵاتییە عێراقییانەی كە لە وڵاتی (هیندستان) دەگەڕێنەوە لە ڕێگەی دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان، پێویستە لە خاڵە سنوورییەكان جیابكرێنەوە و پشكنینی وردیان بۆ بكرێت لەلایەن تیمە پزیشكییەكانی وەزارەتی تەندروستی بەمەبەستی دڵنیابوون لە تووشنەبوونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و كەرەنتین دەكرێن بۆ ئەو ماوەیەی كە وەزارەتی تەندروستی دەستنیشانی كردووە.

چوارەم: لیژنەی باڵا، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی ڕاسپارد بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان سەبارەت بە دەركردنی ڕێنمایی تایبەت سەبارەت بە 10 ڕۆژی كۆتایی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز و ڕێوڕەسمەكانی ئایینی لە مزگەوتەكان.

پێنجەم: یانە و كافتریا و ڕێستۆرانت و شوێنی یارییەكان نابێت خزمەتگوزاریی نێرگەلەكێشان پێشكێش بكەن، هەر شوێنێك پابەند نەبێت، بۆ ماوەی یەك هەفتە دادەخرێت و خاوەنەكەی بە بڕی (5.000.000) پێنج ملیۆن دینار پێبژاردنی پێ دەدرێت.

شەشەم: بەردەوامبوونی ڕێكارەكانی بەیانی ژمارە (15)ی ساڵی 2021 ماددەكانی (چوارەم، پێنجەم، شەشەم، حەوتەم، نۆیەم، دەیەم، یازدەیەم، دوازدەیەم، سیازدەیەم، چواردەیەم و پانزدەیەم).

حەوتەم: لە پاش مانگی ڕەمەزانی پیرۆز لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆ دەبێتەوە بە مەبەستی بڕیاردان لەسەر چەند ڕێكارێكی خۆپارێزی و ڕێكخستن و داخستنی چەند شوێنی گشتی و تایبەت، لەپێناو كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان و درێژەدان بە پرۆسەی خوێندن و پەروەردە.

هەشتەم: ئەم بەیانە لە 01-05-2021 كاتژمێر (08:00)ی شەو جێبەجێ دەكرێت و لە ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاو دەكرێتەوە.