ئەنجومەنی دادوەریی: بڕیارەكە هێشتا پلەی كۆتایی وەرنەگرتووە و قۆناغی دیكەی تانەلێدانی ماوە

08-05-2021 05:34

پەرەگراف

ئەنجومەنی دادوەریی‌و دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە لەبارەی بڕیاری دادگای پێداچوونەوە لە دۆسیەی سزادراوانی بادینان، دەڵێت: ئەو بڕیارە هێشتا پلەی كۆتایی وەرنەگرتووە و قۆناغی دیكەی تانەلێدانی ماوە كە ئەویش قۆناغی داواكردنی ڕاستكردنەوەی بڕیاری پێداچوونەوەیە.

ئەنجومەنەكە ئەوەش دەخاتەڕوو، "لە هەموو قۆناغەكانی دادگایی كردن و بڕیاردان لەسەر ئەم دۆسیەیە بە پشت بەستن بە زانیاری و بەڵگە ‌و دیكۆمێنتی دروست و بەو پەڕی پیشەیی و یاساییانە و سەربەخۆییانه ‌و بێلایەنانە مامەڵەمان كردووە. بۆیە بەشێك لەو كاردانەوە و هەڵوێست نواندنانە دەچنە خانەی دەستێوەردان لە كاروباری دادگاكان و رێزنەگرتنە لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری".

لەبارەی ناوهێنانی ئەمریكاو ئەڵمانیا لە دۆسیەكەدا، ئەنجومەنی دادوەریی دەڵێت "ناوهاتنی كونسوڵخانەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو ئەڵمانیا لە چوارچێوەی خستنەڕووی ئەو زانیاری و بەڵگانەدا بووە كە تاوانباران دانیان پێدا ناوە. ئیمە جەخت دەكەینەوە ناوهێنانی ناوی ئەو كونسوڵخانانە لەسەر زاری تاوانبارانەوەیە و دادگا ئەوانی بە تۆمەتبار نەزانیوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە چوارچێوەی كاری دیپلۆماسی و یاسا بەركارەكان ئامادەیی تەواوی خۆمان نیشان دەدەین بۆ ئاگاداركردنیان لە هەموو زانیاری و بەڵگە و دیكۆمێنتەكانی دۆسیەی ناوبراوان بە مەبەستی دەركەوتن و نیشاندانی راستیەكان".

دەقی ڕوونكردنەوەیەك لە دادگای پێداچوونەوە و ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستانەوە

سەبارەت بە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێم / دەستەی سزایی/2 بە ژمارە (468/ دەستەی سزایی2 /2021) لە رێكەوتی 28/4/2021 كە كاردانەوەی جۆراوجۆی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە لێكەوتۆتەوە، ئێمە جەخت لەوە دەكەین كە لە هەموو قۆناغەكانی دادگایی كردن و بڕیاردان لەسەر ئەم دۆسیەیە بە پشت بەستن بە زانیاری و بەڵگه ‌و دیكۆمێنتی دروست و بەو پەڕی پیشەیی و یاساییانە و سەربەخۆییانه ‌و بێلایەنانە مامەڵەمان كردووە. بۆیە بەشێك لەو كاردانەوە و هەڵوێست نواندنانە دەچنە خانەی دەستێوەردان لە كاروباری دادگاكان و رێزنەگرتنە لە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری. ئەمە لە كاتێكدا كە ئەركی ئێمە و هەموو هاووڵاتیان و لایەنە سیاسی و مەدەنیەكانە كە پابەند بین بە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری و حوكمی یاساو بڕیاری دادگاكان.

لەبارەی ناوهاتنی كونسوڵخانەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاو ئەڵمانیا لە چوارچێوەی خستنەڕووی ئەو زانیاری و بەڵگانەدا بووە كە تاوانباران دانیان پێدا ناوە. ئیمە جەخت دەكەینەوە ناوهێنانی ناوی ئەو كونسوڵخانانە لەسەر زاری تاوانبارانەوەیە و دادگا ئەوانی بە تۆمەتبار نەزانیوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە چوارچێوەی كاری دیپلۆماسی و یاسا بەركارەكان ئامادەیی تەواوی خۆمان نیشان دەدەین بۆ ئاگاداركردنیان لە هەموو زانیاری و بەڵگە و دیكۆمێنتەكانی دۆسیەی ناوبراوان بە مەبەستی دەركەوتن و نیشاندانی راستیەكان.

بۆ زانیاری هەموو لایەك ئەو بڕیارە هێشتا پلەی كۆتایی وەرنەگرتووە و قۆناغی دیكەی تانەلێدانی ماوە كە ئەویش قۆناغی داواكردنی راستكردنەوەی بڕیاری پێداچوونەوەیە (طلب تصحیح القرار التمییزی) بە پێی یاسا، سزاداراوان دەتوانن تانە پێشكەش بكەن بۆ راستكردنەوەی بڕیارەكە.

ب. راگەیاندنی ئەنجومەنی دادوەری و دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان
8/5/2021