كێ سەرپەرشتی مزگەوتی ئەقسا دەكات؟

18-05-2021 06:42

پەرەگراف

بە درێژایی مێژوو چەندین لایەن سەرپەرشتی و چاودێری مزگەوتی ئەقسایان كردووە، ئەوەش بەپێی سەردەمی خەلافەتەكان و ئەو وڵاتانەی حوكمی فەلەستینیان كردووە، گۆڕاوە.

ئەگەر سەیری مێژووی سەد ساڵ پێش ئێستا بكرێت، مزگەوتی ئەقسا لەسەر وەزارەتی ئەوقافی دەوڵەتی عوسمانی بووە، ئەوەش بەهۆی باڵادەستیی عوسمانییەكان لەوێ.

دوای ڕوخانی سوڵتانی عوسمانی لە 1922و لە سەردەمی ئینتدابی بەریتانیدا، ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بە سەرۆكایەتی شێخ ئەمین حسێنیی موفتی گشتی قودس پێكهێنرا، ئەوەش بە مەبەستی ڕێكخستنی كاروبارەكانی موسڵمانان و دامەزراوە و ئاینی و پەروەردەییەكانیان، لەنێوانیشیاندا مزگەوتی ئەقسا.

دوای دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، ئەوقافی قودس چووەلای دەسەڵاتی ئوردن، تائێستاش لەژێر سەرپەرشتی شانشینی هاشمییەكاندا ماوەتەوە.

بەڕێوەبردنی ئەقسا لەلایەن ئوردنەوە چۆنە؟

بەڕێوەبردنی مزگەوتی ئەقسا لە قودس لەلایەن فەرمانگەی ئەوقافی ئوردنەوە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان بەڕێوەدەچێت، چونكە ئەوان دوا لایەن بوون شوێنەكەیان لەژێردەستدابووە پێش داگیركردنی ناوچەكە لەلایەن ئیسرائیلەوە.

دوای جەنگی تەموزی ساڵی 1967 ئیسرائیل ویستی ئەوقافی ئیسلامی و مەسیحییەكان بخاتە سەر وەزارەتی ئاینەكان، بەڵام نەیتوانی ئەو كارە ئەنجام بدات.

دوای كەوتنەوەی ئاگرێك لە ئەقسا لە ساڵی 1969، ئەنجومەنی ئاسایشی سەربە نەتەوەیەكگرتووەكان، بڕیاری ژمارە 271ی دەركرد، تێیدا داوا لە ئیسرائیل كرا ڕێگر نەبێت لە پڕۆژەكانی نۆژەنكردنەوەی ئەو شوێنە پیرۆزانەی لەلایەن ئوردنەوە بەڕێوە دەبرێن.

ساڵی 1994 ڕێكەوتننامەی ئاشتیی نێوان ئوردن و ئیسرائیل ئەنجامدرا، بەشێكی تایبەتبوو بە چاودێریكردنی ئوردن بۆ شوێنە پیرۆزەكان و ڕێكخستنی كاروبارەكان.

لەئێستادا فەرمانگەی ئەوقافی قودس، سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و پیرۆزییەكانی ئیسلامە لە ئوردن و ئەوان سەرپەرشتی مزگەوتی ئەقسا و شوێنە پیرۆزەكانی قودس دەكەن، بە هی موسڵمان و مەسیحییەكانیشەوە.

دەسەڵاتەكانی فەرمانگەی ئەوقافی قودس چین؟

یەكێك لە دەسەڵاتەكانی فەرمانگەی ئەوقافی قودس، سەرپەرشتیكردنی چواردە دەرگاكەی مزگەوتی ئەقسا و هەڵگرتنی كلیلەكانیەتی، تەنها دەرگای ڕۆژئاوای نەبێت كە لە ساڵی 1967وە كلیلەكەی لەژێر دەستی ئیسرائیلدایە.

یەكێك لە لقەكانی فەرمانگەی ئەوقافی قودس، فەرمانگەی ئەنجومەنی ئەوقافی ئیسلامییە، لە چەند ئەندامێك پێكهاتووە كە بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی ئوردن دادەنرێن و سەرپەرشتی فەرمانگەی ئەوقاف و موڵكەكانی وەقف دەكەن، كە خاوەندارێتی 50% موڵكەكانی قودسی پیرۆزیان بۆ دەگەڕێتەوە.

ئامانجی ئەنجومەنەكە "پاراستنی ناسنامەی عەرەبی و ئیسلامی شاری قودسە، دانانی نەخشە و پلانەكان كە پەیوەندییان بە مزگەوتی ئەقسای پیرۆزەوە هەیە، هەروەها ئیدارەدانی ئەوقافی ئیسلامی لە ڕووەكانی ئاینی و كارگێڕی و سیاسییەوە".

ئەنجومەنی ئەوقافی قودس لەلایەن شێخ عەبدولعەزیم سەرلهەب سەرۆكایەتی دەكرێت، هاوكات شێخ خەتیب پۆستی بەڕێوبەری گشتی ئەوقافی قودسی پێدراوە، شێخ عومەر كەسوانی كراوە بە بەڕێوبەری مزگەوتی ئەقسا.

وەزارەتی ئەوقافی ئوردن لیژنەیەكی بۆ نۆژەنكردنەوەی مزگەوتەكە و گومەزەكەی پێكهێناوە، لیژنەكە كاری ڕێكخستی كاروبارەكانی ئاوەدانكردنەوە و چاككردن و نۆژەنكردنەوە‌و دابینكردنی پێویستیەكانی شوێنەكەیە.

هەرچەندە كاروبارە كارگێڕی و داراییەكانی ئەقسا لەلایەن وەزارەتی ئەوقافی ئوردنەوە بەڕێوەدەبرێن، بەڵام دەرگاكانی لەژێر چاودێری ئیسرائیلدایە.

مانگی نیسانی ڕابردوو وەزارەتی ئەوقافی ئودن دووبارە ئەنجومەنەكەی پێكهێنایەوە، ژمارەی ئەندامەكانی لە 18وە بۆ 23 كەس زیادكرد، ئەو كەسانە دانراون‌و كراون بە ئەندام كە پەیوەندییەكی پتەویان لەگەڵ حكومەتی ئوردن هەیە.

هۆكاری دانانی كەسایەتییە نزیكەكان لە حكومەتی ئوردنەوە، بۆ ڕێگریكردنە لە دەستوەردانەكانی ئیمارات، كە دوای ڕێكەوتنی وڵاتەكەیان لەگەڵ ئیسرائیل، دەیانەوێت دەسەڵاتیان لە ئەقسادا هەبێت.

وتاربێژەكانی ئەقسا كێن؟

تشرینی دووەمی 2020 وەزیری ئەوقافی ئوردن بڕیاریدا بە دانانی شێخ یوسف عەبدولوەهاب ئەبو سنینە، بە گەورە وتاربێژەكانی مزگەوتی ئەقسا، هەروەها شێخ ئەیاد عەباسی و شێخ مستەفا سەرندح وەك وتاربێژی دیار و گرنگ، لەگەڵ چەند وتاربێژێكی دیكەدا.

لەدیارترین وتاربێژەكانی ساڵانی ڕابردووش، شێخ عەكرمە سەبری كە لە نێوان ساڵانی 1994 بۆ 2006 موفتی فەلەستین بووە، سەرۆكایەتی دەستەی باڵای ئیسلامی قودسی كردووە، كە چەند زانایەكی فەلەستینی بۆ پارێزگاریكردن لە ئەقسا ساڵی 1967 دایانمەزراند.

لە قۆناغی پێش كۆرۆنادا بە هەزاران كەس نوێژەكانیان لە مزگەوتەكەدا دەكرد، لەهەندێك كاتیشدا زیاد دەبون بۆ دەیان هەزار كەس، نوێژی كۆتا هەینیی مانگی ڕەمەزانی 2021 بە بەشداری زیاتر لە 70 هەزار كەس ئەنجامدرا، ئەوەش پێش سەرهەڵدانی گرژی و ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییە لە قودس.

ئەو بەشدارییە زۆرەی موسڵمانان لەكاتێكدایە، ئیسرائیل ڕێگەنادات دانیشتوانی كەرتی غەزە و كەناری خۆرئاوا، هەروەها هەر كەسێك كارتی نیشتەجێبوونی شینی نەبێت بچیتە مزگەوتەكەوە.