بەهێزترین هاوپەیمانێتییەكان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق

02-05-2021 08:33

پەرەگراف

ئەنجامدانی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عێراق پێنج مانگی ماوە، بۆ یەكەمجارە بە سیستمی فرە بازنەیی ئەنجام بدرێت، ئەوە وایكردووە هاوپەیمانێتی نوێ و جیاواز پێكبهێنرێت و حزبەكان هەوڵبدەن بۆ هەر بازنەیەك بە كاندیدی كەم و بەهێزەوە بەشداری بكەن.

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایگەیاند، چەندین هاوپەیمانێتی و حزبی جیاواز خۆیان بۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنەكە تۆماركردووە، ژمارەیەك كاندیدیش بە سەربەخۆ و لەدەرەوە حزبەكان بەشدار دەبن.

جومانە غلای وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەڵێت "زیاتر لە 42 هاوپەیمانێتی خۆیان تۆماركردووە‌و ڕەزامەندی لەسەر بەشداریكردنیان دراوە، ژمارەی حزبە بەشداربووەكانیش 267 حزبی تێپەڕاندووە".

وتەبێژەكەی كۆمسیۆن باس لەوەش دەكات، كۆی ئەو كاندیدانەی بەشدارن لە سەرجەم بازنەكان زیاتر لە سێ هەزارو 520 كەسن، زیاتر لە هەزاریان كاندیدی هاوپەیمانێتییەكانن، حزبەكانیش زیاتر لە هەزارو 600 كاندیدیان هەیە، ئەمە جگە لە دەیان كاندیدی سەربەخۆ.

"لەڕۆژی یەكشەممەوە بە هاوكاری چەند لایەنێك پڕۆسەی شیاویی كاندیدەكان دەستپێدەكات، ئەوەش ماوەی 15 ڕۆژی پێدەچێت" غلای وادەڵێت.

جومانە غلای ئەوەش دەخاتەڕوو، دۆسیەكانی دادوەری، پەروەردە، خوێندنی باڵا و تاوانی جینائی، بڕیار لە شیاوی و نەشیاوی كاندیدێك دەدات، بۆیە لەكاتی هەبونی هەر ساختەكاری و پێشێلكارییەك كەسەكە دووردەخرێتەوە.

دیارترین هاوپەیمانێتییەكان

لەكۆی ئەو 267 هاوپەیمانێتییە، ژمارەیەكیان زۆر دیار و بەهێزن و پێشبینی بردنەوە و بەدەستهێنانی كورسی زۆریان بۆ دەكرێت.

یەكێتی و گۆڕان هاوپەیمانێتییان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە ناوی "هاوپەیمانیی كوردستان" بۆ هەرێمی كوردستان و ناوچە جێناكۆكەكان پێكهێناوە، كە تاكە هاوپەیمانیی هەڵبژاردنەكەیە بۆ هەرێمی كوردستان.

بەپێی ڕێكەوتنی ئەو دوو حزبە گۆڕان حەوت كاندیدی دەبێت، چوار لە سلێمانی و دوو لە هەولێر و یەكێك لە كەركوك‌و ناوی كاندیدەكانی پێشكەش كردووە، بەڵام یەكێتی تائێستا كاندیدەكانی ئاشكرا نەكردووە.

"پێشكەوتنی نەتەوەیی" بە سەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەكێكە لە هاوپەیمانێتییە بەهێزەكانی سوننەكان، بەڵام دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا یەكەم گورزی بەركەوت كاتێك جەبهەی توركمانی لە هاوپەیمانێتییەكە كشایەوە.

حەسەن تۆران سەرۆكی جەبهەی توركمانی ڕوونكردنەوەیەكی بۆ بەڕێوبەری گشتی فەرمانگەی كاروباری حزبەكان و ڕێكخراوە سیاسییەكان ناردووە و ئاماژەی بە كشانەوەیان كردووە لە هاوپەیمانێتییەكەی حەلبوسی و چونەپاڵ هاوپەیمانیی جەبهەی توركمانی عێراقی یەكگرتوو.

"هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا" بەسەرۆكایەتی نوری مالكی یەكێكی دیكەیە لە هاوپەیمانێتییەكان، كە لە هەڵبژاردنی ڕابردووشدا قورسایی خۆی هەبوو لە ئەنجومەنی نوێنەران، "پێداگری عێراق" بە سەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر، "هاوپەیمانی عەرەبی" بەسەركردایەتی ڕاكان جبونی پارێزگاری بە وەكالەتی ئێستای كەركوك، "هاوپەیمانی نیشتمانیی" ئەیاد عەلاوی و "قوڵایی نەتەوەیی" خالید ئەسەدی چەند هاوپەیمانێتییەكی بەهێزی دیكەن.

عەمار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمە و حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی نەسر، پێكەوە بەشداری هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی عێراق دەكەن "هاوپەیمانێتی هێزی دەوڵەتی نیشتمانی"یان پێكهێناوە.

"هاوپەیمانێتی فەتح" بۆ ئەم هەڵبژاردنە پێك دێت لە بزوتنەوەی بەدر كە لایەنی سیاسی میلیشیاكانی بەدرە، سادیقون باڵی سیاسی عەسائب ئەهل حەق و چەند لایەنێكی دیكەن.

كێ چاودێری هەڵبژاردن دەكات

بەرپرسانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان ئاشكرای دەكەن، لە ئەمڕۆوە حزب و لایەنە سیاسییەكان مافی خۆتۆماركردن و گواستنەوە لەنێوان هاوپەیمانێتییەكان و یاخود پێكهێنانی هاوپەیمانێتی نوێیان نامێنێت.

كۆمسیۆن بۆ ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختە پشتی تەواو بە چاودێرە نێودەوڵەتییەكان دەبەستێت، بۆ ئەوەش لیژنەیەكی بەناوی "لیژنەی چاودێرە نێودەوڵەتییەكان" بە سەرۆكایەتی عەباس فەرحان سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردنی كۆمسیۆن پێكهێناوە.

لیژنەكە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەدا دەكات و بانگهێشتنامە بۆ 75 وڵات و ڕێكخراوی نێودەوڵەتیی دەنێرن تاوەكو چاودێری هەڵبژاردنەكان بكەن.

كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، هەڵبژاردن لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا كە 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵە بەڕێوەدەچێت و هیچ ئەگەرێك بۆ دواخستنی نییە و ئامادەكاریی تەواویش بۆ ئەو كاتە كراوە.

هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازەو عێراق كراوە بە83 بازنەو 83 كورسیی بۆ كۆتای ژناندیاریكراوە. هەرێمی كوردستان 44 كورسیی پەرلەمانی بۆ دانراوەو كراوە بە 12 بازنەیهەڵبژاردن؛ سلێمانی كراوە بە 5 بازنەی هەڵبژاردن‌و 18 كورسیی، هەولێر 4 بازنەیەو 15 كورسییە، دهۆك 3 بازنەیەو 11 كورسییە.

بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردن لە هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن كەسێك كە تەمەنی لە 28 ساڵ كەمترنەبێت و مەرجە دەستورییەكانی تێدابێتو دانیشتو و دەنگدەری بازنەی هەڵبژاردنەكەی بێت، دەتوانێت خۆی كاندید بكات. لەم هەڵبژاردنەدا هاووڵاتیی دەنگ بە لیست نادات،بەڵكوڕاستەوخۆ دەنگ بە كاندید دەدات لەوبازنەی هەڵبژاردنەی مافی دەنگدانی تێدا هەیە.

بردنەوەی كورسییەكانی هەر بازنەیەكی هەڵبژاردن بەپێی ژمارەی دەنگی كاندیدەكانەو هەر كاندیدێك زۆرترین دەنگ بهێنێت كورسیی پەرلەمان دەباتەوە.