گەڕانەوەی مەكگۆرك بۆ هەولێر لە دوای ڕیفراندۆم؛ شاندی ئەمریكا چیی بە بەرپرسانی هەرێم وتووە؟

06-05-2021 04:14

پەرەگراف

برێت مەكگۆرك بۆ یەكەم جار لە دوای ڕیفراندۆم و لێكەوتەكانی، لەگەڵ شاندێكی باڵای وڵاتەكەی گەڕایەوە هەرێمی كوردستان. شاندی ئەمریكا لە چوار كۆبوونەوەی جیادا لەگەڵ سەرۆكی حكوومەت، سەرۆكی هەرێم، سەرۆكانی پارتی و یەكێتی، پەیوەندییەكانی هەردوولا و بابەتە هەنووكەییەكانی ناوچەكە و هەرێمیان تاوتوێ‌ كردووە.

مەكگۆرك كە نوێنەری باراك ئۆبامانی سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا بوو بۆ شەڕی داعش، ساڵی 2017 لەگەڵ مەسعود بارزانیی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان لەسەر ڕیفراندۆم ناكۆكیی گەورەیان لە نێواندا دروست بوو، چونكە واشنتۆن دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بوو.

ئێستا مەكگۆرك ڕێكخەری كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئافریقایە لە كۆشكی سپی و لە چوارچێوەی شاندێكی باڵای ئیدارەی جۆ بایدندا گەڕاوەتەوە هەولێر. شاندەكە جگە لە مەكگۆرك، پێكهاتبوو لە دێریك شۆلێ، گەورە ڕاوێژكاری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و دەینا سترۆل، جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگریی بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جوی هود، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ كاروباری خۆرهەڵاتی نزیك.

بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لە كۆبوونەوەی شاندی باڵای ئەمریكا و مەسعود بارزانیی سەرۆكی پارتی دیموكراتدا، شاندی میوان "سڵاوی تایبەتی سەرۆك بایدن و وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەمریكایان" بە بارزانی گەیاندووە و "شاندەكە جەختیشی لەوە كردەوە كە ئیدارەی تازەی ئەمریكا زۆر بە باشی ئاگاداری ڕەوش و گرفتەكانی عێراق و ناوچەكەیە، وڵاتەكەیان پابەندی ئەو هاوبەشییە دەمێنێتەوە كە لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هاوپەیمانەكانی تری هەیەتی".

"لە درێژەی ئەو دانیشتنەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا، تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كران"، بارەگای بارزانی وا دەڵێت.

بارزانی بە شاندە باڵاكەی ئەمریكای وتووە كە "كە هەڕەشەی تیرۆر و داعش لە عێراق و ناوچەكەدا هەر ماوە، چونكە ئەو هۆكارانەی بوونەتە هۆی دەركەوتن و بەهێزبوونی داعش، هێشتا چارەسەر نەكراون".

كۆبوونەوەیەكی دیكەی شاندی ئەمریكا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانیی سەرۆكی هەرێم بوو. وێنەكانی پێشوازیكردن لە شاندەكە وای نیشان دەدەن كە هەردوو لا گەرموگوڕ و خۆشحاڵن بە بینینی یەكدی.

لە ڕاگەیەندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمیشدا هاتووە "شاندێكی باڵای ئەمەریكی سڵاو و ڕێزی سەرۆك جۆ بایدن و بەڕێزان وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەمریكایان بە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی گەیاند و دووپاتیان كردەوە كە هەر لە سەرۆك بایدنەوە تا بەرپرسانی باڵای دیكەی ئەمەریكا، دۆستی زۆرتان لە واشنتۆن هەیە".

"گفتوگۆی ستراتیژیی عێراق ـ ئەمریكا و گرنگیی بەشداریی هەرێمی كوردستان تیایدا، یادی 30 ساڵەی دامەزراندنی نەوای ئارام و ڕۆڵی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە پاراستنی گەلی كوردستاندا، دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغدا، هەماهەنگییان بۆ بەرەنگابوونەوەی داعش، هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق، دۆخی ناوچەكە بەگشتی و كۆمەڵێك بابەتی جێی بایەخی هاوبەش، چەند تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوون"، سەرۆكایەتیی هەرێم وا دەڵێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، شاندەكە جەختی كردووەتەوە كە "ئیدارەی تازەی ئەمریكا لە پشتگیری و یارمەتیدانی ئێوە و هاوپەیمانەكانی بەردەوام دەبێت، بە بایەخەوە لە هاوبەشی و پەیوەندییەكانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان دەڕوانێت و گرنگی بە پتەوكردنی هاریكاریی درێژخایەنی نێوانیان دەدات".

مەسرور بارزانیی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمیش لەبارەی ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ شاندی ئەمریكا دەڵێت "لە كۆبوونەوەكەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی عێراق و ناوچەكەمان تاوتوێ كرد. ئاماژەیان بەوەدا كە هاتنی ئەم شاندە جەختكردنەوەی گرنگیدانی سەرۆك و حكومەتی ئەمریكایە بە بەهێزكردنی پەیوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان".

شاندە باڵاكەی ئەمریكا هەر لە شاری هەولێر لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكانی یەكێتی كۆبووەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكە "گفتوگۆیەكی جدی و هەمەلایەنە كرا سەبارەت بە دوایین گۆڕانكارییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە لە ڕووی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و ڕێوشوێنەكانی بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا".

"هاوسەرۆكانی یەكێتی جەختیشیان لە هەڵوێستی نەگۆڕی یەكێتی كردەوە بۆ یەكڕیزی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و نەهێشتنی ناكۆكی و گرژییە سیاسییەكان. لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا، هاوسەرۆكان دووپاتیان كردەوە كە گرتنەبەری زمانی دیالۆگ و لێكتێگەیشتنی هاوبەش و پەنابردن بۆ دەستوور تاكە ڕێگەی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانە".