وەڵامی ئەمریكا لەبارەی ناوهێنانی كونسوڵخانەكەی لە دۆسیەی سزادراوانی بادیناندا

"چاوەڕوانیمان لە حكومەتە خانەخوێكان ئەوەیە ڕێز لە كاری دیبلۆماتە ئەمریكییەكان بگرن"
06-05-2021 08:59

پەرەگراف

كونسوڵخانەی گشتیی ئەمریكا لەبارەی ناوهێنانی وڵاتەكەی لە دۆسیەی پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكەی بادینان، لە وەڵامێكی ناڕاستەوخۆدا دەڵێت "چاوەڕوانیمان لە حكومەتە خانەخوێكان ئەوەیە ڕێز لە كاری دیبلۆماتە ئەمریكییەكان بگرن".

وتەبێژی كونسوڵخانەی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر، لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت "لەگەڵ ئەوەی كە ئێمە قسەر لەسەر تاكە كەیسی دادگاكان ناكەین، بەڵام ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ساتی دامەزراندنیەوە پشتیوانی لە ئازادیی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن كردووە. ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن بەشێكە لە شوناسمان و بەردەوام دەبین لە داكۆكیكردن لێی وەك یەكێك لە بەها سەرەكیەكانمان".

وتەبێژی كونسوڵخانەی ئەمریكا جەخت لە "گرنگیی ڕێوشوێنی یاسایی و سەروەریی یاسا، بە دەستڕاگەیشتن بە پارێزەریشەوە" دەكاتەوە و دەڵێت "چاوەڕوانیمان لە حكومەتە خانەخوێكان لەسەرانسەری دنیا ئەوەیە ڕێز لەكاری دیبلۆماتە ئەمەریكیەكان بگرن، كە بەهەمان شێوەی ڕۆژنامەنوسان لەگەڵ خەڵكی جۆراو جۆر كۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بتوانن كارەكانیان بكەن".

"ئێمەش بە هەمان شێوەی ئەو ڕێزەی چاوەڕێی دەكەین، هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەو دیبلۆماتانە بیانییانە دەكەین كە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كار دەكەن، بە نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشەوە"، وتەبێژی كونسوڵخانەی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر وا دەڵێت.

ئەم ڕوونكردنەوەی كونسوڵخانەی ئەمریكا پاش ئەوە دێت ئەمڕۆ دادگای پێداچوونەوەی هەرێم سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ پێج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكەی بادینان پەسەند كرد و كونسوڵخانەكانی ئەمریكا و ئەڵمانیایشی لە دۆسیەكەوە گلاندووە.

لە بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمدا سەبارەت بە پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكە هاتووە "بە دانپێدانانی خۆیان دەڵێن كە پەیوەندیی نامەشروعیان هەبووە لەگەڵ كۆمەڵێك كەسی بیانی ‌و نەناسرا و بۆ جێبەجێكردنی ئامانجە گێرەشێوێنییەكانیان، هەروەها پەیوەندییان كردووە بە كونسوڵخانەی ئەمریكا و كونسوڵخانەی ئەڵمانیا و لەوانەوە بڕێك پارەیان وەرگرتووە".

بەشدار حەسەن، پارێزەری سزادراوان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕەخنەی لە بڕیارەكەی دادگا گرت‌و تەئكیدی كردەوە داوای ڕاستكردنەوەی بڕیارە تەمیزییەكە دەكەن لەبەر دوو هۆكار، وتی "نابێت ئاسایش لەناو هۆڵی دادگا بێت‌و خۆی ناوبژیوان‌و لایەنی بەرامبەریش بێت، هۆكاری دووەم كە ئەوەیە لەكاتی وتە لێوەرگرتنیان لە قۆناغی لێكۆڵینەوە پارێزەریان لەگەڵ نەبووەو لەبەردەم دادوەر وتیان لە ژێر هەڕەشەدا وتەیان لێ وەرگیراوە".

"من نازانم سەردانكردنی كونسوڵخانەی ئەمریكاو ئەڵمانیا چ تاوانێكە؟" پارێزەری حوكمدراوان وای وت، وتیشی "دەبێت كونسوڵخانەی ئەمریكاو ئەڵمانیا خۆیان وەڵام بدەنەوە ئایا دانیشتنی ئەوان لەگەڵ ڕۆژنامەنووس‌و چالاكوانان تاوانە؟ ئەگەر تاوانە دەبێت ئەوانیش سزا وەربگرن".

دوای دەركردنی بڕیاری كۆتایی دادگا، ناڕەزایی فراوان لە تۆڕەكۆمەڵاتییەكان دروست بوو، داوا لە سەرۆكی هەرێم دەكرێت بە لێبوردنی تایبەت حوكمدراوان ئازاد بكات، هەروەها فشار لە كونسوڵخانەكانی ئەمریكاو ئەڵمانیا دەكرێت هەڵوێستیان هەبێت‌و بچنەسەر هێڵا بەتایبەت كە لە بڕیاری دادگاكەدا پەیوەندیكردن لەگەڵ ئەو كونسوڵخانانە وەك تاوان دراوەتە پاڵ حوكمدراوان.

د. لەتیف مستەفا پسپۆڕی یاساو پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە فەیسبوك نووسیویەتی "ئەگەر سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی خۆی بەكارنەهێنا من پێشنیاز دەكەم ڕۆژنامەنوسان و چالاكوانی مەدەنی و ڕۆشنبیران لە میدیا و سۆشیال میدیا و لە واقیعیش، هەڵمەت یان كەمپەین و هاشتاگی (كونسوڵی ئەمریكا و كونسوڵی ئەلمانیا بۆ دەرەوە) بەرپا بكەین، چونكە بەگوێرەی بڕیاری دادگا كە پلەی كۆتایی وەرگرتووە، ئەو دوو كونسوڵییەتە شوێنێكن بۆ كاری جاسوسی و تێكدانی ئاسایشی ھەرێم و كاری تیرۆر و تێكدان".

"لەڕوی یاساییەوە بڕیاری دادگا كە پلەی كۆتایی وەرگرت واتە بەڵگەی حاشا ھەڵنەگر، واتە نیشانەیە بۆ ڕاستیی و قابیل نیە بۆ سەلماندنی پێچەوانەكەی، ئەگەر وان نابێت لە خاكی ھەرێمدا بمێنن، ئەگەر واش نین دەبێ ھەڵوێستیان ھەبێت. چونكە ئیتر هەر ڕۆژنامەنوس و چالاكوانێك پەیوەندی پێیانەوە بكات یان كردبێت، بۆی هەیە ڕوبەڕوی هەمان تۆمەت ببێتەوە" د. لەتیف مستەفا وا دەڵێت.