فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغدا؛ بۆچی بەشداریی هەڵبژاردنیان نەكرد؟ پلانیان بۆ داهاتوو چییە؟

02-05-2021 05:52

پەرەگراف

پاش شكستهێنانی هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی فراوان لە دەرەوەی پارتی و یەكێتی بۆ هەڵبژاردن، فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق چوونە پاڵ هەر حیزبێكیان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیدا ڕەت كردووەتەوە، جگە لە یەك ئەندامیان، ئەوانی دیكە نە خۆیان كاندید كردووە و نە بەشداریی بانگەشە بۆ هیچ لایەن و كاندیدێك دەكەن.

هۆشیار عەبدوڵڵا، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغدا، بۆ پەرەگراف وتی "ئێمە ئامانجمان پێكهێنانی بەرەیەكی فراوان بووە لە حیزبەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی، بە ناڕازییەكانی ناو گۆڕانیشەوە. بۆ ئەو مەبەستە سكرتێری حیزبەكانمان بینی و گفتوگۆمان كرد، بەڵام سەركەوتوو نەبووین".

سەبارەت بە هۆكاری شكستهێنانی هەوڵەكانیان، هۆشیار عەبدوڵڵا وتی "ئۆپۆزسیۆنی جاران بە تایبەت گۆڕان و دواتر كۆمەڵ و یەكگرتوو، چاویان لەسەر ئەوە بوو كە لەگەڵ یەكێتیدا لێكتێگەیشتن و هاوپەیمانێتییان هەبێت".

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئاماژەی بەوەش كرد كە پاش سەرنەگرتنی ئەو هاوپەیمانێتییە، "یەكێتی بە تایبەت و كۆمەڵ، یەكگرتوو و نەوەی نوێیش"، داوایان لێ‌ كردوون كە لەگەڵ ئەوان بەشداریی هەڵبژاردن بكەن، بەڵام ڕەتیان كردووەتەوە.

"ئێمە مەبەستمان پێكهێنانی بەرەیەكی فراوانی ئۆپۆزسیۆن بوو، كە ئەوە سەری نەگرت، پێمان وا بووە كە پێكهاتن لەگەڵ هەر حیزب و لایەنێك، وا لێك دەدرێتەوە كە ئێمە بۆ پۆست و پلە ئەو كارەمان كردبێت"، هۆشیار عەبدوڵڵا وای وت.

هاوكات سەرچاوەیەكی ئاگادار بە پەرگرافی وت "هەندێك لەو حیزبانە بە ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕانیان وتووە ئاساییە لایان هاوپەیمانێتییەك پێك بهێنن كە یەكێك لە ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان سەرۆكایەتیی بكات، بەڵام پاش شكستهێنانی هاوپەیمانێتییە فراوانەكە، ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان پێیان باش نەبووە بە تەنیا لەگەڵ هیچ حیزبێك بچنە هەڵبژاردنەوە".

لە ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغدا، تەنیا غالب محەمەد خۆی كاندید كردووەتەوە، ئەوانی دیكە خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو كاندید نەكردووە و بەشداری لە بانگەشەی هەڵبژاردنیش بۆ هیچ لایەنێك ناكەن، بەڵام "هانی خەڵك دەدەن بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردندا بكەن و بەشداریی چالاكی خەڵك بە گرنگ دەزانن".

غالب محەمەد بە پەرەگرافی وت "من وەكوو كە سێكی سەربەخۆ لە گەرمیان خۆم كاندید كردووەتەوە."

سەبارەت بە كاركردنیشیان لە داهاتوودا، ئەندامانی فراكسیۆنی گۆڕان لە بەغدا "چەند بژاردەیەكیان لەبەردەمدایە، بەڵام هێشتا هیچ بڕیارێكیان نەداوە".

دوای دروستبوونی ناكۆكی و ڕاجیایی لە نێوان فراكسیۆنی پەرلەمانی عێراقی گۆڕان و خودی بزووتنەوەكە، چەند نامەیەك لە نێوان هەردوولا ئاڵوگۆڕ كرا، بەڵام بێ‌ ئەنجام بوون و گۆڕان هەفتەیەكی بۆ ئەندامانی فراكسیۆنەكەی دیاری كرد تا بگەڕێنەوە و پابەند بن بە بەرنامەی بزووتنەوەكەوە.

دواتریش هەفتەكە تێپەڕی و نە گۆڕان دوورخستنەوەی ئەو ئەندامانەی بە فەرمی ڕاگەیاند، نە ئەوانیش بە فەرمی دەستلەكاركێشانەوەیان لە گۆڕان ڕاگەاندووە. هەر بۆیە هێشتا بە بەشێك لە "ناڕازییەکانی گۆڕان" ئەژمار دەكرێن.

گۆڕان لە بەغدا پێنج پەرلەمانتاری هەیە و یوسف محەمەد سەرۆكی فراكسیۆنەكەیەتی، ئەوان گرووپێكی تەبا‌و هاوهەڵوێستن لەناو خۆیاندا و دابڕوان لە بزووتنەوەكەیان‌ و هیچ پەیوەندییەكی ڕێكخراوەیی لە نێوانیاندا نییە، بەڵام هەر خۆیان بە گۆڕان دەزانن‌ و وازهێنانیان ڕانەگەیاندووە. 

لە سەرەتای ئەمساڵدا ژمارەیەك بەرپرسی باڵای گۆڕان هەوڵێكیان دەست پێ‌ كرد بۆ ئەوەی بزووتنەوەكە بە تەواوی خۆی بێبەری بكات لە فراكسیۆنەكەی لە بەغدا.

ئەوكات سەرچاوەیەكی باڵا كە زانیاریی وردی لەسەر ئەم پرسە هەبوو، بۆ پەرەگراف وتی "عومەر سەید عەلی ڕێكخەری گشتی ‌و مستەفا سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێم ‌و تیمی گۆڕان لە حكومەتی هەرێم‌ و ژمارەیەك لە ئەندامانی جڤاتەكانی گۆڕان، پشتیوانیی ئەو هەوڵە دەكەن ‌و لۆبیی بۆ دەركردنی فراكسیۆنی بەغدا دەكەن. لە بەرامبەردا لە هەموو ئاستەكانی ناو گۆڕان دژیان هەیە".

بابەتی پێشتری پەرەگراف 👇

 * گۆڕان فراكسیۆنی بەغدادی لە بزووتنەوەكە دەردەكات؟