دە ڕێكخراوی عێراقی‌و بیانیی: دەسەڵاتدارانی هەرێم مامەڵەیەكی دوژمنكارانە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان دەكەن

03-05-2021 05:13

پەرەگراف

بەرتەسككردنەوەی سنورەكانی كاری ڕۆژنامەوانی و خراپیی دۆخی ڕۆژنامەنوسانی هەرێمی كوردستان، بە تایبەت دوای دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووس‌و چالاكوانانی بادینان، حكومەتی هەرێمی ڕوبەڕوی ڕەخنەی تووند كردووەتەوەو لە نوێترین پێشهاتدا 10 ڕێكخراوی عێراقی‌و بیانیی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ، ڕەخنە لە حكومەتی هەرێم دەگرن‌و داوای كۆتاییهێنان بە فشارەكانی سەر ڕۆژنامەنووسان دەكەن.

ئەو ڕێكخراوانە ئەمڕۆیان بە دەرفەت زانیوە كە ڕۆژی ئازادی ڕۆژنامەوانییە بۆ ڕاگەیاندنی هەڵوێستی خۆیان لەبارەی پێشێلكارییەكانی دەسەڵاتدارانی كوردستان‌و ئەو مامەڵە "دوژمنكارانە"ی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان دەیكەن.

ڕێكخراوەكان نیگەرانن لە سوربونی دەسەڵاتدارانی هەرێم، لە دادگایكردنی ڕۆژنامەوانان لە تۆمەتێك كە پەیوەندیی بە كاركردنیانەوە هەیە وەكو ڕۆژنامەنووس.

ڕێكخراوەكان پێكهاتوون لە: ڕوانگەی یۆرۆی ناوەڕاست بۆ مافەكانی مرۆڤ، ڕێكخراوی مینا بۆ مافەكانی مرۆڤ، كۆمەڵەی پارێزگاری لە ئازادی ڕۆژنامەوانی لە عێراق، ڕێكخراوی هیۆمینا بۆ مافەكانی مرۆڤ و چالاكیی مەدەنی، ڕێكخراوی سام بۆ پاراستنی ماف و ئازادی، ناوەندی عێراقی بۆ دۆكیومێنتكردنی تاوانەكانی جەنگ، ڕێكخراوی ئەی ئێف دی نێودەوڵەتی، ڕێكخراوی هاوسۆزی بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئەكادیمیای نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ماف و گەشەپێدان-پاریس، پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ماف و گەشەپێدان-جنێف.

ئەو ڕێكخراوانە لە بەیاننامەیەكدا پێیانوایە، بە ئامانج گرتنی ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان، بەشێكە لە بەئامانج گرتنی چالاكوانانی مەدەنی، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەكانی دەسەڵاتداران بۆ لاوازكردنی جوڵانەوەی مەدەنیی‌و ڕێگریكردن لە ڕوماڵنەكردنی ئەو چالاكییانە لەلایەن دەزگاكانی ڕاگەیاندنەوە، بە تایبەت ئەو خۆپیشاندانانەی بۆ چاكسازیی ئابوری‌و باشتركردنی دۆخی ژیانی هاوڵاتیان لە هەرێمێكی پڕ نەوت ئەنجام دەدرێن.

دەستگیركراوانی بادینان لە بەیاننامەی ڕێكخراوەكاندا

لە 15 شوباتی 2021 ڕۆژنامەنوسان "شێروان شێروانی، گوهدار زێباری، ئەیاز كەرەم" برانە بەردەم دادگای تاوانی هەولێر، بەتۆمەتی بونی هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی، بۆ ڕۆژی دواتریش دادگا سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ دەركردن، "بە چەند تۆمەتێكی دروستكراو وەك تێوەگلان لە سیخوڕی بۆ وڵاتانی بیانی، هەوڵدانی بۆ تێكدانی دۆخی ئەمنی و ئاسایش، ناشرینكردنی ناو و ناوبانگی هەرێم" بەیاننامەی 10 ڕێكخراوەكە بەو شێوەیە باسی دەستگیركراوانی بادینان دەكات.

ڕێكخراوەكان باسیان لەوەكردووە، لە مانگی كانونی یەكەمی ساڵی 2020، لەكاتی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەكانی هەرێمی كوردستان، هێزە ئەمنییەكان زیاتر لە پێنج ڕۆژنامەنوسیان دەستگیركردووە و پەخشی كەناڵی "NRT"یان ڕاگرتووە، دوای ئەوەش ئاسایش هەڵیكوتاوەتەسەر بارەگای كەناڵەكە و ئامێرەكانیان شكاندوون.

"بەپێی چاودێریكردنی ڕووداوەكانی هەرێم و شێوازی مامەڵەی دوژمنانەی دەسەڵاتداران لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان، دەردەكەوێت ئەوان هیچ ڕێزێك لە یاسا عێراقی و ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان ناگرن كە تایبەتن بە ئازادی ڕۆژنامەوانیی"، 10 ڕێكخراوەكە بەو شێوەیە وەسفی شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان دەكەن لە هەرێمی كوردستان.

یاسای كاری ڕۆژنامەوانی جێبەجێ ناكرێت

یاسای كاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی كوردستان كە ساڵی 2007 دەركراوە، لە ماددەی دووەمیدا دەڵێت، كاری ڕۆژنامەوانی ئازادە و هیچ چاودێرییەكی لەسەر نییە، ئازادی ڕادەربڕین و بڵاوكردنەوە لە چوارچێوەی ڕێزدا بۆ هەموو هاوڵاتییەك بەردەستە.

هەر بەپێی یاساكە، نابێت ڕۆژنامەنووس‌و دەستگیر بكرێت‌و ڕۆژنامەنووس دەتوانێت هەموو ئەو زانیارییانەی دەستكەوێت كە بۆ هاوڵاتی گرنگن و پەیوەندییان بە بەرژەوەندی گشتییەوە هەیە، ئەوەش لەڕێی سەرچاوەكانییەوە و بەپێی یاسا، ئەمە جگە لەوەی قەدەغەكردنی ڕۆژنامە و دەستبەسەرداگرتنی ڕێگە پێنەدراوە.

هەر بەپێی ئەو یاسایە، هێرشكردنە سەر ڕۆژنامەنووسان بە تاوان دادەنرێت‌و وەك ئەوە وایە هێرش كرابێتەسەر فەرمانبەرێكی حكومیی.
بەڵام یاساكە وەكخۆی جێبەجێ ناكرێت، ئەوەش نیگەرانیی ڕۆژنامەنووسان‌و ڕێكخراوە ناوخۆیی‌و بیانییەكانی لێكەوتووەتەوە.

ڕێكخراوەكان داوای چی دەكەن؟

10 ڕێكخراوەكە داوا دەكەن، فشارێكی زیاتر بخرێتەسەر دەسەڵاتدارانی هەرێمی كورستان، تا كۆتایی بهێنن بە پێشێلكاری بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان، هەروەها میكانیزمێكی گونجاو دابنرێت بۆ لێپێچینەوە لەو پێشێلكارییانەی دەكرێن.

ڕێكخراوەكان لەكۆتایی بەیاننامەكەدا داوایان كردووە، حكومەتی هەرێم دووربكەوێتەوە لە بەكارهێنانی یاسا بۆ دادگایكردنی ڕۆژنامەنووسان و چاودێریكردنی كارەكانیان، هاوكات زیاتر پابەندی ئەو یاسا نێودەوڵەتی و ناوخۆییانە بێت كە ڕێگە بە ئازادی كاری ڕۆژنامەنووسی دەدەن بێ هیچ ڕێگری و دانانی بەربەستێك.

ڕۆژی ئازادی ڕۆژنامەوانی

ساڵی 1991 ڕۆژنامەنووسانی ئەفریقی بەیاننامەیەكیان بەناوی (ویندهۆك) بڵاوكردەوە، تێیدا پشتگیری خۆیان بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری لەكیشوەرەكەی خۆیان دەربڕی كە تاڕادەیەكی زۆر بەرتەسك كرابووەوە‌و ڕۆژنامەنووسان پێشێلكارییان بەرامبەر ئەنجام دەدرا، دواتر لەو ساڵەدا و لە 26هەمین كۆنگرەیدا ڕێكخراوی یونسكۆ بڕیاریدا سێی ئایار بكرێتە یادی ئازادیی ڕۆژنامەنووسی.

ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان ساڵی 1993 بە پشت بەستن بە ڕێنماییەكانی كۆنگرەكەی یونسكۆ، بڕیاریدا ڕۆژەكە بكرێتە بۆنەیەكی جیهانیی بۆ ئازادی ڕۆژنامەنووسی، لەو كاتەشەوە ساڵانە لەو ڕێكەوتەدا چەندین چالاكیی ئەنجام دەدرێن و ڕۆژنامەنووسان داوای بەرفراوانكردنی سنوری ئازادیی كارەكەیان‌و پاراستنی ماف و ژیانیان دەكەن، بە تایبەت لەو وڵاتانەی ئازادی ڕۆژنامەگەریی بەرجەستە ناكرێت.