شاندێکی باڵای ئەمریکا لەگەڵ مەسرور بارزانی دۆسیەی حوکمدراوانی بادینان تاوتوێ دەکەن

16-05-2021 09:41
مەسرور بارزانی و جۆوی هوود، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیك به‌ وه‌كاله‌ت

پەرەگراف

شاندێکی باڵای ئەمریکا سەردانی ھەولێریان کردو لەگەڵ مەسرور بارزانی کۆبوونەوە، دۆسیەی حوکمدراوانی بادینان یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆکانیان بووە.

"لە سەر کەیسی حوکمدراوانی بادینان، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا، کە ئەوە بابەتێکی یاساییە و لەو چوارچێوەیەدا هەڵسوکەوتیلەگەڵ دەکرێت. پشتیوانیی و رێز و پێزانینی خۆشی بۆ کاری دیپلومات و نێردە دیپلوماسییەکان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی"  حکومەتی ھەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا وادەڵێت.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا دەشڵێت "سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە، کە رەفتارە نا یاساییەکانی حوکمدراوان وخراپ بەکارهێنانی پەیوەندییەکانیان، بە هیچ شێوەیەك گومان لە سەر لایەنە دیپلوماسیيەکان دروست ناکات. حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاری دیپلوماتکارانی ناو هەرێمی کوردستان، بەرز دەنرخێنێت و هەموو ئاسانکارییەکی پێویستیان پێشکەش دەکات".

حکومەتی ھەرێم لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ھیچ ئاماژەیەکی بە لێدوان و ھەڵوێستی شاندەکە نەکردووە لەسەر دۆسیەی حوکمدراوانی بادینان.

دادگای پێداچوونەوەی هەرێم لە 28-4-2021 سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ پێج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكەی بادینان پەسەند كرد، ئەوەش ناڕەزایی فراوانی لێكەوتەوە، دادگا كونسوڵخانەكانی ئەمریكا و ئەڵمانیایشی لە دۆسیەكەوە گلاندووە. ئەو بڕیارەی دادگا کاردانەوەی فراوانی ناوخۆیی و وڵاتانی دەرەوەو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی لێکەوتەوە.

پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسە حوكمدراوەكە بریتین لە (شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گۆهدار محەمەد، هاریوان عیسا و شڤان سەعید)، ئەوان مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو لە چەند هەڵمەتێكی هێزە ئەمنییەكاندا دەستگیركران كە ژمارەیەكی زۆر لە ڕۆژنامەنووس و چالاكی دەڤەری بادینانی گرتەوە، بەشێكی زۆر لە دەستگیركراوان تا ئێستایش دادگایی نەكراون، ئەو پێنج كەسەیشیان تۆمەتی "سیخوڕی" و "هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم"یان درایە پاڵ.

ڕاگەیەندراوی حکومەتی ھەرێم لەبارەی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و شاندەکەی ئەمریکا

ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 2021/5/16 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی باڵای ئەمەریکی کرد، کە پێکهاتبوو لە جۆوی هوود، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیك به‌ وه‌كاله‌ت، ئەیمی کەترۆنا، نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا بەوەکالەت، زەهرا بێل بەڕێوەبەری کاروباری سوریا و عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا.

لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی عێراق و سوریا و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرا.

شاندی میوان جەختی لە بەردەوامبوونی هاوکاریکردنی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش کردەوە، هەروەها ئاماژە بەگرنگیی کاراکردنی سەنتەری هەماهەنگیی هاوبەش کرا لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق.

لە تەوەرێکی دیکە دیدارەکەدا، تیشك خرایە سەر پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و گرنگیی پابەندبوون بەیاسای بودجەی فیدراڵی و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکارییەکانی دۆخی سوریا کرا و هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆی نێوانلایەنە کوردییەکانی سوریا کردەوە لە پێناو برەودان بە ئازادی کاری سیاسیی و فرەلایەنی و هاوبەشیکردن لە دەسەڵاتدا.

لە تەوەرێکی دیکەدا هەردوولا پشتیوانی خۆیان بۆ ئازادی کاری راگەیاندن و ئازادی رادەربڕین و رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و کاری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەربڕی، کە سیمایەکی گەشی هەرێمی کوردستان و هەر کۆمەڵگەیەکی دیموکراتە. لە سەر کەیسی حوکمدراوانی بادینان، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا، کە ئەوە بابەتێکی یاساییە و لەو چوارچێوەیەدا هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرێت. پشتیوانیی و رێز و پێزانینی خۆشی بۆ کاری دیپلومات و نێردە دیپلوماسییەکان لە هەرێمی کوردستان دەربڕی.

سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە، کە رەفتارە نا یاساییەکانی حوکمدراوان و خراپ بەکارهێنانی پەیوەندییەکانیان، بە هیچ شێوەیەك گومان لەسەر لایەنە دیپلوماسیيەکان دروست ناکات. حکومەتی هەرێمی کوردستان، کاری دیپلوماتکارانی ناو هەرێمی کوردستان، بەرز دەنرخێنێتو هەموو ئاسانکارییەکی پێویستیان پێشکەش دەکات.