موشەکە چینییەکە کەوتەخوارەوە

09-05-2021 10:12
ساتی ھەڵدانی موشەکەکە لە چین

پەرەگراف

چین ڕایگەیاند، موشەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووەکە بەشێکی زۆری لەناوچووە و پاشماوەکەیشی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە زەریای هیندی کەوتووەتەخوارەوە

دوای ئەوەی توانیی بەسەركەوتوویی پارچەیەكی تەكنینی بنەڕەتی بگەیەنێت بە وێستگەی چین، ئەو موشەكە کە ٢٩ی نیسان ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان كرا لە كۆنتڕۆڵ دەرچوو، مەترسی كەوتنە خوارەی ڕاگەیەندرا لە چەند ناوچەیەكی گۆی زەوی كە شوێنی نیشتەجێبوونی دانیشتوانن.

بەڵام موشەکەکە بە گەیشتنی بە بەرگەھەوای زەوی بەشێکی زۆری سوتاوەو لەناوچووە، پاشماوەکەیشی لەئاودا کەوتووەتەخوارەوە.

موشەكەكە ناوی (Long March 5B) بە گەورەترین و بەهێزترین موشەكی چینی دادەنرا، درێژییەكەی نزیكەی 30 مەتر و پانییەكەی چوارمەتر و كێشی 21 تەن بوو.

ئەمە یەكەمجار نییە ڕووداوی لەو شێوەیە ڕوودەدات، مانگی ئایاری ساڵی 2020 پارچەی موشەكێكی دیكەی چینی كە لەهەمان جۆری ئەمەی ئێستابووە، بەرگەهەوای زەوی بڕی و كەوتە زەریای ئەتڵەسییەوە، بەڵام چەند پارچەیەكی لە چەند گوندێكی ڕۆژئاوای وڵاتی كۆتیڤوار كەوتنەخوارەوە و هیچ كەسێك ئاماژەی بە زیانەكانی نەكرد.

لەگەڵ ئەوەشدا چەندینجار پاشماوەی موشەكی ئاسمانیی یاخود پارچەكانی مانگی دەستكرد كەوتونەتە خوارەوە، بەڵام تائێستا هیچ حاڵەتێكی برینداربوون و بەركەوتن لەگەڵ مرۆڤ لەسەر زەوی تۆمار نەكراوە