دادگاییكردنی بەرواری و بەرۆشكی دوای ساڵێك لە دەستگیركردنیان؛ "نادادپەروەرییەكی گەورە"

10-05-2021 04:01

پەرەگراف

بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی، دوو كەس لە دەستگیركراوانی بادینان، پاش یەك ساڵ لە دەستگیركردنیان دادگایی دەكرێن. سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دۆسیەكەش دواخستنی كاتی دادگاییكردنیان بە "نادادپەوەرییەكی زۆر گەورە" ناو دەبات.

ئاسۆ هاشم، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی بەدەل بەرواری، بە پەرەگرافی ڕایگەیاند "دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر، ڕۆژی ١٧-٨-٢٠٢١ی بۆ دادگاییكردنی مامۆستا (بەدەل بەرواری) دیاری كردووە".

ئەو پارێزەرە وتیشی "هاوكات ئومێد بەرۆشكی لەگەڵ بەدەل بەرواری دادگایی دەكرێت كە هەمان تۆمەتیان دراوەتە پاڵ".

ئەمە لە كاتێكدا كە بەدەل بەرواری ڕۆژی ١٩-٨-٢٠٢٠ بە تۆمەتی هاندانی خەڵك بۆ خۆپیشاندانی بێمۆڵەت دەستگیر كرا، دوای ٥٦ ڕۆژ، دادگا بڕیاری بێتاوانیی دەركرد و دەبوو لە ١٢ی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٠ ئازاد بكرێت، بەڵام ئاسایش كەیسیكی دیكەی لە دژی كردەوە و لە كاتی ئازادكردنیدا ڕاستەوخۆ دەستگیری كرد.

هەروەها ئومێد بەرۆشكی لە هەمان ڕۆژ دەستگیر كراوە و پاش ماوەیەك مانەوە لە زیندان و ئازادكردنی، هاوشێوەی بەدەل بەرواری دەستگیر كرایەوە و یەك تۆمەتیان دراوەتە پاڵ، تۆمەتی "تێكدانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی".

ئاسۆ هاشم دواخستنی دادگاییكردنی بەدەل بەروراری و ئومێد بەرۆشكی بۆ یەك ساڵ پاش دەستگیركردنیان، بە "نادادپەروەرییەكی زۆر گەورە" ناو دەبات و دەڵێت پاساوی دادگا ئەوەیە كە "سكاڵایان زۆر لایە".

سەبارەت بە شوێنی مانەوەشیان تا ڕۆژی دادگاییكردنیان، ئاسۆ هاشم بۆ پەرەگراف وتی "لە ئاسایشی گشتی دەمێننەوە". دەربارەی قسەكردن لەگەڵیان و بینینیان، جەختی كردەوە كە "بە هیچ شێوەیەك ڕێگە بە بینینیان نادرێت".

هەریەك لە بەدەل بەرواری و ئومێد بەرۆشكی، بڕیار بوو ڕۆژی 15-2-2021 لەگەڵ پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكە سزادراوەكە دادگایی بكرێن، بەڵام دادوەر بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست بۆ تۆمەتباركردنیان و ناتەواویی پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان، كەیسەكەیانی گەڕاندەوە بۆ دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایش.