ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییە، بارودۆخی ڕۆژنامەنووسانی سزادراوی بادینان چۆنە؟

03-05-2021 06:46

پەرەگراف

لە ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەریدا، كەسوكاری ڕۆژنامەنووس و چالاكانی سزادراوی بادینان لەبارەی دۆخی دەستگیركراوەكانەوە بۆ پەرەگراف دەدوێن. ماوەیەكی زۆرە ڕێگە بە دوو ڕۆژنامەنووسە دەستگیر كراوەكە نادرێت پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ كەسوكاریان ئەنجام بدەن. سەنتەری میترۆیش دەڵێت: پێشێلكارییەكان بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان بۆ نیو هێندە دابەزیوە.

ئەمڕۆ لە جیهاندا بە ڕۆژی ئازادیی ڕۆژنامەگەری دیاری كراوە. ڕەوشی ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان بە تایبەت لە دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی، لە ئاستێكی خراپدایە. كارنەكردن بە یاسای ڕۆژنامەگەری بەردەوامە و دەیان پێشێلكاریی بێ‌ لێپرسینەوە بەرانبەر ڕۆژنامەنووسان كراوە.

بەپێی لێدوانی كەسوكاری دەستگیركراوانی بادینان بۆ پەرەگراف، هەردوو ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی و گۆهدار زێباری، نزیكەی دوو مانگە ڕێگەیان پێ‌ نەدراوە تەلەفۆن بۆ كەسوكاریان بكەن، ئەمە لە كاتێكدایە تەلەفۆنی سنووردار بۆ دوو كەس لە سزادراوەكانی دیكە ڕێك دەخرێت، پەیوەندیی تەلەفۆنیی سزادراوێكی دیكەیشیان ڕاگیراوە.

ڕووگەش عیززەدین، هاوسەری شێروان شێروانی، بۆ پەرەگراف وتی "بەر لە نەورۆز لەگەڵ شێروان دوو خولەك قسەمان كردووە، دوای ئەوە تەلەفۆنی نەكردووە. براكەی سەردانی ئاسایشی كردبوو، پارە و جلوبەرگی بۆ بردبوو، بەڵام ڕێگەیان نەدابوو خۆی ببینێت".

هەروەها ئەیهان سەعید، برای شڤان سەعید و چالاكی مافەكانی مرۆڤ، بە پەرەگرافی وت "ڕێگە بە كاك شێروان و كاك گۆهدار نادرێت تەلەفۆن بكەن، ئەوانیش بە بیانووی ئەوەی كە دەنگیان تۆمار كراوە و بڵاو كراوەتەوە".

بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، بۆ پەرەگراف تیشكی خستە سەر ئەوە كە "بە بەردەوامی" سەردانی ئاسایش دەكەن بۆ بینینی ڕۆژنامەنووس و چالاكانی دەستگیركراوی بادینان، بەڵام "هەر جارەی بە پاساوێك ڕێگە نادەن" بیان بینن، تەنانەت ڕێگە نادەن بە تەلەفۆنیش قسەیان لەگەڵ بكەین.

كۆتایی ساڵی ڕابردوو و سەرەتای ئەمساڵ، لە هەڵمەتێكدا كە چەند مانگێكی خایاند، ژمارەیەكی زۆر ڕۆژنامەنووس و چالاكی دەڤەری بادینان دەستگیر كران. بەشێكی زۆریان تا ئێستایش دادگایی نەكراون، پێنج كەسیشیان تۆمەتی "سیخوڕی" و "هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم"یان دراوەتە پاڵ و سزای شەش ساڵ زیندانیكردنیان بۆ دەركراوە.

پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسە سزادراوەكە بریتین لە (شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گۆهدار محەمەد، هاریوان عیسا و شڤان سەعید). ئێستا دۆسیەكەیان لە دادگای پێداچوونەوەی هەولێرە و كەسوكار و پارێزەرەكانیان دەڵێن "چاوەڕێین دادگای پێداچوونەوە ئەو سزا نادادپەروەرانە هەڵبوەشێنێتەوە و ئازادیان بكات".

دۆخی سێ‌ سزادراوەكەی دیكەی بادینان چۆنە؟

جەرگیس كەرەم، برای ئەیاز كەرەم كە یەكێكە لە پێنج سزادراوەكەی بادینان، ئەمڕۆ بە پەرەگرافی وت "زیاتر لە دوو مانگە ئەیاز تەلەفۆنی نەكردووە و نازانین هۆكارەكەی چییە".

براكەی ئەیاز كەرەم وتیشی "دوو تا سێ‌ جار ڕێگەیان داوە پارەی بۆ بنێرین، یەك جاریش جلوبەرگ. نزیكەی پێنج مانگ لەمەوبەریش یەك جار بینیومانە".

ئەیهان سەعیدیش جەختی كردەوە كە "هەفتانە یان چەند هەفتە جارێك" ڕێگە بە "كاك شڤانی برام دەدەن تەلەفۆن بكات، بەڵام تەنیا هەواڵپرسییە، ڕێگە نادرێت باسی بارودۆخی خۆیان بكەن".

ئەیهان سەعید نموونەی ئەوەی هێنایەوە كە "پێشتریش لە تەلەفۆندا باسی هەموو شتێكیان نەدەكرد، بەڵام كە لیژنەی مافی مرۆڤ ڕۆیشتە لایان، باسیان كرد كە دەرمانیان پێ‌ نادرێت و شوێنیان خراپە، كاك شێروانیش وتبووی جارێك لێم دراوە".

لای خۆیشیەوە سەعید عیسا، برای هاریوان عیسا، بە پەرگرافی وت "هەفتەیەك لەمەوبەر هاریوان تەلەفۆنی كرد، ماوەكەی كەمتر لە خولەكێك بوو. وتی: بارودۆخم باشە. لەوە زیاتر هیچی نەوت".

"چەند جارێك هاریوان داوای جلوبەرگی كردووە، دوو جار بۆمان برد، بەڵام لە ئاسایش لێیان وەرنەگرتین، وتیان قەدەغەیە، ئەم دوایین جارەش داوای كرد، وتم دوو جار بۆم هێناویت ئاسایش ڕێگە نادەن"، سەعید عیسا وای وت.

براكەی هاریوان عیسا ئاماژەی بەوە كرد كە "لە دوای سزادانیەوە نەمان بینیوە. دوو بۆ سێ‌ هەفتە جارێك تەلەفۆن دەكات، ئەویش یەك یان دوو خولەك قسە دەكات".

لە ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەریدا، تیمی CPT سەردانی خانەوادەی شێروان شێروانی كرد و دەڵێـت "‎هاودەنگ لەگەڵ خانەوادەی شێروان شێروانیدا، سی پی تی داوا لە حكوومەتی هەرێم دەكات كە ڕێگە بە هەبوونی پەیوەندیی تەلەفۆنی لە نێوان شێروان شێروانی و خانەوادەكەی بدرێت و گەرەنتی بدرێت لە بەڕێوەچوون و پێشكەوتنی پڕۆسەیەكی پێداچوونەوەی دادپەروەرانە بە دۆسیەی زیندانیانی بادینان".

كونسوڵگەریی ئەمریكایش لە هەولێر، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییەوە دەڵێت "ڕاگەیاندنی ئازاد پێویستیی بەدیهێنانی حكوومەتی بەرپرسیار و كۆمەڵگای كراوە و گەشەپێدانی ئابوورییە. لەم ڕۆژەدا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی ئازادییە بنەڕەتییەكان دووپات دەكاتەوە و دان بە ڕۆژنامەواناندا دەنێت بۆ ئەو ئازایەتییەی پێویستە بۆ بە ئەنجام گەیاندنی كارەكانیان لە بارودۆخی سەخت و مەترسیداردا".

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، ئەمڕۆ ئاماری چوار مانگی پێشێلكارییەكانی بڵاو كردەوە، كە بەپێی ئامارەكە "49 پێشێلكاری بەرانبەر 36 ڕۆژنامەنووس" كراوە.

جۆرری پێشێلكارییەكانیش بەم جۆرە بوون "23 حاڵەتی ڕێگری لە ڕووماڵكردن، 15 حاڵەتی هێرش و هەڕەشە و سووكایەتی، شەش حاڵەتی زەوتكردنی كەلوپەلی ڕۆژنامەوانی، پێنج حاڵەتی دەستبەسەركردن بەبێ بڕیاری دادگا".

بەپێی ئامارەكانی سەنتەری میترۆ، بەراورد بە ئاماری چوار مانگی سەرەتای 2020 كە (88) پێشێلكاری هەبووە، پێشێلكارییەكان بۆ نزیكەی نیوە دابەزیوە.