دادگای پێداچوونەوە سزادانی چالاك و ڕۆژنامەنووسانی بادینانی پەسەند كرد؛ بڕیارەكە بە فەرمی دەرنەچووە

04-05-2021 12:54

پەرەگراف

دەستەی سزایی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان سزای شەش ساڵ بەندكردنی پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكەی بادینانی پەسەند كردووە، بەڵام هێشتا بڕیارەكە بە ڕەسمی نەگەیشتووەتە دەستی پارێزەرانی دۆسیەكە. هەروەها هیوایەكی بچووك بۆ گۆڕنی بڕیارەكە ماوە كە یاساناسێك بە "پێشبینینەكراو"ی دەزانێت.

یەكێك لە پارێزەرانی دۆسیەی سزادراوانی بادینان بە پەرەگرافی وت "بڕیارەكە دوێنێ‌ لە كۆتایی دەوامدا لەلایەن دەستەی سزایی كە لە پێنج دادوەر پێك دێت، دەركراوە، بەڵام هێشتا چاپ نەكراوە و لەلایەن دادوەرەكانەوە واژوو نەكراوە".

"بڕیارەكە نووسراوەتەوە و تەواو بووە، چاوەڕێ‌ دەكرێت ئەمڕۆ و سبەی چاپ بكرێت و پێنج دادوەرەكە واژووی لەسەر بكەن. تا ئەو كاتە ئێمە بۆمان نییە قسەی لەسەر بكەین"، ئەو پارێزەرە بۆ پەرەگراف وای وت.

هاوكات بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، بە پەرەگرافی وت "ئەمڕۆ تا كاتژمێر یەكی نیوەڕۆ لە دادگای تاوان بووین، پارێزەرمان ناردووە و بەدواداچوونمان كردووە، بەڵام هێشتا بە ڕەسمی هیچ بڕیارێك دەرنەچووە".

"ئەگەر بڕیارێكی لەو شێوەیە دەربچێت، سەرەتا ئاراستەی ئێمە دەكرێت، ئێمەش بڵاوی دەكەینەوە"، بەشدار حەسەن وای وت.
وەكوو پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان باسی دەكات، دوو هەفتە لەمەوبەر داوایان كردووە "دۆسیەكە ئاراستەی دەستەی گشتی دادگای پێداچوونەوە بكرێت، بەڵام ڕەت كرایەوە".

بەڵام یاساناس لەتیف شێخ مستەفا (حاكم شێخ لەتیف) بە پەرەگرافی وت "ڕاستە پێشتر ئەو داواكارییە ڕەت كرایەوە، بەڵام ئێستایش ئەگەر تۆمەتبارەكان داوای ڕاستكردنەوەی بڕیارەكە بكەن، سەرۆكی دادگای پێداچوونەوە دەسەڵاتی هەیە دۆسیەكە ئاراستەی ئەنجوومەنی گشتیی دادگای پێداچوونەوە بكات".

هەرچەندە هەر ئەو یاساناسە لە نووسنێكدا لە فەیسبووك وەها بڕیارێكی بە "پێشبینی نەكراو" ناو بردووە و دەڵێـت "ئەگەر گریمان داوای ڕاستكردنەوەش بكرێ و سەرۆك ڕازییش بێ بیدات بە دەستەی گشتی، تازە پێشبینی ناكرێ‌ دەستەی گشتیی دادگای پیداچوونەوەش بڕیارەكەی بۆ بگۆڕدرێت، یان بیەوێت بیگۆڕێت".

دەستەی گشتیی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان كە 15 دادوەرە، لە هەموو ئەندامانی دادگای پێداچوونەوە پێك دێت كە 14 ئەندام و سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەیە.

یاساناس لەتیف شێخ مستەفا بڕیارەكەی بە "ڕۆژێكی ڕەش و وەرچەرخانێكی ترسناك لە ڕووی بەكارھێنانی دادگا بۆ سزادانی سیاسی" ناوبردووە پێی وایە "ناوبانگی ھەرێمیش زیاتر ناشیرین دەكات".

هاوكات دەشڵێت "تاقە ڕێگا مابێ، ئەوەیە كە سەرۆكی ھەرێم لە ئاستی وتەكانی خۆی بێ و بڕیارێكی لێبوردنی تایبەتیان بۆ دەر بكات".

"جارێ بڕیارەكەیان چاپ و ئیمزا نەكراوە، ھیوادارین چاوی پێدا بخشێنەوە. دنیا ئەوەندەی بە بەرەوە نییە، چونكە باش دەزانن بێ گوناحن و تاوانیان نەكردووە، ھەروەك چۆن دادگای تاوانەكانی دھۆك پێشتر لە كەیسی ھاوشێوەی مامۆستا بەدەل بەرواری بڕیاری دابوو كە ئەوەی مامۆستا بەدەلی پێ تاوانبار كراوە، تاوان نییە و دەچێتە خانەی ئازادیی ڕادەربڕین و ڕەخنە گرتنەوە"، لەتیف شێخ مستەفا وا دەڵێت.

هەروەها عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان كە لە نزیكەوە لە پڕۆسەی دادگاییكردنی چالاكوانانی بادینان ئامادەبووە، سزاكە بە "ناڕەوا" لە قەڵەم دەدات‌و دەڵێت "ئەوەی ئەوانی لەسەر حوكمدرا ڕۆژانە خەڵك لە گروپی مەسنجەر دەیكات.. ئەوەی من دیتم نادادییەكی ئێجگار گەورە بوو".

كۆتایی ساڵی ڕابردوو و سەرەتای ئەمساڵ، لە هەڵمەتێكدا كە چەند مانگێكی خایاند، ژمارەیەكی زۆر ڕۆژنامەنووس و چالاكی دەڤەری بادینان دەستگیر كران. بەشێكی زۆریان تا ئێستایش دادگایی نەكراون، پێنج كەسیشیان تۆمەتی "سیخوڕی" و "هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم"یان درایە پاڵ و سزای شەش ساڵ زیندانیكردنیان بۆ دەركرا.

پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسە سزادراوەكە بریتین لە (شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گۆهدار محەمەد، هاریوان عیسا و شڤان سەعید). ئێستا دۆسیەكەیان لە دادگای پێداچوونەوەی هەولێرە و كەسوكار و پارێزەرەكانیان دەڵێن "چاوەڕێین دادگای پێداچوونەوە ئەو سزا نادادپەروەرانە هەڵبوەشێنێتەوە و ئازادیان بكات"، بەڵام دادگاكە سزاەیانی پەسەند كردووە.