هیندستان بە ئاگری كۆرۆنا دەسووتێت

كارەساتێكی گەورە هەڕەشە لە وڵاتانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەكات
08-05-2021 09:30

پەرەگراف

ئاگری كۆرۆنا هیندستان بەرەو خراپترین دۆخ دەبات، ڕۆژانە ژمارەی پێوانەیی تووشبوون و مردن لەوێ تۆمار دەكرێت، شەش وڵاتی دراوسێی پریشكی ئاگرەكەیان بەركەوتووە و لە سەرهەڵدانی كارەساتێكی گەورە نزیكن.

ژمارە پێوانەییەكان لە هیندستان

وەزارەتی تەندروستی هیندستان ڕایدەگەیەنێت، لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا چوار هەزار و 187 حاڵەتی مردن لە كۆرۆنا تۆمار كراوە، بۆ چوارەم ڕۆژ وڵاتەكە ژمارەی پێوانەیی مردنی لە سەروو چوار هەزار كەسەوە تۆمار كرد، بەوەش كۆی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لەوێ 240 هەزار كەسی تێپەڕاند.

ڕۆژی ڕابردوو 401 هەزار 78 كەس تووشی پەتاكە بوون، ئەوەش ژمارەیەكی نوێی پێوانەییە لەسەر ئاستی جیهان بۆ حاڵەتەكانی تووشبوون، كۆی تووشبووانیش نزیكە بووەتەوە لە 22 ملیۆن كەس.

پزیشكەكان ئاماژە بەوە دەكەن، ژمارەی تووشبوون و مردن زۆر لەوە زیاتر كە ئاشكرا دەكرێت، مەترسیی ئەوە هەیە لەم مانگەدا ئامارەكان بگەنە لووتكە و كارەساتێكی گەورە لەو وڵاتە ڕوو بدات.

لە گوند و ناوچە دوورە دەستەكانی هیندستان، كۆرۆنا زیاتر بڵاوە، چونكە ئەو ناوچانە بەشی پێویست كەرەستەی تەندروستییان نییە و ناتوانرێت بە وردی چاودێریی دۆخی هاووڵاتیان بكرێت.

لەگەڵ ئەو ئامارە زۆرەدا، هیندستان قەدەغەی هاتوچۆ و كەرەنتینەی گشتیی هاوشێوەی شەپۆلی یەكەم ڕانەگەیاندووە، بەڵام بەشێكی ویلایەتەكان خۆیان ئەو بڕیارەیان داوە و بەشەكەی دیكەی قەدەغەی هاتوچۆی سنوورداریان ڕاگەیاندووە.

لەسەرەتادا كە هیندستان گەیشتە ئەم دۆخە، ناوچەكانی باكوور و خۆرئاوا زۆرترین زیانیان بەركەوتبوو، لە ئیستاشدا ئامارەكان لە ناوچەكانی باشوور بە شێوەیەكی بەرچاو هەڵكشاوە.

حكومەت دەڵێت "ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیكەین"، بەڵام خراپیی شێوازی مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە و كەمیی ئۆكسجین، كابینەكەی ناریندرا مۆدی سەرۆكوەزیرانی ڕووبەڕووی ڕەخنەیەكی زۆر كردووەتەوە.

وڵاتانی دراوسێی هیندستان؛ بەرەو دۆخێكی خراپ

حاڵەتەكانی تووشبوون بە نەخۆشیی كۆڤید 19 لە نیپاڵ، سریلانكا، دوورگەكانی ماڵدیڤ، تایلەند، كەمبۆدیا و ئیدۆنیسیا لە هەڵكشانێكی بەردەوامدایە و پێشبینی دەكرێت دۆخیان هاوشێوەی هیندستانی لێ بێت.

یەكێك لە هۆكارەكانی هەڵكشانی ئامارەكانی تووشبوون لەو وڵاتانە، خاو بەڕێوەچوونی هەڵمەتەكانی كوتان و بەدەمەوەنەچوونی هاووڵاتیان بۆ بەكارهێنانی ڤاكسینەكانی كۆرۆنا.

ڕێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی داوای چڕ كردنەوەی ڕێوشوێنەكان دەكات بۆ وەستاندنی ئەو كارەساتە لە كیشوەری ئاسیا.

ئەلیكساندەر ماسیۆ، بەڕێوبەری هەرێمی ئاسیا و زەریای هێمن خاچی سووری نێودەوڵەتی، لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت "پێویستە لە ئێستاوە بەخێرایی بجووڵێین، بۆ ئەوەی هیوایەك هەبێت بەر بەو كارەساتە مرۆییە بگرین". ئاماژە بەوەش دەكات "ڤایرۆسەكە ڕێز لە سنوورەكان ناگرێت، ئەوەی گۆڕاوە بە تەواوی ئاسیادا بڵاوبووەتەوە".

لە سریلانكا لە ماوەی 24 كاتژمێری ڕابردوودا 1895 حاڵەت تۆمار كراوە، ئەوەش پێنج هێندەی ئامارەكانی ڕۆژانی ڕابردووە، هۆكاری ئەو زیادبوونەش بەهۆی كۆبوونەوەی هاووڵاتیان و ئاهەنگێڕان بووە لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوودا.

ئەمە جگە لەوەی جۆرە هیندییەكە لەوێ دەركەوتووە و پێشبینی دەكرێت ژمارەی تووشبووان بەو جۆرە نوێیە زۆر زیاتر بكات.

لە دورگەكانی مالدیڤ 601 حاڵەتی تووشبوون تۆمار كراوە، ژمارەی ئەوانەی دۆخیان خراپە و براونەتە نەخۆشخانە، سێ هێندە بەراورد بە پێشتر زیادی كردووە، ئەمە جگە لەوەی ئەگەری دەركەوتنی جۆرە هیندییەكەش لەو وڵاتە لەئارادایە، چونكە چەندین هاووڵاتیی هیندی بۆ ڕاكردن لە دۆخی وڵاتەكەی خۆیان چوونەتە ماڵدیڤ.

نیپاڵ دۆخی لە هیندستان خراپترە

نیپاڵ كە سنوورێكی فراوانی لەگەڵ هیندستان هەیە، هەوڵەكانی بۆ كۆنترۆڵكردنی دۆخەكە چڕ كردووەتەوە، بەرپرسانی تەندروستیی وڵاتەكەش دەڵێن "دۆخەكە نزیكە لەوەی لەدەست دەربچێت".

ژمارەی حاڵەتەكانی تووشبوون لە ڕۆژێكدا نۆ هەزار كەسی تێپەڕاندووە، زیاتر لە 44%ی ئەنجامی ئەو پشكنینانەی ئەنجام دەدرێن، پۆزەتیڤ دەرچوون، ئەوەش هاوشێوەی دۆخی هیندستانە كە دوو هەفتە پێش ئێستا هەیوو.

نیپاڵ سیستمێكی تەندروستیی خراپی هەیە، بەرپرسان داوای یارمەتی و فریاگوزاریی خێرایان لە وڵاتانی جیهان كردووە، هەروەها داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەن بڕێكی زیاتر پێكوتە ڕەوانەی وڵاتەكە بكات.

تایلەند؛ لە سەركەوتنەوە بۆ شكست

تایلەند ساڵی ڕابردوو توانیی ژمارەی تووشبووان كۆنترۆڵ بكات، بەڵام ئێستا شەپۆلی سێیەم لەو وڵاتە بەڕێوەیە و ئامارەكان هەڵكشانی بەرچاویان پێوە دیارە.

پێش دەركەوتنی ئەم شەپۆلە، تا 31ی مانگی ئازار، 28 هەزار و 863 حاڵەت لە تایلەند تۆمار كرابوو، بەڵام تەنیا لە ماوەی ئەم چەند هەفتەیەدا ژمارەكە بۆ زیاتر لە 76 هەزار كەس بەرزبووەتەوە.

كەمبۆدیا یەكێك بوو لەو وڵاتانەی كەمترین حاڵەتی تووشبوونی تێدایە، ئامارەكانی مردن بوونیان نەبوو، بەڵام لە دوای مانگی شوباتەوە ڕۆژانە زیاتر لە 500 كەس تووشی كۆرۆنا دەبن، كۆی گشتی گەیشتووەتە 17 هەزار 621 تووشبوو لەگەڵ 114 حاڵەتی مردن.

ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە 11ی نیسانی ڕابردوودا هۆشداری داوە لە خوقانی كارەسات لە كەمبۆدیا، بەهۆی خراپیی سیستمی تەندروستی.

لە ئیندۆنسیا چەندین حاڵەتی تووشبوون بە جۆری (B.1.617) تۆمار كراوە كە بە جۆرە هیندییەكە ناسراوە، ئەمە جگە لەوەی ڕۆژانە زیاتر لە پێنج هەزار كەس تووشی ڤایرۆسەكە دەبن.

بەرپرسانی ئەو وڵاتە ترسێكی زۆریان هەبوو پشووەكانی جەژنی ڕەمەزان ئامارەكان زیاتر بكات، چونكە هاووڵاتیان سەردانی یەكتر دەكەن و چەندین كەس دەگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان بۆ بینینی كەسوكاریان، بۆ ئەوەش سەرجەم گەشتە ناوخۆییەكانی لە شەش بۆ 17ی ئەم مانگە ڕاگرتووە.