جەژن لەنێوان كلتور و ڕێوشوێنەكانی كۆرۆنا و قەدەغەی هاتوچۆدا

13-05-2021 11:45

پەرەگراف

ساڵانی پێش سەردەمی كۆرۆنا موسڵمانان لە وڵاتانی ئیسلامی و نائیسلامی بەشێواز و مەراسیمی جیاواز جەژنی ڕەمەزانیان بەڕێدەكرد، زۆرینەیان بەشداریی كۆبونەوە و ئاهەنگەكانیان دەكرد، سەردانی شوێنە گەشتیاری و سەیرانگاكان و بەسەركردنەوەی خزم و كەسوكار بووبوە كلتور، بەڵام کۆرۆنا ئەوانەی تێکدا.

بۆ دووەم ساڵی لەدوای یەك جەژنی ڕەمەزان لە سەردەمی كۆرۆنادایە كە كاریگەری لەسەر تەواوی لایەنەكانی ژیان دروستكردووە، زۆرینەی وڵاتانی ئیسلامی كە یادی جەژن دەكەنەوە، ڕێوشوێنی توندیان گرتۆتەبەر، بۆ ئەوەی سنورێك بۆ شەپۆلی سێهەمی نەخۆشییەكە دابنرێت كە ژمارەی توشبووانی لە زیادبوندایە.

عێراق قەدەغەی هاتوچۆی ڕاگەیاندووە، میسر ڕێوشوێنەكانی توندكردۆتەوە و ئیندۆنیزیاش گەشتە ناوخۆییەكانی وڵاتەكەی ڕاگرتووە بۆئەوەی هاوڵاتیان سەردانی یەكتر نەكەن، بەڵام لە ئوردون بە پێچەوانەوە تاڕادەیەك ڕێوشوێنەكان سوككراوە، لە سعودیەش نوێژی جەژن بەفراوانی ئەنجام درا.

عێراق.. كۆتایی ڕەمەزان و قەدەغەی هاتوچۆ

پێش كۆتایی هاتنی مانگی ڕەمەزان بەڕۆژێك، عێراقییەكان چونە ژێر جێبەجێكردنی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی تەواوەتی بۆ ماوەی 10 ڕۆژ، ئەوەش بەپێی ڕاگەیاندنێكی ئەنجومەنی وەزیران كە پێنج شەممەی پێشوو بڵاوكرایەوە.

بەپێی بڕیارەكە سەرجەم بازاڕ و شوێنە بازرگانییەكان، چێشتخانە و كافتریا و هۆڵەكانی سینەما، سەیرانگا و شوێنە گەشتیارییەكان، هەروەها هۆڵی بۆنە و ئاهەنگەكان و مەلەوانگە و شوێنەكانی تایبەت بە مەساج دادەخرێن.

بڕیارەكەی ئەنجومەنی وەزیران چەند لایەنێك ناگرێتەوە، بەتایبەت ئەوانەی لە ڕۆژانی جەژنیشدا لەكاردان، وەك كارمەندانی وەزارەتی تەندروستی، هێزە ئەمنییەكان، فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان، هاوكات دەرمانخانە و كۆگاكانی فرۆشتنی سەوزە و میوە و پێداویستییەكانی ڕۆژانە لەگەڵ سەمونخانە و نانەواخانەكان دەتوانن تا كاتژمێر حەوتی ئێوارە كاربكەن.

كاربەدەستان ڕێگر دەبن لە ئەنجامدانی هەموو جۆرە كۆبونەوەیەكی كۆمەڵایەتی هاوڵاتیان، هەروەها پرۆسەی خوێندن لەسەرجەم قوتابخانەو پەیمانگا و زانكۆكان دەوەستێت، تەنها بەشێوەی ئەلكترۆنی خوێندكاران دەتوانن وانەكانیان وەربگرن.

لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشمانی بڕیارێكی تایبەتی بۆ ئەو خوێندكارانە دەركردووە كە وانەی كردارییان هەیە، بەتایبەت پزیشكی گشتی و ددان و پەرستاری، بەجۆرێك ئەوان دەتوانن دووجار لە هەفتەیەكدا وانەی كرداریی وەربگرن.

تونس.. هاتنە دەرەوە و ئاهەنگ نییە

حكومەتی تونس كەرەنتینەی گشتی و قەدەغەی هاتوچۆی تەواوی پێش جەژن ڕاگەیاند، بۆ ماوەی هەفتەیەك بڕیارەكە بەردەوام دەبێت، بەڵام هاوڵاتیان نیگەران و توڕەن و مانەوەیان لەماڵەوە ڕەتكردۆتەوە.

دەسەڵاتداران دەیانەوێت بەو بڕیارە ڕێگربن لە هەڵكشانی ئامارەكانی كۆرۆنا بەهۆی جەژنەوە، چونكە دۆخی كەرتی تەندروستی لەو وڵاتە خراپە و لەلێواری داڕماندایە.

هاوڵاتیان دژی بڕیارەكەی حكومەت لە چەند شوێنێك گردبونەوەیان ئەنجامداوە، چونكە پێیانوایە كاریگەری خراپی لەسەر دۆخی ئابورییان هەیە كە خۆی لەخۆیدا خراپە و دەڵێن "پارەی ژیانمان پێنییە و ناتوانین لەماڵەوە دابنیشن".

میسر.. توندكردنەوەی ڕێوشوێنەكان

لەگەڵ پشووەكانی جەژنی ڕەمەزان، دەسەڵاتدارانی میسر بڕیاریاندا چەند ڕێوشوێنێك بۆ ڕوبەڕوبونەوەی نەخۆشی كۆڤید 19 بگرنەبەر وەك، داخستنی كۆگا و شوێنە بازرگانییەكان، لەگەڵ شوێنە گەشتیارییەكان، چێشتخانە و كافتریاكانیش تا كاتژمێر نۆی شەو كراوە دەبن، دوایئەوە تەنها خزمەتگوزاری گەیاندنیان دەبێت، بۆنە هونەرییەكانیش بۆ ماوەی دوو هەفتە ڕاگیراون.

ئەوەی لە میسر پابەند نەبێت بە بەستنی دەمامك سزای دارایی دەدرێت كە بڕكەی 50 جنێیە (3.7 دۆلار) تائێستاش زیاتر لە ملیۆنێك و 700 هەزار كەس ئەو سزایە دراون و پارەكەیان لێسەندراوە.

لوبنان.. قەدەغەی تەواو

هاوشێوەی جەژنی مەسیحییەكان، حكومەت بڕیاریدا لە جەژنی موسڵمانەكانیشدا قەدەغەی تەواوی هاتوچۆبێت، بۆئەوەی بەر بە بەرزبونەوەی ژمارەی توشبووانی كۆرۆنا بگیرێت.

بەرپرسان دەترسان ئەگەر بڕیارەكە جێبەجێ نەكرێت، سیناریۆی سەری ساڵی نوێ دووبارە ببێتەوە، كاتێك بەهۆی كردنەوەی كافتریا و چێشتخانەكان و كۆبونەوەی هاوڵاتیان ژمارەی توشبووان و حاڵەتەكانی مردن بە ڕێژەیەكی بەرچاو زیادی كرد.

ئوردون.. كارئاسانی كراوە

حكومەتی ئوردون جیاواز لە وڵاتانی دیكەی عەرەبی و ئیسلامی بڕیاریدا كاتژمێرەكانی قەدەغەی هاتوچۆ لەجەژندا كەمبكاتەوە، ئەوەش بەهۆی كەمبونەوەی ژمارەی توشبووان بەو وڵاتە.

بەپێی بڕیارەكە لەكاتژمێر 11 شەو بۆ شەشی بەیانی قەدەغەی هاتوچۆ دەبێت، بەڵام پێشتر بڕیارەكە لە كاتژمێر نۆی شەوەوە جێبەجێ دەكرا.

سعودیە.. فراوانكردنی نوێژی جەژن

كاربەدەستانی سعودیە بڕیاریاندا نوێژی جەژن لەسەرجەم شوێنەكاندا ئەنجام بدرێت و فراوانكردن لەو شوێنانەی بۆ نوێژ دیاریكراوە ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی پەیڕەوی دووری و پارێزبەندی بكرێت.

لای خۆیەوە وەزارەتی بازرگانی سعودیە چاودێرییەكانی بۆ سەر بازاڕ و شوێنە بازرگانییەكان توندكردۆتەوە، بۆ ئەوەی ڕێگری بكرێت لەهەڵكشانی ئامارەكانی كۆرۆنا.

خەمی وڵاتانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا

كارەساتەكەی هیندستان كاریگەری لەسەر بەشێكی وڵاتانی باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا هەبووە و ئامارەكانی كۆرۆنا بەڕێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، ئیندۆنیزیا كە گەورەترین وڵاتی ئیسلامییە و زۆرترین ژمارەی موسڵمانان تێیدا دەژین، گەشتە ناوخۆییەكان قەدەغەكردووە.

مەبەستی وەستاندنی گەشتە ناوخۆییەكان، بۆ ئەوەیە هاوڵاتیان سەردانی یەكتر نەكەن، ئەو كەسانەش كە لە دەرەوەی شوێنی نیشتەجێبوونیان كار دەكەن، نەگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان و كۆبونەوەی هاوڵاتیان ئەنجام نەدرێت، تاوەكو نەگەن بەو دۆخە خراپەی هیندستانی تێكەوتووە بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.