موشەكە چینییەكە؛ كەی دەكەوێتە خوارەوەو بەر كوێ دەكەوێت؟

05-05-2021 07:45
ساتی هەڵدانی موشەكەكە لە چین

پەرەگراف

دوای ئەوەی توانیی بەسەركەوتوویی پارچەیەكی تەكنینی بنەڕەتی بگەیەنێت بە وێستگەی چین، ئەو موشەكە چینییەی ڕۆژی پێنج شەممە ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان كرا لە كۆنتڕۆڵ دەرچووە و مەترسی كەوتنە خوارەی هەیە لە چەند ناوچەیەكی گۆی زەوی كە شوێنی نیشتەجێبوونی دانیشتوانن.

بارێكی قورس

موشەكەكە ناوی (Long March 5B) بە گەورەترین و بەهێزترین موشەكی چینی دادەنرێت، درێژییەكەی نزیكەی 30 مەتر و پانییەكەی چوار مەترە، كێشی 21 تەنە، بەوەش دەبێتە گەورەترین و قورسترین بار كە لەماوەی چەند سەدەی ڕابردوودا لە بۆشایی ئاسمانەوە بكەوێتە خوارەوە بۆ سەر زەوی.

ئێستا پارچەی موشەكەكە 90 خولەك جارێك بە دەوری خولگەی زەویدا دەسوڕێتەوە، لە بەرزاییەكی كەمەوە كە لە نێوان 170 بۆ 370 كیلۆمەترە لەسەر ڕوی زەوییەوە خولەكەی تەواو دەكات، لەسەر چەند ڕادارێكی سەر زەویش دەركەوتووە و زاناكان هەستیان بە ناڕێكیی جوڵەكەی كردووە.

ئەو جوڵە ناڕێكەی موشەكەكە نیشانەی لە كۆنتڕۆڵ دەرچونیەتی، واتا بەڕێوبەرایەتی بۆشایی ئاسمانیی نیشتمانی چین، ناتوانێت ئاڕاستەی شوێنێكی دیاریكراوی بكات و لەسەر یەكێك لە زەریاكان بیخاتە خوارەوە.

لەبارەی شوێنی كەوتنە خوارەوەی موشەكەكە، ناتوانرێت و نازانرێت بە دیاریكراوی لە كوێ دەبێت، چونكە بە دەوری زەویدا لەسەر هێڵەكانی نێوان ناوچەكانی؛ نیویۆرك و مەدرید و پەكین لە باكور، چیلی و نیوزلەندا لە باشور دەسوڕێتەوە كەوتنە خوارەوەشی لەو ناوچانەدا دەبێت، بەو پێیەشی 71%ی زەوی لە ڕوبەری ئاویی پێكهاتووە، بۆیە ئەگەری زۆرە موشەكەكە بكەوێتە ئاوەوە.

ئایا لە هەرێمی كوردستان دەكەوێتە خوارەوە؟

دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی لە كۆنتڕۆڵ دەرچونی موشەكە چینییەكە، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگۆی كەوتنە خوارەوەی لە هەرێمی كوردستان و بە دیاریكراوی لە ناوچەكانی هەڵەبجە و قەرەگۆل و زەڕایەن بڵاوبووەوە، بەڵام ئەوانە هیچ بنەمایەكی زانستییان نییە و هیچ سەرچاوەیەك شوێنی كەوتنە خوارەوەی موشەكەكەی دیاریی نەكردووە.

لوقمان حەوێز، ئەندامی كۆمەڵەی گەردونناسی لە تەكساس لە پۆستێكیدا لە فەیسبووك نووسیویەتی "پێشبینی دەكرێت كەوتنەخوارەوەكە لەنێوان بەرەبەیانی ڕۆژی شەممەی داهاتوو 8ی ئایار تاوەكو كۆتایی ڕۆژی یەكشەممە 9 ئایار بێت، بەڵام تا چەند كاتژمێرێك بەر لە بەربوونەوەی كەس بەوردیی ناتوانێت پێشبینی شوێنی كەوتنە خوارەوەی بكات".

لوقان حەوێز ئاماژەی بەوە كردووە، شوێنی كەوتنەخوارەوەكە دیارنییە، بەڵام لەسەر شوێنێكی هێڵە پانیەكانی نێوان باكوری شاری نیویۆرك تاوەكو چیلی دەبێت، ئەوەش هەموو ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە كوردستانیشەوە دەگرێتەوە.

"زۆرینەی ڕووی زەوی بە ئاو داپۆشراوە بۆیە ئەگەری كەوتنەخوارەوەی ئەو پارچانە لەسەر وشكایی كەمترە، هەروەها لەبەرئەوەی لەسەر وشكایی ڕووبەری شار و شارۆچكە و دێهاتەكان بەراورد بە پانتاییە بەتاڵەكان زۆر كەمترە، بۆیە ئەگەری كەوتنەخوارەی لەسەر شار و دێهاتەكانیش زۆر كەمە" ئەندامەكەی كۆمەڵەی گەردونناسی لە تەكساس ئەوەی نوسیوە.

بۆچی بەرگەهەوای زەوی موشەكەكە ناسوتێنێت؟

كاتێك پارچەكانی موشەكێك یاخود تەنێك لە بۆشایی ئاسمانەوە بەرەو زەوی دێن و نزیكن لە كەوتنە خوارەوە، بەرگەهەوا دەیانسوتێنێت و هیچ پارچەیەكیان ناكەوێتە خوارەوە، بەڵام چونكە موشەكە چینییەكە زۆر گەورەیە، بۆیە پێشبینی دەكرێت پاچەی زۆر گەورەی بمێنێتەوە و نەسوتێت بەتایبەت دوو بزوێنەری موشەكەكە، ڕەنگە بە چەند پارچەیەكیش بكەوێتە سەر زەوی.

ڕووداوی هاوشێوە

ئەمە یەكەمجار نییە ڕووداوی لەو شێوەیە ڕوودەدات، مانگی ئایاری ساڵی 2020 پارچەی موشەكێكی دیكەی چینی كە لەهەمان جۆری ئەمەی ئێستایە، بەرگەهەوای بڕی و كەوتە زەریای ئەتڵەسییەوە، بەڵام چەند پارچەیەكی لە چەند گوندێكی ڕۆژئاوای وڵاتی كۆتیڤوار كەوتنەخوارەوە و هیچ كەسێك ئاماژەی بە زیانەكانی نەكرد.

لەگەڵ ئەوەشدا چەندینجار پاشماوەی موشەكی ئاسمانیی یاخود پارچەكانی مانگی دەستكرد كەوتونەتە خوارەوە، بەڵام تائێستا هیچ حاڵەتێكی برینداربوون و بەركەوتن لەگەڵ مرۆڤ لەسەر زەوی تۆمار نەكراوە، بەڵام بۆ موشەكی (Long March 5B) دۆخەكە بە نادیاریی دەمێنێتەوە تا ئەو كاتەی دەكەوێتە خوارەوە.