قوباد تاڵەبانی و عەلی حەمەساڵح چۆن باسی دۆخی كوردستان دەكەن بۆ میدیایەكی نێودەوڵەتی؟

12-05-2021 04:49

پەرەگراف

ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانی، ڕاپۆرتێكی وردی لەبارەی دۆخی سیاسی، حوكمڕانی، پرسی نادادپەروەری، ماف و ئازادییەكان و گەندەڵی لە هەرێمی كوردستان، بڵاو كردەوە. تەوەری سەرەكیی ناو ڕاپۆرتەكە، سزادانی ڕۆژنامەنووس و چالاكانی بادینانە.

ڕۆژنامەكە تیشكی خستووەتە سەر ئەوەی كە پێچەوانەی خواستی و چاوەڕوانییەكانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، كە زۆر جار وەكو هاوبەش و هاوپەیمانێك تەماشای هەرێمی كوردستانیان كردووە و داوای پیادەكردنی حوكمێكی دیموكراسی و پاراستنی مافەكانی مرۆڤیان لە هەرێم كردووە، بەڵام حوكمی بنەماڵەیی زیاتر پێگەی خۆی لە هەرێم بەهێز دەكات.

میدیا بەریتانییەكە لە بەرانبەر پەسەندكردنی سزادانی پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكەكەی بادینان، لەبارەی هەرێمەوە نووسیویەتی "هاوپەیمانێكی خۆرئاوا بیری دیموكراسی پشتگوێ دەخات" و ئاماژەی بە كاردانەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا كردووە كە وتوویەتی بە چڕی چاودێریی دۆسیەی دەستگیركراوەكان دەكات. هاوكات دەڵێت "بەڵام هەڵوێستی ئەمریكا هێشتا نەگەیشتووەتە ئەوەی ڕەخنە ئاڕاستەی هاوپەیمانە هەرێمییەكەی بكات".

فاینانشاڵ تایمز ئیدانەكردنی دەستگیركردنی ڕۆژنامەنووس‌ و چالاكانی بادینانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بە ڕووداوێكی "دەگمەن" ناو بردووە و دەڵێت "تیشك خرایە سەر ڕۆشتنی ئەم نیمچە دەوڵەتە (هەرێمی كوردستان) بەرەو ستەمكاری".

سەبارەت بە حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان، عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بۆ ڕۆژنامەكە وتوویەتی "لە واقیعدا، لە كوردستان دوو بنەماڵە حوكم دەكەن، هەریەكەیان لە زۆنی خۆی".

"پەرلەمان، ئەنجوومەنی وەزیران، هەموو ئەو شتانەی دەیانبینن، تەنها بۆ نمایشە" ئەو پەرلەمانتارە وای وتووە.

هاوكات ڕۆژنامەكە لە زاری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بڵاوی كردووەتەوە كە سیاسەتمەدارانی گەورەی تر هەن لە حكوومەتدا و هیچ پەیوەندییان بە خێزانی تاڵەبانی و بارزانییەوە نییە.

قوباد تاڵەبانی وتووشیەتی كە خودی خۆی و چەندین بەرپرسی باڵای دیكە لە ڕێی هەڵبژاردنەوە پۆستەكانیان وەرگرتووە.

جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ ڕۆژنامە بەریتانییەكە باسی لەوە كردووە كە، خێزانەكانیان ڕۆڵی باڵایان هەبووە لە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی كورد لە ٦٠-٧٠ ساڵی ڕابردوودا و وتوویەتی "ئەوە دەرگای بۆ ئێمە كردەوە، دەرگایەك كە پێویست بوو پێیدا تێپەڕین".

سەبارەت بە گەندەڵییش لە هەرێمی كوردستان، ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانی ئاماژەی بەوە داوە كە بانگەشەكانی گەندەڵیی بەربڵاو بە تەواوی نوێ نین. لە بە یاننامەیەكی ٢٠٠٦ی ویلایەتە یەكگرتووەكان "گەندەڵییەكی لە ڕادە بەدەر" باس كراوە.

‎بازرگانێكی لوبنانی كە خاوەنی كۆمپانیایە لە سەرتاسەری ناوچەكەدا، كاتێك فاینانشاڵ تایمز پرسیاری ئەوەی لێ كردووە بۆچی لە كوردستان بازرگانی ناكات؟ لە وەڵامدا وتویەت "گەندەڵییەكە خراپترە لە بەغدا، من بەو یاسایانە كار ناكەم".

قسەكانی ئەو بازرگانە لوبنانییە ئاماژەن بۆ داواكردنی پشك و داواكردنی پارە بە گەندەڵیی و نایاسایی لەلایەن بەرپرسانی دوو حیزبی دەسەڵاتدار و كۆمپانیاكانیانەوە لەو سەرمایەدارە بیانییانەی كە دەیانەوێت لە كوردستان سەرمایەگوزاری بكەن، ئەوەش وایكردووە كوردستان بە خراپتر لە بەغداد ناوببرێت.

* حوكمی كۆتایی ڕۆژنامەنووس‌و چالاكانی بادینان: پارەیان لە كونسوڵخانەی ئەمریكاو ئەڵمانیا وەرگرتووە

*بەریتانیا نیگەرانیی پیشاندا لە بڕیارەكەی دادگا لەبارەی حوكمدراوانی بادینان

* یەكێتی ئەوروپاش نیگەرانە؛ لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای دەستبەجێ ئازادكردنی حوكمدراوانی بادینان دەكات

* دادگاییكردنی بەرواری و بەرۆشكی دوای ساڵێك لە دەستگیركردنیان؛ "نادادپەروەرییەكی گەورە"

* ئەنجومەنی دادوەریی: بڕیارەكە هێشتا پلەی كۆتایی وەرنەگرتووە و قۆناغی دیكەی تانەلێدانی ماوە

* حكوومەتی هەرێم دەربارەی بڕیاری دادگای پێداچوونەوە لە دۆسیەی سزادراوانی بادینان ڕاگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە

* كونسوڵخانەی ئەڵمانیا: بە پەسەندكردنی سزای ڕۆژنامەنووس و چالاكانی بادینان تووشی نائومێدییەكی قووڵ بووین

* وەڵامی ئەمریكا لەبارەی ناوهێنانی كونسوڵخانەكەی لە دۆسیەی سزادراوانی بادیناندا

* بڕیاری دادگای پێداچوونەوە لەبارەی سزادراوانی بادینان بڵاو كرایەوە