بڕیاری دادگای پێداچوونەوە لەبارەی سزادراوانی بادینان بڵاو كرایەوە

06-05-2021 12:45

پەرەگراف

دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ پێج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكەی بادینان پەسەند كرد. پارێزەرانی دۆسیەكە جارێكی دیكە سەرجەم تۆمەتەكان ڕەت دەكەنەوە و هەنگاوی داهاتوویان بۆ كاركردن لەسەر دۆسیەكە دەخەنە ڕوو.

بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "بە زۆرینەی دەنگی دەستەی سزایی دووی دادگای پێداچوونەوە، بڕیارەكە ڕۆژی 28-4-2021 پەسەند كراوە، بەڵام ئەمڕۆ ڕاگەیەندرا و نوسخەی گەیشتە دەستی ئێمە".

بەشدار حەسەن وتیشی "ئێمە سزاكەمان تەمیز كردەوە، پەڕاوێكشمان دایە دادگای پێداچوونەوە و داوامان كردبوو كە دۆسیەكە بدرێتە دەستەی گشتیی دادگای پێداچوونەوە، بەڵام سەرۆكی دادگا ڕەتی كردەوە و دای بە دەستەی سزایی دوو".

ئەو پارێزەرە لەگەڵ ڕەتكردنەوەی سەرجەم تۆمەتەكان، دەپرسێت "ئەگەر دوو لە ئەندامانی دادگای پێداچوونەوە كە خاوەنی چەند ساڵ ئەزموونن لە كاری دادوەریدا، باوەڕیان بەو بڕیارە نەبێت، دەبێت چۆن سزادراوان و كەسوكاریان و خەڵكێك كە شارەزای یاسا نییە، چۆن باوەڕیان پێی هەبێ‌؟".

لە ماوەی 30 ڕۆژدا دەكرێت داواكاری گشتی، سزادراوان و پارێزەرانیش داوای ڕاستكردنەوەی بڕیاری پێداچوونەوە بكەن. بەشدار حەسەن وتی "بە دڵنییایەوە ئێمە داوای دەكەین".

پارێزەران دوو پاساویان بۆ داواكردنی ڕاستكردنەوەی بڕیاری پێداچوونەوە هەیە كە بەشدار حەسەن بە "هەڵەی جەوهەری" ناوی بردن. ئەوانیش ئامادەبوونی ئاسایش لە كاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی دادگاییكردنە لە دادگا، دووەمیش ئامادەنەبوونی پارێزەرانە لە كاتی وەرگرتنی وتەی دەستگیركراوندا.

"ئەگەر ئەو ڕێگەیەش سەركەوتوو نەبێت، ئەوا دوایین ڕێگە (بۆ ئازادكردنی چالاك و ڕۆژنامەنووسانی بادینان) دەركردنی فەرمانێكی لێخۆشبوونی تایبەتە لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە"، پارێزەرەكە وای وت.