كونسوڵخانەی ئەڵمانیا: بە پەسەندكردنی سزای ڕۆژنامەنووس و چالاكانی بادینان تووشی نائومێدییەكی قووڵ بووین

06-05-2021 09:17

پەرەگراف

كونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا ڕایدەگەیەنێت، بە پەسەندكردنی سزای پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكەی بادینان "بەبێ هەبوونی بەڵگەی ڕوون بۆ تاوان"، تووشی "نائومێدییەكی قووڵ" بووە. داوا لە سەرۆكی هەرێم دەكات دەسەڵاتی خۆی بۆ ئازادكردنیان بەكار بهێنێت.

كونسوڵخانەكە لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێت "ئێمە لە پەسەندكردنی بڕیاری سزایی دژ بە هەریەك لە ڕۆژنامەوانان شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم و گوهدار زێباری و چالاكوانان شیڤان سەعید و ئەریڤان عیسا موحەممەد لەلایەن داگای تەمیزەوە، تووشی نائومێدییەكی قووڵ بووین".

كونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر، ڕایگەیاندووە "بەبێ هەبوونی بەڵگەی ڕوون بۆ هەر تاوانكارییەك لەبەردەستی دادگا، بڕیارەكە بە مایەی پرسیار دەمێنێتەوە".

كونسوڵخانەكە جەخت دەكاتەوە كە "بە گوێرەی چاودێرانێكی متمانەپێكراویش، بڕیاری سزایی یەكەم كە لەلایەن دادگای تاوانەوە دەرچوو، كەموكورتیی گەورەی هەم رێكارییانە و هەم یاساسەروەرییانەی تێدابوون".

لەو ڕووەشەوە كونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا دوو نموونەی دیاری پێشێلكاری دەهێنێتەوە "ئەوەی كە پارێزەران بەپێی پێویست ڕێگایان پێ نەدراوە دەستیان بە بریكارەكانیان ڕابگات لە كاتی ئامادەكاری و بەڕێوەچوونی دادگاییەكە. لەوەش زیاتر مایەی نیگەرانی ئەوەیە كە ئاماژەی ئەوە هەبوون، دانپێدانانەكان لەژێر فشار و ئەشكەنجەدا وەدەست هێنرا بن. ئەم تۆمەتانە دەبوایە لەلایەن دادوەرانی دادگای تاوانەوە لێیان بكۆڵرایەتەوە".

كونسوڵخانەی ئەڵمانیا ئاماژەی بە دەركردنی بڕیارەكە لە سەروبەندی ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەریدا كردووە و پێی وایە "ئاماژەیە بەوەی كە ئەم بارودۆخە مایەی نیگەرانییە لەبەردەم ئازادییەكان لەم هەرێمەدا".

هەروەها داوای لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردووە كە "دەسەڵاتەكانی خۆی بۆ لێبووردن لەم كەسانە بەكار بهێنێت".

سەبارەت بە ناوهێنانی كونسوڵخانە و كونسوڵی ئەڵمانیاش لە بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوەدا، دەڵێت "بەداخەوەین".

لەبارەی دیدار لەگەڵ شێروان شێروانی، كونسوڵخانەی ئەڵمانیا ڕوونكردنەوەی داوە و دەڵێت "ڕاستە كە كونسوڵی گشتیمان لە ساڵی 2016 دیدارێكی لەگەڵ كەسوكاری ڕۆژنامەنووسی كۆچكردوو ویدات حوسێن لە دهۆك هەبووە. شێروان شێروانیش لەم دیدارەدا بەشدار بووە. لە دیدارێكی دووەمیشدا لە ساڵی 2017 لەگەڵ برای ویداتدا لە ئوتێل ڕیكسۆس لە دهۆك شێروان شێروانی بەشدار بووە. لە هیچ كامێك لەم دوو دیدارەدا هیچ شتێك باس نەكراوە كە بەگوێرەی یاسا عێڕاقییەكان و یاساكانی هەرێم تاوان بێت".

كونسوڵخانەی ئەڵمانیا هەر بانگەشەیەكی پێچەوانەی ئەوە بە "نابەجێ" ناو دەبات و دەڵێت "لەوەش زیاتر، ئاڵوگۆڕی كراوەی ئێمە لەگەڵ كۆمەڵگەی مەدەنی، ڕۆژانامەوانان و چالاكوانان، بەشێكی كاری دیپلۆماسییانەی ڕۆژانەی ئێمەیە لە سەرتاسەری جیهان و كۆمەڵگەیەكی مەدەنی درەوشاوەشە، كە ئامانجێكی هاوبەشی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشە".

"بە ئاماژەكردن بەم جۆرە دیدارانە، دادگای تەمیز ئەم جۆرە كارانە بە تاوانكاری دادەنێت. ئەمەش پێچەوانەی ئەو گیانی پەیوەندییە دۆستانەیە نزیك و لەمێژینەیەی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی كوردستان و عێڕاقە"، كونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر وا دەڵێت.

ئەم كاردانەوەیەی ئەڵمانیا پاش ئەوە دێت ئەمڕۆ دادگای پێداچوونەوەی هەرێم سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ پێج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكەی بادینان پەسەند كرد و كونسوڵخانەكانی ئەمریكا و ئەڵمانیایشی لە دۆسیەكەوە گلاندووە.

لە بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمدا سەبارەت بە پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكە هاتووە "بە دانپێدانانی خۆیان دەڵێن كە پەیوەندیی نامەشروعیان هەبووە لەگەڵ كۆمەڵێك كەسی بیانی ‌و نەناسرا و بۆ جێبەجێكردنی ئامانجە گێرەشێوێنییەكانیان، هەروەها پەیوەندییان كردووە بە كونسوڵخانەی ئەمریكا و كونسوڵخانەی ئەڵمانیا و لەوانەوە بڕێك پارەیان وەرگرتووە".

بەشدار حەسەن، پارێزەری سزادراوان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕەخنەی لە بڕیارەكەی دادگا گرت‌و تەئكیدی كردەوە داوای ڕاستكردنەوەی بڕیارە تەمیزییەكە دەكەن لەبەر دوو هۆكار، وتی "نابێت ئاسایش لەناو هۆڵی دادگا بێت‌و خۆی ناوبژیوان‌و لایەنی بەرامبەریش بێت، هۆكاری دووەم كە ئەوەیە لەكاتی وتە لێوەرگرتنیان لە قۆناغی لێكۆڵینەوە پارێزەریان لەگەڵ نەبووەو لەبەردەم دادوەر وتیان لە ژێر هەڕەشەدا وتەیان لێ وەرگیراوە".

"من نازانم سەردانكردنی كونسوڵخانەی ئەمریكاو ئەڵمانیا چ تاوانێكە؟" پارێزەری حوكمدراوان وای وت، وتیشی "دەبێت كونسوڵخانەی ئەمریكاو ئەڵمانیا خۆیان وەڵام بدەنەوە ئایا دانیشتنی ئەوان لەگەڵ ڕۆژنامەنووس‌و چالاكوانان تاوانە؟ ئەگەر تاوانە دەبێت ئەوانیش سزا وەربگرن".

دوای دەركردنی بڕیاری كۆتایی دادگا، ناڕەزایی فراوان لە تۆڕەكۆمەڵاتییەكان دروست بوو، داوا لە سەرۆكی هەرێم دەكرێت بە لێبوردنی تایبەت حوكمدراوان ئازاد بكات، هەروەها فشار لە كونسوڵخانەكانی ئەمریكاو ئەڵمانیا دەكرێت هەڵوێستیان هەبێت‌و بچنەسەر هێڵا بەتایبەت كە لە بڕیاری دادگاكەدا پەیوەندیكردن لەگەڵ ئەو كونسوڵخانانە وەك تاوان دراوەتە پاڵ حوكمدراوان.

د. لەتیف مستەفا پسپۆڕی یاساو پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە فەیسبوك نووسیویەتی "ئەگەر سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی خۆی بەكارنەهێنا من پێشنیاز دەكەم ڕۆژنامەنوسان و چالاكوانی مەدەنی و ڕۆشنبیران لە میدیا و سۆشیال میدیا و لە واقیعیش، هەڵمەت یان كەمپەین و هاشتاگی (كونسوڵی ئەمریكا و كونسوڵی ئەلمانیا بۆ دەرەوە) بەرپا بكەین، چونكە بەگوێرەی بڕیاری دادگا كە پلەی كۆتایی وەرگرتووە، ئەو دوو كونسوڵییەتە شوێنێكن بۆ كاری جاسوسی و تێكدانی ئاسایشی ھەرێم و كاری تیرۆر و تێكدان".

"لەڕوی یاساییەوە بڕیاری دادگا كە پلەی كۆتایی وەرگرت واتە بەڵگەی حاشا ھەڵنەگر، واتە نیشانەیە بۆ ڕاستیی و قابیل نیە بۆ سەلماندنی پێچەوانەكەی، ئەگەر وان نابێت لە خاكی ھەرێمدا بمێنن، ئەگەر واش نین دەبێ ھەڵوێستیان ھەبێت. چونكە ئیتر هەر ڕۆژنامەنوس و چالاكوانێك پەیوەندی پێیانەوە بكات یان كردبێت، بۆی هەیە ڕوبەڕوی هەمان تۆمەت ببێتەوە" د. لەتیف مستەفا وا دەڵێت.