درعەكەی ئیسرائیل چۆن كاردەكات؟

گومەزی ئاسنین ڕوبەڕوی موشەكەكانی حەماس دەبێتەوە
16-05-2021 06:59

پەرەگراف

ماوەی 10 ساڵە ئیسرائیل كار بە سیستمێكی دژە موشەكی پێشكەوتوو دەكات كە بە "گومەزی ئاسنین" ناسراوە، بەڵام لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا هێندەی چەند ڕۆژی ڕابردوو كاری نەكردووە و تاقیكردنەوەی پێنەكراوە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی موشەكەكان.

لەگەڵ پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەكان، دەیان وێنە و گرتەی ڤیدۆی بڵاوبووەتەوە، ساتی بەرپەرچدانەوەی موشەكانی بزوتنەوەی حەماسی فەلەستینی دەردەخات لەلایەن سیستمی دژە موشەكی ئیسرائیلەوە، موشەك‌و دژە موشەكەكان پێكەوە ئاسمانی شاری تەلئەبیب دەكەنە چراخان.

دیمەنەكە سەرەتا بە بیستنی دەنگی زەنگی ئاگاداركردنەوە دەستپێدەكات، دواتر چەند خاڵێك دەردەكەون كە ئاسمان ڕوناك دەكەنەوە، پاشان دەنگی چەند تەقینەوەیەك دەبیسترێن، بەوەش ئەو مەترسییە تەواو دەبێت كە لەسەر دانیشتوانی ناوچەكە دروستبووە.

ئیسرائیلییەكان لەڕێی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە، ستایشێكی زۆری سیستمی "گومەزی ئاسنین" دەكەن و بە "پۆلیسی پارێزگاریی ژیان" ناوی دەبەن.

"گومەزی ئاسنین" چۆن كاردەكات؟

سیستمە دژە موشەكییەكە لە یەكەیەكی ڕادار و ناوەندێكی كۆنتڕۆڵكردن پێكدێت، دەتوانێت هەموو تەنێكی فڕیوی وەك موشەك بناسێتەوە‌و ڕێڕەو و خاڵی پێشبینیكراو بۆ كەوتنە خوارەوەی دیاری بكات، هەموو ئەوەش تەنها لە چەند چركەیەكی كەمدا ڕوودەدات.

گرنگیی دیاریكردنەكە لەو ماوە كەمەدا لەوەدایە، بەپێوانەكردنی دووریی كەرتی غەزە، ئیسرائیلییەكان تەنها 15 بۆ 90 چركەیان لە بەردەستدایە بۆ خۆحەشاردان لە موشەكەكان، چونكە ئەگەر سیستمەكە نەبێت، لە ماوەی ئەو چەند چركەیەدا موشەكەكە دەكەوێتە خوارەوە.

بەشی سێهەمی سیستمەكە، ئەو موشەكانەن كە ڕوبەڕوی موشەكەكان دەبنەوە، ئەوەش بۆ هەر سیستمێك لە سێ هەڵدەر پێكهاتووە، هەر یەكێكیان 20 موشەكی تێدایە.

سیستمەكە بەجۆرێك كاردەكات، تەنها ئەو موشەكانە دەپێكێت كە مەترسیی كەوتنە خوارەوەیان لێدەكرێت لە ناوچەی ئاوەدان پڕ دانیشتوان، واتە ئەگەر بزانرێت موشەكێك دەكەوێتە ناوچەیەكی چۆڵ و زیانی نابێت، سیستمەكە گوێی پێنادات و بەرپەرچی ناداتەوە.

موشەكەكانی "گومەزی ئاسنین" دەتوانن لە ئاسمانیشدا چالاكییەكانیان ئەنجام بدەن، واتە مەرج نییە ڕاستەوخۆ ئەو موشەكەی لەفەلەستینەوە هەڵدراوە بپێكن، بەڵكو ئەگەر لە نزیكیشیەوە بتەقێتەوە وێرانی دەكەن‌و نایەڵن ئامانجەكەی بپێكێت، بەڵام ئەگەر هەیە كاتێك پارچەكانیان دەكەونە خوارەوە زیانیان لێبكەوێتەوە.

"گومەزی ئاسنین" سیستمێكی جوڵاوە، واتا دەتوانرێت لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە بگوازرێتەوە، لە ئیسرائیلدا 10 یەكەی كاركردنی هەیە، بەپێی ڕاگەیاندراوی كۆمپانیای "ڕافائیل"ی ئیسرائیلی بۆ سیستمی بەرگری كە دروستكەری سیستمەكەیە، هەر یەكێك لەو یەكانە دەتوانێت پارێزگاری لە شارێكی قەبارە مامناوەند بكات، بەجۆرێك دەتوانێت ڕوبەڕوی ئەو موشەكانە ببێتەوە كە مەترسی لەسەر چوارچێوەی 70 كیلۆمەتر دروست دەكەن.

شارەزایانی ئەو بوارە ئاماژە بەوە دەكەن، بەپێی ڕوبەری ئیسرائیل، پارێزگاریكردن لە تەواوی وڵاتەكە تەنها پێویستی بە 13 یەكەی گومەزی ئاسنین هەیە.

بۆ پاراستنی تەواوی وڵاتەكە ئیسرائیل چەند سیستمێكی دیكەشی هەیە كە سودی لێوەردەگرێت، بەڵام گومەزی ئاسنین تایبەتە بە موشەك و بۆمبە كورت مەوداكان و ڕوبەڕوی ئەوان دەبێتەوە.

ڕێژەی سەركەوتنی "گومەزی ئاسنین" چەندە؟

كۆمپانیا "ڕافائیل" ئاشكرای دەكات، ڕێژەی سەركەوتنی سیستمەكە بۆ پێكانی ئامانجەكەی و ڕوبەڕوبونەوەی ئەو موشەكانەی ئاڕاستەی ئیسرائیل دەكرێن لەسەدا 90.

موشیە باتیل بەڕێوبەری سیستمی بەرگری موشەكی ئیسرائیل دەڵێت "گومەزی ئاسنین لە 10 ساڵی ڕابردوودا سەركەوتوو بووە، تا مانگی كانونی دووەمی ڕابردوو بەرپەرچی دوو هەزار و 400 موشەكی داوەتەوە كە لە فەلەستینەوە هەڵدراوە، كۆمپانیاكەش باس لە ڕوبەڕوبونەوەی زیاتر لە دوو هەزار‌و 500 موشەك دەكات لەماوەی ئەو چەند ساڵەدا.

كۆمپانیای "ڕافائیل" لەسەر ماڵپەڕە ئەلكترۆنییەكەی نوسیویەتی "هەر موشەكێك كە بەرپەرچ دراوەتەوە، سیستمەكە نەبوایە لە ناوچەیەكی ئاوەدان و پڕ دانیشتوان دەكەوتە خوارەوە، زیانێكی زۆر و قوربانیی لێدەكەوتەوە".

بەپێی ڕاگەیاندراوی سوپای ئیسرائیل لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە هەزار موشەك ئاڕاستەی شارەكانیان كراوە، 200یان لەناو كەرتی غەزە كەوتونەتە خوارەوە، بۆیە سیستمەكە خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواوەوە.

تێچووی كاركردنی سیستمەكە چەندە؟

بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان، هەر موشەكێك بۆ بەرپەرچدانەوەی موشەكێكی دیكە لە یەكەكانی سیستمەكەوە دەردەچێت، تێچووەكە نزیكەی 66 هەزار یۆرۆیە(117 ملیۆن دینار)، هەر لەبەر ئەو تێچونە زۆرەش سیستمەكە تەنها ڕوبەڕوی ئەو موشەكانە دەبێتەوە كە لە ناوچەی ئاوەدان دەكەونە خوارەوە.

ماوەیەك پێش ئێستا ئەمریكا بڕیاریدا پشتگیری و پاڵپشتی سیستمەكەی ئیسرائیل بكات و پەرەی پێبدات، هەروەها دوو یەكەی لە ئیسرائیل كڕیوە تاوەكو لای خۆی بەكاریبهێنێت.