ڕووباری فورات لە خۆرئاوای كوردستان كۆتا هەناسەكانی دەدات

09-05-2021 11:58

پەرەگراف

ئاستی ئاوی ڕووباری فورات بۆ كەمتر لە نیوە دابەزیوە، بڵاوبوونەوەی وێنەكانی ئەو دیمەنە، خەم و نیگەرانییەكی زۆری دروست كردووە، بووەتە مەترسییەكی گەورە بۆ سەر ژیانی كوردانی سووریا.

ڕووانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنێت، ئاستی ئاوی ڕووباری فورات بەهۆی گرتنەوەی لەلایەن توركیاوە،پێنج مەتر دابەزیوە، بەجۆرێك لە چركەیەكدا 200 مەتر چوارگۆشە ئاو بەردەداتەوە. ئەوەش پێشیێلكارییەكی زەقی ئەو ڕێككەوتنەیە كە ساڵی 1987 لە نێوان توركیا و سووریا واژوو كراوە و تێیدا توركیا ناچار دەكات لە چركەیەكدا 500 مەتر چوارگۆشە ئاو بۆ عێراق و سووریا بەربداتەوە.

ڕووانگەی سووری هۆشداری دەدات لە خولقاندنی كارەساتێكی گەورە كە ژیان و قووتی سێ ملیۆن سووری دەخاتە مەترسییەوە كە پشت بە ئاوی ڕووبارەكە دەبەستن بۆ خواردنەوە و دروستكردنی كارەبا و ئاودانی كێڵگەكانیان.

ڕووبارێكی نێودەوڵەتی

فورات لە توركیاوە هەڵدەقوڵێت، دواتر دێتە خاكی سووریا و لەوێشەوە بۆ عێراق، لە باشوور لەگەڵ دیجلە یەكدەگرن و شەتولعەرەب پێكدەهێنن.

ڕووبارەكە لە شاری جەرابلوس لە ڕیفی حەلەبدا دەچێتە ناو خاكی سووریا، بە ڕەقە و دەێرەزوردا دەڕوات و لە شاری ئەلبوكەمالدا سووریا جێدەهێڵت، لەوێوە دەچێتە ناوچەی قائیمی سەر بە پارێزگای ئەنبار لە عێراق.

فورات لە عێراق چەندین ناوچە دەبڕێت، دەچێتە پارێزگاكانی بابل و كەربەلا، دواتر نەجەف و دیوانیە و موسەنا، پاشان زیقاڕ و ئەهوارەكان ئاوەدان دەكاتەوە، لە باشوور لەگەڵ دیجلە یەكدەگرن و شەتولعەرەب بە درێژایی 120 كیلۆمەتر پێكدەهێنن و ئەویش دەڕژێتە كەنداوەوە.

سووریا ساڵی 1989 ڕێككەوتننامەی لەگەڵ عێراق لەبارەی ئاوی فوراتەوە واژوو كرد، كە بریتبوو لەوەی 58%ی ئەو ئاوەی لە توركیاوە دێت، بۆ عێراق بێت، 42%یشی بۆ خۆی بێت.

بەهۆی كەمبوونەوەی ئەو بڕەی لە توركیاوە دێت، ئیدارەی خۆبەڕێوبەریی ڕۆژئاوای كوردستان كە دەسەڵاتی ناوچەكانی باكوور و خۆرهەڵاتی سووریای لەدەستدایە، بەشەكەی عێراقی كەم كردووەتەوە.

ئیدارەی خۆبەڕێوبەری ئاماژە بەوە دەكات، لەناوەڕاستی ساڵی ڕابردووەوە توركیا دەستی كردووە بە كەمكردنەوەی ئەو بڕەی ئاوی فورات كە دێتە سووریاوە، تا وای كردووە ئاستی ئاوی ڕووبارەكە بگات بەوەی ئێستا.

كارەبا كەم بووەتەوە

كەمبوونەوەی ئاوەكە لە چەند مانگی ڕابردوودا، یەدەگی ئاوی دەریاچەی بەنداوەكانی تشرین و فوراتی كەم كردووەتەوە، ئەوەش بەهۆی كاركردنی تۆربایینەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لەسەر هەردوو بەنداوەكە.

كەمبوونەوەی ئاوەكە بەشێكی تۆربایینەكانی كارەبای لە هەردوو دەریاچەی بەنداوەكە لە كار خستووە، ئەوەش كاربەدەستە كوردەكانی ئیدارەی خۆبەڕێوبەریی ناچار كردووە و پێدانی كارەبا چەندین كاتژمێرێك كەم بكەنەوە.

پارێزگاكانی حەسەكە، ڕەقە و دێرەزوور بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا، بە تەواوی پشت بەو دوو بەنداوە دەبەستن، بۆیە كارەبا لەو شوێنانە زۆر كەم بووەتەوە.

محەمەد تەربوش، بەڕێوبەری بەنداوەكان لە ئیدارەی خۆبەڕێوبەریی ڕۆژئاوای كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكدا بە ڕۆژنامەی شەرقولئەلئەوسەتی ڕاگەیاندووە، ئاستی ئاوی گلدراوە لە دەریاچەی بەنداوی فورات كە دەكەوێتە شارۆچكەی تەبقە لە خۆرئاوای پارێزگای ڕەقە، نابێت لە 304 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە كەمتر بێت، بەڵام ئێستا ڕێژەكەی بۆ 298.85 مەتر دابەزیوە، واتە پێنج مەتر كەمبوونەوە لە ئاستی شاقووڵیی ئاوەكەدا هەیە.

لە دەریاچەی بەنداوی تشرین، ئاستی ئاوی گلدراوە نابێت 325 مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە كەمتر بێت، بەڵام ئێستا 321 مەترە، واتە لە ئاستی شاقووڵیدا چوار مەتر كەمبوونەوە هەیە.

تەربوش دەڵێت "هەردوو بەنداوەكە نزیكن لە ئاستی مردن، واتە دەبێت كاركردن تێیدا بوەستێنرێت و ئاوەكە تەنها بۆ خواردنەوە و ئاودان بەكار بهێندرێت، بۆ بەرهەمهێنانی كارەبا بەكار نەهێندرێت".

زەوییە كیشتوكاڵییەكان لە كار دەكەون

كەمبوونەوەی ئاستی ئاوی فورات، كاری ڕێژەیەكی زۆریی زەوییە كشتوكاڵییەكانی وەستاندووە، كە بژێویی ژیانی بەشێكی زۆری دانیشتووانی ڕۆژئاوای كوردستانی لەسەر بەندە.

وێستگەكانی بەردانەوەی ئاو بۆ خواردنەوە و كشتوكاڵ لەچەندین ناوچە لە كار كەوتوون، ئەوەش بەهۆی دووركەوتنەوەی ئاستی ئاوەكە لێیانەوە. بەشێكی شارەوانییەكان ناچاربوون قاڵبی چیمەنتۆی گەورە لەسەر ڕێڕەوی ئاوەكان دابنێن، تاوەكو ئاستەكەی بەرز ببێتەوە و بگاتەوە وێستگەكان بەردانەوە.

پارێزگای حەلەب بۆ ئاودانی بەشێكی زۆری زەوییە كشتوكاڵەكانی، پشت بە ئاوی بەنداوی فورات دەبەستێت، كەمبوونەوەی ئاستی ئاوەكە مەترسیی لەسەر زەوییەكانی ئەو ناوچەیەش دروست كردووە، چونكە دەیان هەزار هێكتار زەویی كشتوكاڵی لە ڕێی وێستگەكانی بەردانەوەوە ئاو دەدرێن، ئەگەر لەوە زیاتر ئاستی ئاوەكە دابەزێت، ئەو وێستگانە لە كار دەوەستن.

توانای گلدانەوەی ئاو لە دەریاچەی بەنداوی فورات 14 ملیار مەتر چوارگۆشەیە، بەڵام ئێستا ڕێژەیەكی زۆر كەم ئاوی تێدایە، یەكێك لە بەرپرسە ناوخۆییەكام وتوویەتی، ئاستی ئاوی دەریاچەكە لە ناوەڕاستی 2020دا چارەكێكی تواناكەی خۆی بووە، بۆیە پێشبینی دەكرێت ئێستا لەو چارەكەش كەمتر بێت.

بەنداوە گەورەكان كێشەی سەرەكین

توركیا پێنج بەنداوی زەبەلاحی لەسەر ڕووباری فورات دروست كردووە، ئەوەش لە چوارچێوەی پرۆژەی گاب، كە كاركردن تێیدا لە حەفتاكانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی پێ كردووە، هێشتا كار لە دوو بەنداویاندا ماوە.

یەكێك لە بەنداوە گەورەكان، بەنداوی ئەتاتوركە كە ساڵی 1990 تەواو بوو، توانای گلدانەوەی بڕی 48 ملیار مەتر چوارگۆشە ئاوی هەیە، لەگەڵ ئەوانەشدا دەیەوێت چەند بەنداوێكی دیكە لەسەر هەردوو ڕووباری دیجلە و فورات دروست بكات، كە بە شادەماری ژیانی عێراق و سووریا دادەنرێن.

لە یاسا نێودەوڵەتییەكاندا فورات بە ڕووبارێكی نێودەوڵەتی ئەژمار كراوە، چونكە بە سێ‌ وڵاتدا تێپەڕ دەبێت كە توركیا و سووریا و عێراقن. بە درێژایی مێژووی،ئەو سێ‌ وڵاتە كێشە و ململانێی زۆریان لەسەر ئەو بابەتە هەبووە.

پرۆژەكانی توركیا بووەتە هۆی كەمكردنەوەی بەشی عێراق لە ئاوی هەردوو ڕووبارەكە بە ڕێژەی 80%، بەڵام پێش دروستبوونی ئەم قەیرانە، كەمبونەوەی بەشەكەی سووریا بە ڕێژەی 40% بوو.

بەنداوی حەدیسە لە عێراق لەسەر ڕووباری فورات