شێخ جەڕاح؛ كێشەیەكی كۆن‌و خوێنێكی نوێ لە نێوان فەلەستینی‌و ئیسرائیلییەكان

11-05-2021 08:31

پەرەگراف

وڵاتانی جیهان داوا لە ئیسرائیل و فەلەستین دەكەن پابەندبن بە هێوركردنەوەی ئەو دۆخە ئاڵۆزەی چەند ڕۆژێكە لەنێوانیاندا سەریهەڵداوە، هاوڵاتیانی مەدەنیی قوربانیی یەكەمی هێرشەكانن‌و چەندین كوژراو و بریندار هەن.

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، یەكێتی ئەوروپا و بەریتانیا، داوایانكرد بەپەلە كۆتایی بەو گرژی و ئاڵۆزییانە بهێنرێت كە قودس‌و كەرتی غەززەی لە فەلەستین گرتووەتەوە.

توندوتیژییەكان شەوی دووشەممە دوای ئاڕاستەكردنی چەند موشەكێك لەلایەن چەكدارە فەلەستینییەكانەوە بۆ قودس پەرەی سەند.

بەرپرسانی تەندروستی فەلەستین لە غەززە دەڵێن، 25 كەس لە هێرشە موشەكییەكانی ئیسرائیلدا كوژراون، لەنێویاندا نۆ منداڵ هەن، سوپای ئیسرائیلیش باس لە كوژرانی 15 ئەندامی بزوتنەوەی حەماس دەكات لەهێرشەكانیدا، ئەو بزوتنەوە چەكدارییەی فەلەستین كە دەسەڵاتی غەززەی لەدەستدایە.

لە ئەنجامی كەوتنە خوارەوەی چەند موشەكێكی چەكدارە فەلەستینییەكان لە شاری عەسقەلان لە باشوری ئیسرائیل، دوو ژن كوژراون.

بۆ خۆپارێزی لە هێرشە موشەكییەكان، سوپای ئیسرائیل داوای لە 130 هەزار كەس لە دانیشتوانی عەسقەلان كردووە بچنە پەناگەكانەوە.

ڕۆژی دووشەممە دوای برینداربونی دەیان هاوڵاتی فەلەستنی لەئەنجامی ڕوبەڕوبونەوە لەگەڵ پۆلیسی ئیسرائیل لە قودس، بزوتنەوەی حەماس هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی موشەكیی كرد، شەوەكەشی هەڕەشەكەی جێبەجێكرد، بەڵام وەڵامی ئیسرائیل بەهێزتربوو.

بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت حەماس "هێڵی سوری بەزاندووە"، بۆیە ئیسرائیل وەڵامەكەی "بەهێز و گەورە دەبێت".

گەڕەكی شێخ جەراح هۆكاری كێشەكەیە

دوو هەفتە پێش ئێستا گرژی و ئاڵۆزی و ڕوبەڕوبونەوە لەنێوان خۆپیشاندەرانی فەلەستین لەلایەك و هێزەكانی پۆلیسی ئیسرائیل و دانیشتوانە جولەكەكانی قودس دەستی پێكرد.

پێكدادانەكان بەهۆی بڕیارێكی دادگای ئیسرائیل بوو، بۆ چۆڵكردنی ماڵی ئەو فەلەستینیانەی لەگەڕەكی شێخ جەراح لە قودسی ڕۆژهەڵات نیشتەجێن و پێدانی شوێنەكانیان بە جولەكە ئیسرائیلییەكان.

دانیشتوانی گەڕەكەكە جەخت لەسەر خاوەندارێتی موڵكەكانیان دەكەنەوە، كە تێیدا لەدایكبون و گەورەبوون و ژیانیان بەسەر بردووە، جولەكەكانیش دەڵێن، ئەو موڵكانەیان لە كومەڵە یەهودییەكان كڕیوە، كۆمەڵە یەهودییەكانیش باس لەوە دەكەن نزیكەی سەدەیەك پێش ئێستا ئەو شوێنانە بە ئەوان فرۆشراون.

دۆسیەی گەڕەكی شێخ جەراح بابەتێكی نوێ نییە لەنێوان ئیسرائیلی و فەلەستینییەكان، ساڵی 1948 چەند خێزانێكی فەلەستینی گەڕەكەكە ناچار كران شوێنەكانیان چۆڵ بكەن، دواتر ساڵی 1972 چەند كۆمەڵەیەكی جولەكە بەڵگەی خاوەندارێتی خانووەكانی گەڕەكەكەیان خستەڕوو، مێژووی ئەو بەڵگانەش بۆ كۆتایی سەدەی نۆزدەهەم دەگەڕانەوە.

شێخ جەراح كێیە؟

گەڕەكی شێخ جەراح دەكەوێتە قودسی ڕۆژهەڵات، كە فەلەستینییەكان داوا دەكەن بكرێتە پایتەختی دەوڵەتەكەیان، بەڵام بەڕوونی دیارنییە ئەو كەسە كێیە و بۆ ئەو ناوە لە شوێنەكە نراوە.

بەپێی هەندێ زانیاریی، شێخ جەراح یەكێك بووە لە ئەمیرەكانی سەلاحەدینی ئەیوبی، دوای مردنی لەو ناوچەیە نێژراوە، لە چەند كتێبێكی مێژوویشدا گۆڕەكەی بە مەزار ناوبراوە.

نهێنییەكان لەبارەی شێخ جەراحەوە زیاتر دەبن، دوای ئەوەی چەند سەرچاوەیەك بە ئەمیر و شێخ ناساندویانە، سەرچاوە نوێیەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن كەسایەتییەكە پزیشك بووە، هەر بۆیە نازناوی شێخ جەراحی لێنراوە.

دیبلۆماتكاران سەردانی گەڕەكەكە دەكەن

باڵیۆز و كونسوڵی وڵاتانی یەكێتی ئەوروپا سەردانی گەڕەكەكەیان كردووە، پشتگیری ئەو خێزانانەیان كردووە كە هەڕەشەی چۆڵكردنی گەڕەكەكەیان لێدەكرێت.

خێزانە فەلەستینییەكان داوایانكردووە هەڵوێستی یەكێتی ئەوروپا تەنها بەیاننامە و ئیدانەكردن نەبێت و بەجدی كاریان بۆ بكەن و ئەو ستەمە بوەستێنن كە بەرامبەریان دەكرێت.

ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان چی دەڵێن؟

ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژە بەوە دەكات، ئیسرائیل هێزێكی زۆری بەكارهێناوە، بازنەی ئاشتییانەی بەزاندووە.

ڕێكخراوی مافەكانی مرۆڤیش داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە "لێپێچینەوە لەگەڵ ئیسرائیل بكەن بۆ ئەنجامدانی كردەوە توندوتیژییەكانیان".

ڕۆبەرت كۆلڤیل وتەبێژی نوسینگەی مافەكانی مرۆڤ سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لە جنێف، دەڵێت "زۆر نیگەرانین، بەتایبەت بەهۆی ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەر منداڵان"، هەروەها داوای ئازادكردنی منداڵە دەستگیركراوەكان‌و هێوركردنەوەی دۆخەكە دەكەن.