حكوومەتی هەرێم دەربارەی بڕیاری دادگای پێداچوونەوە لە دۆسیەی سزادراوانی بادینان ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە

07-05-2021 09:23

پەرەگراف

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەربارەی بڕیاری دادگای پێداچوونەوە لە دۆسیەی سزادراوانی بادینان دەڵێت "سیستەمی دادوەری لە هەرێمی كوردستان سەربەخۆیە لە حكوومەت، بۆیە حكوومەت بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت دەستوەردان لە كاروباری دادگاكاندا بكات".

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێكدا دەربارەی ناوهێنانی كونسوڵخانەكانی ئەمریكا و ئەڵمانیا لە بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوەدا تەنیا دەڵێت "بە ڕێز وپێزانینێكی زۆرەوە لە ڕۆڵی هاوپەیمانەكانمان لە دیپلۆماتكاران و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەڕوانین، بەتایبەتی پشتیوانیكردنمان لە شەڕی دژ بە داعش".

دەقی ڕاگەیەندراوەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان:

لە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان تایبەت بە دانپێدانانەكانی پێنج تاوانبار، ناوی چەند كونسوڵخانەیەك هاتبوو لە میانی كەیسەكەدا.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان، جەخت لەوە دەكاتەوە كە سیستەمی دادوەری لە هەرێمی كوردستان سەربەخۆیە لە حكوومەت، بۆیە حكوومەت بە هیچ شێوەیەك ناتوانێت دەستوەردان لە كاروباری دادگاكاندا بكات.

لە هەمان كاتدا بە ڕێز و پێزانینێكی زۆرەوە لە ڕۆڵی هاوپەیمانەكانمان لە دیپلۆماتكاران و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەڕوانین، بەتایبەتی پشتیوانیكردنمان لە شەڕی دژ بە داعش.

ئێمە پابەندین بە ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی كاری ڕاگەیاندن و سەروەریی یاسا. بەردەوامیش دەبین لە شەڕی دژ بە تیرۆر و پارێزگاریكردن و پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتیانمان و كونسوڵخانە و نێردە دیپلۆماتییەكان لە هەرێمی كوردستان، كاری لە پێشینەمان دەبێت.

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

2021/5/7