حوكمی كۆتایی ڕۆژنامەنووس‌و چالاكانی بادینان: پارەیان لە كونسوڵخانەی ئەمریكاو ئەڵمانیا وەرگرتووە

06-05-2021 04:13

پەرەگراف

دەستەی سزایی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ پێج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكەی بادینان پەسەند كرد، لە بڕیارەكەی دادگادا هاتووە: ئەو كەسانە پەیوەندییان بە كونسوڵخانەی ئەمریكاو ئەڵمانیاوە هەبووەو پارەیان لەوان وەرگرتووە. ئەمە بەشێكە لەو "تاوانە"ی دراوەتە پاڵیان.

بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە لە 28-4-2021 بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی دەستەی سزایی دادگاكە دەركراوە، وێنەیەكی دەست پەرەگراف كەوتووە‌و تێیدا جەخت لە "دروستیی" بڕیاری دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر لەسەر ئەو چالاك و ڕۆژنامەنووسانە كراوەتەوە‌و سزای شەش ساڵ زیندانیكردن بۆ هەریەكێكیان پەسەند كراوە.

پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسە حوكمدراوەكە بریتین لە (شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گۆهدار محەمەد، هاریوان عیسا و شڤان سەعید)، ئەوان مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو لە چەند هەڵمەتێكی هێزە ئەمنییەكاندا دەستگیركران كە ژمارەیەكی زۆر لە ڕۆژنامەنووس و چالاكی دەڤەری بادینانی گرتەوە، بەشێكی زۆر لە دەستگیركراوان تا ئێستایش دادگایی نەكراون، ئەو پێنج كەسەیشیان تۆمەتی "سیخوڕی" و "هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم"یان درایە پاڵ.

ئەو "تاوانانە"ی دراوەتە پاڵ حوكمدراوان چین؟

لە بڕیارەكەی دادگادا هاتووە "ئەو بەڵگانەی لە دۆسیەكەدا هەن لە دژی تۆمەتباران‌و خۆیشیان لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەدا دانیان ناوە بە ڕێكخستنی گروپێك بە سەرۆكایەتی تۆمەتبار شیروان ئەمین، لەگەڵ كۆمەڵێك تۆمەتباری دیكە كە دۆسیەكانیان جیاكراوەتەوە لەبەرئەوەی ئێستا هەڵاتوون، ئامانجیان لە دروستكردنی ئەم گروپە بە ئامانجگرتنی ناوچەو دەزگا هەستیارەكان بووە لە هەرێمی كوردستان بۆ زیان گەیاندن بە سەقامگیری‌و ئاسایشی هەرێمی كوردستان، هەروەها ئەنجامدانی كاری گێرەشێوێنی دژی دامەزراوەكانی هەرێم‌و بەرپرسە سیاسی‌و سەربازی‌و دەزگا حكومی‌و ئیداری‌و دادوەرییەكان".

"بە دانپێدانانی خۆیان دەڵێن كە پەیوەندیی نامەشروعیان هەبووە لەگەڵ كۆمەڵێك كەسی بیانی‌و نەناسراو بۆ جێبەجێكردنی ئامانجە گێرەشێوێنییەكانیان، هەروەها پەیوەندییان كردووە بە كونسوڵخانەی ئەمریكاو كونسوڵخانەی ئەڵمانیاو لەوانەوە بڕێك پارەیان وەرگرتووە" لە بڕیارەكەدا هاتووە.

بڕیارەكە دەشڵێت "هەروەها پەیوەندییان كردووە بە گروپی پەكەكەوەو لەناو ئەواندا كەسێك بەناوی شەعبان حەسەن ڕەمەزان، هەروەها وێنەو زانیارییان لەسەر بەرپرسانی هەرێم دەستكەوتووەو ناردوویانە بۆ لایەنی دژومنكار، هەروەها زانیارییان پێداون لەبارەی زیندان‌و بارەگاكان لە هەرێمی كوردستان، هەروەها دانیان بەوەدا ناوە یارمەتیی داراییان لە ڕێكخراوێكی ئەمریكی وەرگرتووە كە بڕەكەی نزیكەی 5 هەزار دۆلار بووە‌و ڤیدیۆیان بۆ ڕێكخراوی پارێزەرانی جیهانیی ناردووە لەبارەی جوڵەی هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچەی شیلادزێ‌و زانیاریی لەبارەی بیرەنەوتەكان لە هەرێمی كوردستان، دانیشیان ناوە بە ئەنجامدانی ئەم كردەوە تاوانكارییانە بە هاندانی كۆمەڵێك كەس لە ناوەوەو دەرەوەی هەرێم".

"تۆمەتباران دانیان ناوە بە كۆبوونەوەیان لەگەڵ كونسوڵی ئەڵمانیا لە یەكێك لە هۆتێلەكان و ناردنیان بۆ ناوچەی دۆرە دووجار بە ڕێنوێنی سەركردەی گروپەكە تۆمەتبار (شیروان ئەمین) ئەو وێنەو زانیارییانەی لە لاپتۆپەكەی شیروان وەرگیراوە دڵنیابووینەوە كە وێنەی كۆمەڵێك كەسایەتی‌و بەرپرسی ئەمنیی‌و ئیداریی‌و سەربازییە لە هەرێمی كوردستان هەر یەك لە تۆمەتبارەكان لە دۆسیەی بەرگری لەخۆكردنیان دانیان بەوەدا ناوە كە تۆمەتبار شەعبان حەسەن ڕەمەزان ناسراو بە ئەبو شەعبۆ ئەو وێنانەی بۆ ناردوون لە ڕێی ئامێرەكانی پەیوەندیكردنەوە تاوەكو بیانخاتە تەڵەوە".

لە بڕیارەكەی دادگادا ئەوەش خراوەتە ڕوو، "هەروەها بەپێی گەواهیدانی لێكۆڵەری نهێنیی‌و كۆمەڵێك بەڵگەو تۆماری قسەی نێوان تۆمەتبارەكان لە تۆڕەكۆمەڵاتییەكانی فەیسبوك‌و مەسنجەرو ڤیدیۆكان‌و دەقە نوسراوەكانی تۆمەتبار شیروان ئەمین، دەركەوتووە كە زانیاریی‌و وێنەو پەیوەندیی هەبووە لەگەڵ ڕێكخراوی 17ی شوبات لە وڵاتی سوید".

ئەو ڕۆژنامەنووس‌و چالاكانە لە ڕۆژی دادگایی كردنیاندا لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی ئەمساڵ بە ئاشكرا ئەوەیان گوتووە كە "لەژێر هەڕەشەی نامووسدا" دانپێدانانیان لێوەرگیراوە.

بەڵام بە پێچەوانەوە بڕیارەكەی دادگا دەڵێت "دانپێدانانی تۆمەتبارەكان لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدا بە ئازادی‌و ئیرادەو دركی خۆیان بووەو بەبێ فشارو ڕق‌و مەبەست بووە. هەروەها ئەنجامدانی دەستدرێژی‌و ئەشكەنجەدانی تۆمەتبارەكان نەسەلمێندراوە، چونكە ڕاپۆرتی پزیشكییان پێنەبووە كە شوێنەواری ئەشكەنجەدان لەسەر جەستەیان دەربخات‌و هیچ سكاڵایەكیان نەبووە لەسەر كەسێك كە دەستدرێژی كردبێتنەسەر و نەسەلمێندراوە كە دانپێدانانەكانیان لەژێر هیچ هێز‌و هەڕەشەیەكدا بووبێت. پاشگەزبوونەوەی تۆمەتبارەكان لە دانپێدانانەكانیان لەبەردەم دادگا هیچ سوودێكی بۆیان نابێت، چونكە دانپێدانانەكانیان لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە نزیكترە لەكاتی ڕووداوەكە ڕووداویش بەپێی نزیكیی لەكاتەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، ئەو بەڵگانەی لە داواكەدا بەدەستهاتوون بەیەكەوە بەستراون‌و پەیوەندییان بەیەكەوە هەیەو سەرجەمیان بڕواپێهێنەرن بۆ تاوانباركردنی تۆمەتباران بەپێی ماددەی یەك لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە بە پشت بەستن بە ماددەكانی 47و48‌و49 لە یاسای سزادان هەروەها ئەو سزای زیندانیكردنەی بۆ هەریەكێكیان دەرچووە(6 ساڵ) گونجاوەو هاوتایە لەگەڵ تاوان‌و مەترسییەكەیان‌و دۆخی تاوانبارەكان، بەپێی ئەمانەی سەرەوە بڕیار درا بە وەڵامی تانەی پێداچوونەوە‌و پەسەندكردنی بڕیاری سزا دەرچووەكە بە تاوانباركردن‌و سزادانیان بە سەرجەم بڕگەكانییەوە".

بەپێی بڕیارەكەی دادگای تاوانی دووی هەولێر كە دادگای پێداچوونەوە پەسەندی كردووە، ئەو 5 چالاك‌و ڕۆژنامەنووسە دوای تەواوكردنی 6 ساڵ زیندانیكردن، بۆ ماوەی 5 ساڵیش لەژێر چاودێریی پۆلیسدا دەبن‌و لە ڕۆژی دەستگیركردنیانەوە بۆیان هەژمار دەكرێت.

هەر بەپێی بڕیارەكەی دادگا دوو دۆسیەی سەربەخۆی جیاواز بۆ گۆهدار محەمەد دەكرێتەوە، یەكێكیان بەپێی مادەی 21 لە یاسای چەك وە ناردنی چەكە دەستبەسەرداگیراوەكەی‌و ئەو دۆخەی چەكەكەی تێداگیراوە بۆ دادگا بەمەبەستی لێكۆڵینەوە، دۆسیەی دووەم بەپێی ماددەی 240 لە یاسای سزادان وە لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت لەبارەی ئۆتۆمبێلە دەستبەسەرداگیراوەكەی.

دەقی بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان

دۆخی پێنج سزادراوەكەی دیكەی بادینان چۆنە؟

بەپێی لێدوانی كەسوكاری دەستگیركراوانی بادینان بۆ پەرەگراف، هەردوو ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی و گۆهدار زێباری، نزیكەی دوو مانگە ڕێگەیان پێ‌ نەدراوە تەلەفۆن بۆ كەسوكاریان بكەن، ئەمە لە كاتێكدایە تەلەفۆنی سنووردار بۆ دوو كەس لە سزادراوەكانی دیكە ڕێك دەخرێت، پەیوەندیی تەلەفۆنیی سزادراوێكی دیكەیشیان ڕاگیراوە.

ڕووگەش عیززەدین، هاوسەری شێروان شێروانی، بۆ پەرەگراف وتی "بەر لە نەورۆز لەگەڵ شێروان دوو خولەك قسەمان كردووە، دوای ئەوە تەلەفۆنی نەكردووە. براكەی سەردانی ئاسایشی كردبوو، پارە و جلوبەرگی بۆ بردبوو، بەڵام ڕێگەیان نەدابوو خۆی ببینێت".

هەروەها ئەیهان سەعید، برای شڤان سەعید و چالاكی مافەكانی مرۆڤ، بە پەرەگرافی وت "ڕێگە بە كاك شێروان و كاك گۆهدار نادرێت تەلەفۆن بكەن، ئەوانیش بە بیانووی ئەوەی كە دەنگیان تۆمار كراوە و بڵاو كراوەتەوە".

بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان، بۆ پەرەگراف تیشكی خستە سەر ئەوە كە "بە بەردەوامی" سەردانی ئاسایش دەكەن بۆ بینینی ڕۆژنامەنووس و چالاكانی دەستگیركراوی بادینان، بەڵام "هەر جارەی بە پاساوێك ڕێگە نادەن" بیان بینن، تەنانەت ڕێگە نادەن بە تەلەفۆنیش قسەیان لەگەڵ بكەین.

كۆتایی ساڵی ڕابردوو و سەرەتای ئەمساڵ، لە هەڵمەتێكدا كە چەند مانگێكی خایاند، ژمارەیەكی زۆر ڕۆژنامەنووس و چالاكی دەڤەری بادینان دەستگیر كران. بەشێكی زۆریان تا ئێستایش دادگایی نەكراون، پێنج كەسیشیان تۆمەتی "سیخوڕی" و "هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم"یان دراوەتە پاڵ و سزای شەش ساڵ زیندانیكردنیان بۆ دەركراوە.

پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسە سزادراوەكە بریتین لە (شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گۆهدار محەمەد، هاریوان عیسا و شڤان سەعید). ئێستا دۆسیەكەیان لە دادگای پێداچوونەوەی هەولێرە و كەسوكار و پارێزەرەكانیان دەڵێن "چاوەڕێین دادگای پێداچوونەوە ئەو سزا نادادپەروەرانە هەڵبوەشێنێتەوە و ئازادیان بكات".

جەرگیس كەرەم، برای ئەیاز كەرەم كە یەكێكە لە پێنج سزادراوەكەی بادینان، ئەمڕۆ بە پەرەگرافی وت "زیاتر لە دوو مانگە ئەیاز تەلەفۆنی نەكردووە و نازانین هۆكارەكەی چییە".

براكەی ئەیاز كەرەم وتیشی "دوو تا سێ‌ جار ڕێگەیان داوە پارەی بۆ بنێرین، یەك جاریش جلوبەرگ. نزیكەی پێنج مانگ لەمەوبەریش یەك جار بینیومانە".

ئەیهان سەعیدیش جەختی كردەوە كە "هەفتانە یان چەند هەفتە جارێك" ڕێگە بە "كاك شڤانی برام دەدەن تەلەفۆن بكات، بەڵام تەنیا هەواڵپرسییە، ڕێگە نادرێت باسی بارودۆخی خۆیان بكەن".

ئەیهان سەعید نموونەی ئەوەی هێنایەوە كە "پێشتریش لە تەلەفۆندا باسی هەموو شتێكیان نەدەكرد، بەڵام كە لیژنەی مافی مرۆڤ ڕۆیشتە لایان، باسیان كرد كە دەرمانیان پێ‌ نادرێت و شوێنیان خراپە، كاك شێروانیش وتبووی جارێك لێم دراوە".

لای خۆیشیەوە سەعید عیسا، برای هاریوان عیسا، بە پەرگرافی وت "هەفتەیەك لەمەوبەر هاریوان تەلەفۆنی كرد، ماوەكەی كەمتر لە خولەكێك بوو. وتی: بارودۆخم باشە. لەوە زیاتر هیچی نەوت".

"چەند جارێك هاریوان داوای جلوبەرگی كردووە، دوو جار بۆمان برد، بەڵام لە ئاسایش لێیان وەرنەگرتین، وتیان قەدەغەیە، ئەم دوایین جارەش داوای كرد، وتم دوو جار بۆم هێناویت ئاسایش ڕێگە نادەن"، سەعید عیسا وای وت.

براكەی هاریوان عیسا ئاماژەی بەوە كرد كە "لە دوای سزادانیەوە نەمان بینیوە. دوو بۆ سێ‌ هەفتە جارێك تەلەفۆن دەكات، ئەویش یەك یان دوو خولەك قسە دەكات".

لە ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەریدا، تیمی CPT سەردانی خانەوادەی شێروان شێروانی كرد و دەڵێـت "‎هاودەنگ لەگەڵ خانەوادەی شێروان شێروانیدا، سی پی تی داوا لە حكوومەتی هەرێم دەكات كە ڕێگە بە هەبوونی پەیوەندیی تەلەفۆنی لە نێوان شێروان شێروانی و خانەوادەكەی بدرێت و گەرەنتی بدرێت لە بەڕێوەچوون و پێشكەوتنی پڕۆسەیەكی پێداچوونەوەی دادپەروەرانە بە دۆسیەی زیندانیانی بادینان".

كونسوڵگەریی ئەمریكایش لە هەولێر، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییەوە دەڵێت "ڕاگەیاندنی ئازاد پێویستیی بەدیهێنانی حكوومەتی بەرپرسیار و كۆمەڵگای كراوە و گەشەپێدانی ئابوورییە. لەم ڕۆژەدا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی ئازادییە بنەڕەتییەكان دووپات دەكاتەوە و دان بە ڕۆژنامەواناندا دەنێت بۆ ئەو ئازایەتییەی پێویستە بۆ بە ئەنجام گەیاندنی كارەكانیان لە بارودۆخی سەخت و مەترسیداردا".

سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی ڕۆژنامەنووسان، ئاماری چوار مانگی پێشێلكارییەكانی بڵاو كردەوە، كە بەپێی ئامارەكە "49 پێشێلكاری بەرانبەر 36 ڕۆژنامەنووس" كراوە.

جۆرری پێشێلكارییەكانیش بەم جۆرە بوون "23 حاڵەتی ڕێگری لە ڕووماڵكردن، 15 حاڵەتی هێرش و هەڕەشە و سووكایەتی، شەش حاڵەتی زەوتكردنی كەلوپەلی ڕۆژنامەوانی، پێنج حاڵەتی دەستبەسەركردن بەبێ بڕیاری دادگا".

بەپێی ئامارەكانی سەنتەری میترۆ، بەراورد بە ئاماری چوار مانگی سەرەتای 2020 كە (88) پێشێلكاری هەبووە، پێشێلكارییەكان بۆ نزیكەی نیوە دابەزیوە.