هەشتا و پێنج دادوەر و داواكاری گشتی نەخشەڕێگایەك بۆ چاكسازی لە دەسەڵاتی دادوەری دەخەنە ڕوو

17-05-2021 07:13

پەرەگراف

85 دادوەر و داواكاری گشتی لە هەرێمی كوردستان، نەخشەڕێگایەكی 14 خاڵی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لە دەسەڵاتی دادوەری دەخەنە ڕوو، لە پێناو "پاراستنی شكۆ و پێگەی دەسەڵاتی دادوەری لەناو هەرسێ‌ دەسەڵاتەكەی هەرێمدا". ئەو هەنگاوەشیان بە "تەواوكاریی پرۆسەی چاكسازی لە هەرێم" ناو بردووە.

ئەو دادوەر و داواكاری گشتییانە داوا دەكەن كە "سیستەمی لێكۆڵینەوە گۆڕانكاریی تێدا بكرێت" و دەڵێن "ناكرێت لە ساڵی 2021دا بژین و بە هەمان سیستەمی لێكۆڵینەوەی ساڵانی حەفتا و هەشتاكان لێكۆڵینەوە لە تاوانەكان ئەنجام بدرێت".

خستنەڕووی ئەم نەخشەڕێگایە لە كاتێكدایە كە سزادانی دەستگیركراوانی بادینان و پەسەندكردنی سزاكە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی هەرێمەوە، كاردانەوەی فراوانی ناوخۆیی و دەرەكیی بەدوای خۆیدا هێناوە و سزاكەیان بە "نادادپەروەرانە" ناو دەبرێت، ئەمەش هێندەی دیكە گومانی بێلایەننەبوون و ناسەربەخۆیی دادگاكانی هەرێمی تۆختر كردووە.

لە خاڵی یەكەمی نەخشەڕێگاكەدا هاتووە "بۆ ئەوەی سنووری دەسەڵاتەكانی هەر سێ‌ دەسەڵاتەكە ڕوون بێت و یاسا سەروەر بێت، پێویستە لەم خولەی پەرلەماندا پرۆسەی ئامادەكردنی دەستوور تەواو بكرێت و ڕاپرسی ئەنجام بدرێت. دەسەڵاتەكانی دەسەڵاتی دادوەری و كار و ئەرك و پێكهاتەی دادگای دەستووری بە ڕووی دیاری بكرێت".

ئەو 85 دادوەر و داواكاری گشتییە داوایان كردووە كە "یاسای دەسەڵاتی دادوەری ژمارە 23ی ساڵی 2007 هەموار بكرێتەوە". هەروەها "دەزگای داواكاری گشتی یاسایەكی تۆكمەی بۆ دەربچوێندرێت و سەربەخۆیی دارایی و كارگێڕیی ئەم دەزگا دادوەرییە فەراهەم بكرێت".

دەقی نەخشەڕێگاكە