ئێران هەڕەشە دەكات؛ هەركەس دەستی لە كوشتنی قاسم سولەیمانیدا هەبێت بەرپرسیارە

10-05-2021 01:20
لایەنگرێكی حوسییەكانی یەمەن پۆستەرێكی قاسم سولەیمانی بە سنگییەوە هەڵواسیوە. وێنە؛ نایف ڕەحمە/ ڕۆیتەرز

پەرەگراف

لە یەكەم كاردانەوەی فەرمیدا بۆ ڕاپۆرتەكەی ماڵپەڕی یاهوونیوزی ئەمەریكی، وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڕەشە دەكات‌و دەڵێت: هەركەس لە هەر وڵاتێك دەستی لە تیرۆركردنی قاسم سولەیمانیدا هەبووبێت بەرپرسیاریەتیی تاوانەكەی لە ئەستۆدایە.

سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "ئەو كەسانەی كە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، لە هەر وڵاتێك بن و دەستیان لە تیرۆركردنی شەهید سولەیمانیدا هەبووبێت، بێگومان بەرپرسیاریەتیی تاوانەكەیان لە ئەستۆدایە و لەڕێی ڕێكارە پەیوەندیدارەكانەوە ڕێكاری تایبەتی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر".

لەبارەی ڕاپۆرتەكەی یاهوونیوز، خەتیبزادە بە میدیاكانی وڵاتەكەیی وت: زۆربەی ئەو ڕاپۆرتانە لای ئێمە ئاشكران و لە ڕاستی و دروستییەكانیان دەكۆڵینەوە. ڕێڕەوی دۆسیەكە لە دەزگای داد و گفتوگۆ دوولایەنە سیاسی و ئەمنییەكان لەگەڵ حكوومەتی عێراق بەدواداچوونی بۆ دەكرێت.

ئەو كاردانەوەیەی ئێران دوای ئەوەدێت، ماڵپەڕی یاهوونیوزی ئەمریكی لە گفتوگۆ لەگەڵ 15 بەرپرسی ئێستا و پێشووی ئەمریكا، وردەكاریی نوێی دەربارەی ئۆپەراسیۆنی كوشتنی قاسم سولەیمانی ئاشكرا كرد و باس لە بەشداریی دژەتیرۆری یەكێتی لە ئۆپەراسیۆنەكەدا دەكات. دژەتیرۆری یەكێتیش ڕەتی دەكاتەوە و دەڵێت "دەزگایەكی هەواڵگریی ناوخۆیی دەستی هەیە لە هەوڵدان بۆ تێوەگلاندنی دەزگاكەمان لە كوشتنی قاسم سولەیمانی".

هاوكات دژەتیرۆری پارتیش لە ڕونكردنەوەیەكدا داوای پێكھێنانی لیژنە لێكۆڵینەوە لە حكومەتی ھەرێم دەكات و دەڵێت، ئەو گروپەی لە ڕاپۆرتەكەداناوی ھاتووە "سەر بە لاهوور جەنگی و براكانیەتی و پابەند بە رێكار و یاساكانی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانییەوە نین".

یاهوونیوز لە ڕاپۆرتەكەیدا بڵاوی كردووەتەوە كە سەركەوتنی ئۆپەراسیۆنی كوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لەلایەن ئەمریكاوە، بە هاوكاریی دەزگای سیخوڕیی ئیسرائیل و دژە تیرۆری هەرێمی كوردستان (CTG) كە دژەتیرۆری یەكێتی دەگرێتەوە، ئەنجام دراوە.

لە هەرێمی كوردستان دوو هێزی دژەتیرۆر هەن كە سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یەكێتی نیشتیمانی كوردستانن، هەرچەندە یاهوونیوز لە ڕاپۆرتەكەیدا ناوی یەكێتی نەهێناوە، بەڵام نووسیویەتی "گروپی دژەتیرۆر (CTG)" ئەوەش كورتكراوەی ناوی ئەو دژە تیرۆرەیە كە سەربە یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە، هاوكات یاهوونیوز لەو شوێنەی باسی دژەتیرۆر دەكات بۆئەوەی بیناسێنێت مەبەستی كێیە، لینكی چاوپێكەوتنێكی داناوە كە پێشتر لەگەڵ پۆڵاد تاڵەبانی فەرماندەی دژەتیرۆر ئەنجامدراوە.

بەپێی ڕاپۆرتەكەی یاهوونیوز، هێزەكانی دەلتافۆڕسی ئەمریكی و سێ‌ فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كە مووشەكی هێڵفایەریان لەسەر جێگیر كراوە، لە ئۆپەراسیۆنەكەدا بەشدارییان كردووە. هێزەكانی دژەتیرۆری یەكێتی-ش، بە كۆكردنەوەی زانیاری دەربارەی كوژراوەكان، بەشداریی ئۆپەراسیۆنەكەیان كردووە.

بەشداریی دژەتیرۆر لە ئۆپەراسیۆنەكەدا

بەپێی ڕاپۆرتەكەی یاهوونیوز، هێزەكانی ئەمریكا شەوی ئۆپەراسیۆنەكە بە پاساوی ئەنجامدانی مانۆڕ، بەشێك لە باشووری ڕۆژهەڵاتی فڕۆكەخانەی بەغدایان داخستووە، سێ‌ ئەندامی هێزەكانی دەلتافۆڕس بە دووریی 550 تا 800 مەتر لە شوێنی كوشتنی قاسم سولەیمانی جێگیر كراون.

نیشانشكێنەكانی تیمی دەلتا فۆڕس چەند شتێك كاریگەریی لەسەریان هەیە بۆ پێكانی ئامانجەكانیان، لەوانەش هۆكارە ژینگەییەكان وەكو با، بەڵام تیمەكە ئەو ئەگەرەیان ڕەچاونەكردووەو "ئەندامێكی گرووپی دژە تیرۆری CTGكە یەكەیەكی تایبەتی كوردییە لە باكووری عێراق‌و پەیوەندییەكی قووڵیان لەگەڵ دەلتا فۆرسدا هەیە، یارمەتییان دان بۆ ئەوەی هێزی با پێوانە بكەن".

ئاڕاستەكردنی فڕۆكەكەی قاسم سولەیمانی بۆ شوێنی وەستانی و خاڵیكردنی شتەكانی ناوی "لە ڕێگەی هێزەكانی دژەتیرۆر(یەكێتی) ئەنجام دراوە كە جلوبەرگی هاوشێوەی كارمەندانی فڕۆكەخانەیان لەبەر كردووە".

هەربەپێی یاهوونیوز "ئەندامێكی دیكەی دژەتیرۆر لەناو فڕۆكەخانەكەدا بووەو خۆی وەك كارمەندی خزمەتگوزاریی دەرخستووەو ئەركی ئەوەبووە قاسم سلێمانی بناسێتەوەو دڵنیاببێتەوە لە ئامانجەكە".

ماڵپەڕە ئەمریكییەكە سەبارەت بە ئەركێكی دیكەی دژەتیرۆر لەو ئۆپەراسیۆنەدا دەڵێت "كارمەندێكی دژەتیرۆر كە جلوبەرگی پۆلیسی بەغدای لەبەردا بووە، پاش هێرشەكە لە ئۆتۆمبێلەكانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس نزیك بووەتەوەو پاش گرتنی چەند وێنەیەك، نموونەی تەرمەكانی وەرگرتووە بۆ پشكنینی دی ئێن ئەی و ناسینەوەیان".

"ئەو كارمەندەی دژەتیرۆر پاش ئەنجامدانی ئەو كارە، لە شوێنی ڕووداوەكە دوور كەوتووەتەوە".

قاسم سولەیمانی ‌و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، 3-1-2020 لە بەغداد بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ لەلایەن ئەمریكاوە كرانە ئامانج‌و لەگەڵ چەند پاسەوانێكیاندا كوژران.

وردەكاریی ئۆپەراسیۆنی كوشتنی قاسم سولەیمانی

بەپێی زانیارییەكانی ناو ڕاپۆرتەكەی یاهوونیوز كە لە "15 بەرپرسی ئێستا و پێشوو"ی ئەمریكاوە وەرگیراوە، پێشوەختە هێزەكانی ئەمریكا بە هاوكاریی یەكە سیخوڕییەكانی ئیسرائیل، مۆبایلەكەی قاسم سولەیمانییان خستووەتە ژێر چاودێرییەوە.

قاسم سولەیمانی لە ماوەی شەش كاتژمێر بەر لە هێرشكەدا، سێ‌ جاری مۆبایلەكەی گۆڕیوە، بەڵام ئیسرائیلییەكان كە زانیارییان لەسەر ژمارەی سمكارتی ناو ئەو مۆبایلانە هەبووە، زانیاریی پەیوەست بە جووڵەی سولەیمانییان بە ئەمریكییەكان داوە.

ساتی ئەنجامدانی هێرشەكە

یاهوونیوز دەڵێت: فڕۆكەكەی قاسم سولەیمانی پاش چەند كاتژمێرێك لە دواكەوتنی، لە نیوەشەوی 3-1-2020 لە فڕۆكەخانەی بەغدا نیشتەوە.

پاش داخستنی بەشێكی باشووری ڕۆژهەڵاتی فڕۆكەخانەكە لەلایەن هێزەكانی ئەمریكاوە بە ناوی مانۆڕە، هەروەها ناسینەوەی ئامانجەكە لەلایەن ئەو كارمەندانەی دژەتیرۆرەوە كە لە فڕۆكەخانە فڕۆكەكەی سولەیمانییان بۆ شوێنی وەستان ئاراستە كردبوو، قاسم سولەیمانی و هاوڕێكانی لە فڕۆكە دابەزین و بە دوو ئۆتۆمبێل ڕۆیشتن.

فڕۆكەكەی قاسم سولەیمانی لەگەڵ نزیكبوونەوەی لە شوێنی دیاركراو بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكە، بە دوو مووشەكی هێڵفایەر كرایە ئامانج و تەقییەوە. شۆفێری ئۆتۆمبێلی دووەمیش كە دەیوست بە خێرایی شوێنی ڕووداوەكە جێبهێڵێت، لەلایەن یەكێك لە نیشانشكێنەكانی هێزی دەلتافۆڕسی ئەمریكییەوە كراوەتە ئامانج.

دواتر "كارمەندێكی دەژەتیرۆر" چووەتە شوێنی ڕووداوەكە و وێنەی گرتووە و زانیارییەكانی كۆكردووەتەوە.

ئۆپەراسیۆنەكە لەلایەن دەن كوتس، بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا و برایان هووك، نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری ئێران، لە ژووری ئۆپەراسیۆنی كۆشكی سپییەوە چاودێری دەكرا.

هاوكات مایك پۆمپیۆ و مارك ئیسپەر، وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەمریكا، هەروەها ژەنەراڵ مارك میلی، فەرماندەی گشتیی هێزەكانی ئەمریكا، لە بینای وەزارتی بەرگرییەوە ڕاستەوخۆ بە ڤیدیۆ چاودێریی ئۆپەراسیۆنەكەیان دەكرد.

دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا كە بۆ پشووی كۆتایی ساڵ و دەستپێكی ساڵی نوێ‌ گەشتی بۆ ویلایەتی فلۆریدا كردبوو، لەگەڵ ڕۆبەرت ئۆبراین لە ڕێگەی دەنگەوە ئاگایان لە هەنگاوەكانی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكە بووە.

یاهوونیوز لە ڕاپۆرتەكەیدا دەڵێت، ئەمریكییەكان جگە لە قاسم سولەیمانی، ئامانی دیكەشیان هەبووە، لەوانە عەبدولڕەزا شەهلایی، فەرماندەی هێزەكانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە یەمەن، كە لە هێرشەكەدا ڕزگاری بووە. دوو فەرماندەی دیكەی حەشدی شەعبیی عێراقیش لە چوارچێوەی ئامانجەكانی ئەمریكادا بوون.

پلاندانان بۆ ئۆپەراسیۆنەكە

یاهوونیوز ئاماژەی بەوە كردووە كە پلاندانان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەكە، بۆ لە سەرەتاكانی دەستپێكی سەرۆكایەتیی دۆناڵد ترەمپ دەگەڕێتەوە، ئەو كاتەی كە مایك پۆمپیۆ، بەڕێوەبەری دەزگای زانیاریی ناوەندیی ئەمریكا بووە.

سەرەتا وەزارەتی بەرگری و بەڕێوەبەرایەتیی زانیاریی نیشتمانیی ئەمریكا، دژی ئەم كارە بوون، بەڵام بە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەكان لە ساڵی 2019دا، پلاندانان بۆ لەناوبردنی قاسم سولەیمانی كاری جیددیی لەسەر كرا.

پاش كوژرانی هاووڵاتییەكی ئەمریكی لە هێرشێكی مووشەكیدا لە باكووری عێراق لە كۆتایی 2019، پلانی كوشتنی قاسم سولەیمانی گەیشتە سەر مێزی دۆناڵد ترەمپ. هەر بۆیە كۆكردنەوەی زانیارییەكان بۆ كردنە ئامانجی سولەیمانی پێشتر كاری لەسەر كراوە.

لەو چوارچێوەیەدا یاهوونیوز باسی یەكێك لە ئۆپەراسیۆنەكان دەكات كە بۆ گوێگرتن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی قاسم سولەیمانی ئەنجامی داوە.

لەوبارەیەوە دەزگای سیخوڕیی ئیسرائیل زانیارییان بە ئەمریكا داوە كە كەسێك دەیەوێت هەندێك مۆبایلی زیرەكی پێشكەوتوو بۆ فەرماندەكانی فەیلەقی قودس بكڕێت. پا چاودێریكردنی ئەو كەسە، ئەمریكییەكان بۆیان دەردەكەوێت كە ئەو كەسە دەیەوێت لە وڵاتێكی كەنداوی عەرەب مۆبایلەكان بكڕێت.

ئەمریكییەكان بە سوودوەرگرتن لەو زانیارییانەی بەدەستیان هێناوە، دەچنە ناوی تۆڕەكانی فرۆشتنی مۆبایل و ژمارەیەك مۆبایل بە ڕاسپێرداوە ئێرانییەكە دەفرۆشن كە ئامێری چاودێریی دەنگییان تێدا جێگیر كراوە.

بەپێی ڕاپۆرتەكەی یاهوونیوز، یەكێك لەو مۆبایلانە دراوە بە فەرماندەیەكی نزیك لە قاسم سولەیمانی كە ماوەیەكی زۆر لەگەڵ سولەیمانیدا بووە، بەڵام زۆر سەركەوتوو نەبووە لەوەی كە بۆ گوێگرتن لە دەنگی قاسم سولەیمانی سوودی لێ‌ وەربگرن.

دژە تیرۆری یەكێتی ڕەتی دەكاتەوە

لە كاردانەوەی ئەو ڕاپۆرتەدا، دژەتیرۆری یەكێتی (CTG) ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە كە تێیدا دەڵێت "گەرچی ئێمە نازانین كە نووسەرانی ڕاپۆرتەكە مەبەستیان لە كام هێزی دژە تیرۆرە لە كوردستان، چونكە بەداخەوە ‌‌ تا ئێستاش دوو دژەتیرۆر هەن‌، بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بە ئێمەوە وەك هێزەكانی دژە تیرۆر هەبێت، بە هەموو شێوەیەك ئاگاداربوون و بەشداربوونی هێزەكەمان لە كردەوەی لەو جۆرەدا ڕەتدەكەینەوە".

دژەتیرۆری یەكێتی "دەزگایەكی هەواڵگریی ناوخۆیی لە هەرێمی كوردستان" تۆمەتبار دەكات بەوەی كە "دەستی هەیە لە هەوڵدان بۆ تێوەگلاندنی دەزگاكەمان، بە تایبەت كە ئاگادارین ماوەیەكە ئەو دەزگا هەواڵگرییە،‌ بەشێكی تایبەتی پێكهێناوە بۆ دزەپێكردنی زانیاریی چەواشە بۆ میدیا ناوچەیی و جیهانییەكان، دەیانەوێت بە هەر نرخێك بووە زیان بە ناوبانگ و‌ ئاسایش و ئارامیی هەرێمی كوردستان و زۆنی سەوز بگەیەنن".

هاوكات دژەتیرۆری پارتی ڕایگەیاند "دژە تیرۆری كوردستان ناسراوە بە CTD وە دوور و نزیك پەیوەندی بە زانیارییەكانی ناو ئەو راپۆرتە و ئەوئۆپەراسیۆنەوە نییە و لێی بێ ئاگایە".

"گرووپێك هەیە بە ناوی CTG كە سەر بە لاهوور جەنگی و براكانیەتی و پابەند بە رێكار و یاساكانی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانییەوە نین و لە دەرەوەی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2011ی پەرلەمانی كوردستان كار دەكات كە تایبەتە بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان-عێراق" دژەتیرۆری پارتی وادەڵێت.