یەكێتی ئەوروپاش نیگەرانە؛ لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای دەستبەجێ ئازادكردنی حوكمدراوانی بادینان دەكات

10-05-2021 08:01

پەرەگراف

ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای دەستبەجێ ئازادكردنی بێمەرجی ڕۆژنامەنووس‌و چالاكانی بادینان دەكات، یەكێتی ئەوروپاش نیگەرانە لە بڕیارەكەی دادگاو داوا لە حكومەتی هەرێم دەكات بەتەواوەتی پابەند بێت بە مافەكانی مرۆڤەوە، لەناویشیاندا مافی دادگاییكردنی دادپەروەرانە‌و گەرەنتیكردنی ئازادی ڕادەبڕین‌و ڕۆژنامەگەریی.

لێبوردنی نێودەوڵەتی نامەیەكی كراوەی ئاڕاستەی دیندار زێباری ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم كرد، لەبارەی بڕیارەكەی دادگا بۆ حوكمدانی ڕۆژنامەنووس‌و چالاكانی بادینان، تێیدا بڕیارەكە بە "نادادپەروەرانە" لەقەڵەم دەدات‌و داوا دەكات لێكۆڵینەوە بكرێت لەو بانگەشانەی لەبارەی ئەشكەنجەدانی تۆمەتباران‌و خراپ مامەڵەكردن لەگەڵیاندا باسدەكرێن.

لە نامەكەیدا لێبوردنی نێودەوڵەتی باس لە خراپیی دۆخی ئەو 5 دەستگیركراوە دەكات لە زیندان كە وەك پیشاندانی ناڕەزایی مانیان لە خواردن گرتووە، هەروەها شوێنی خەو و مانەوەیان لە زیندان خراپ بووە.

لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای ئازادكردنی خێراو بێمەرجی ئەو حوكمدراوانە دەكات‌و دەشڵێت، پێویستە مافی تەندروستییان بۆ دابین بكرێت لەگەڵ دەستگەیشتنی بێسنوور بە پارێزەرو خێزانەكانیان.

لە وەڵامی ئەو ڕێكخراوەدا نووسینگەی دیندار زێباری دەڵێت "دادگا سەربەخۆیە لە حكومەت و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەست لە پڕۆسە یاساییەكان وەرنادات. حوكمی پێنج سزادراوەكە هیچ پەیوەندییەكی بە پیشەی ڕۆژنامەگەری و چالاكوانییەوە نەبووە. بەڵگەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە تاوانباربوون بە كۆكردنەوەی زانیاری نهێنی و گواستنەوەیان بۆ بۆ ڕێكخراوێك كە زۆرجار بەشداری لە چالاكی تیرۆریستیدا كردووە، بەمەش ژیانی سیاسەتمەدارانی ناوخۆ و بیانییان لە هەرێمی كوردستان خستۆتە مەترسییەوە".

ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان دەشڵێت "تۆمەتباران 30 ڕۆژیان هەیە بۆ ئەوەی تانە لە بڕیارەكە بدەن، دوای ئەوە دەستەی گشتی دادگای پێداچوونەوە كۆدەبێتەوە بۆ ئەوەی دوا بڕیار لە كەیسەكە بدات. لە كۆتاییدا، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی ئەوەی هەیە كە لێبووردنی تایبەت دەربكات".

دادگای پێداچوونەوەی هەرێم لە 28-4-2021 سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ پێج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكەی بادینان پەسەند كرد، ئەوەش ناڕەزایی فراوانی لێكەوتەوە، دادگا كونسوڵخانەكانی ئەمریكا و ئەڵمانیایشی لە دۆسیەكەوە گلاندووە.

هەر ئەمڕۆ یەكێتی ئەوروپا لە عێراق لە بەیاننامەیەكدا، نیگەرانیی سەبارەت بە بڕیارەكەی دادگا ڕاگەیاند.

"ئازادی ڕادەربڕین‌و ڕۆژنامەگەری‌و مافی دادگایكردنی دادپەروەرانە، پێكهاتەی بنەڕەتی كۆمەڵگە دیموكراتییەكانن‌و دروستكردنی دامەزراوەی شەفاف‌و لێپرسینەوە‌و حوكمی باشن. ئەم حوكمە كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر دەنگی ناڕەزایەتی لە هەرێمی كوردستان‌و توانای ڕۆژنامەنوسان لە بڵاوكردنەوە بەبێ ترسی تۆڵەكردنەوە یاخود كۆتوبەندی هەڕەمەكییانە" یەكێتی ئەوروپا وادەڵێت.

لە بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمدا سەبارەت بە پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكە هاتووە "بە دانپێدانانی خۆیان دەڵێن كە پەیوەندیی نامەشروعیان هەبووە لەگەڵ كۆمەڵێك كەسی بیانی ‌و نەناسرا و بۆ جێبەجێكردنی ئامانجە گێرەشێوێنییەكانیان، هەروەها پەیوەندییان كردووە بە كونسوڵخانەی ئەمریكا و كونسوڵخانەی ئەڵمانیا و لەوانەوە بڕێك پارەیان وەرگرتووە".

یەكێتی ئەوروپا لەبارەی ناوهێنانی ئەو وڵاتانە دەڵێت "وەفدی یەكێتی ئەوروپا‌و نێردە دیپلۆماسییەكانی وڵاتانی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق، بەنیگەرانییەوە تێبینی ئاماژەكانی ناو ئەو حوكمە دەكەن سەبارەت بە پەیوەندی تۆمەتباران لەگەڵ باڵیۆزخانە بیانییەكان، لەناویشیاندا كونسوڵگەری ئەڵمانیا لە هەولێر، جێگەی باسە كە ئاڵوگۆڕی رێكخراو لەگەڵ كۆمەڵگەی مەدەنی، بەشێكی جیا نەكراوەیە لە كاری نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لەسەرتاسەری جیهان".

یەكێتی ئەوروپا‌و نێردە دیپلۆماسییەكانی وڵاتانی ئەندامی یەكێتی ئەوروپا لە عێراق، داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەن بەتەواوەتی پابەند بێت بە مافەكانی مرۆڤەوە، لەناویشیاندا مافی دادگایكردنی دادپەروەرانە‌و گەرەنتیكردنی تەواوەتی ئازادی ڕادەبڕین‌و ڕۆژنامەگەریی.

پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسە حوكمدراوەكە بریتین لە (شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گۆهدار محەمەد، هاریوان عیسا و شڤان سەعید)، ئەوان مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو لە چەند هەڵمەتێكی هێزە ئەمنییەكاندا دەستگیركران كە ژمارەیەكی زۆر لە ڕۆژنامەنووس و چالاكی دەڤەری بادینانی گرتەوە، بەشێكی زۆر لە دەستگیركراوان تا ئێستایش دادگایی نەكراون، ئەو پێنج كەسەیشیان تۆمەتی "سیخوڕی" و "هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم"یان درایە پاڵ.