ئەمریكا بە سەردانێك گەورەترین دانپێدانان بە ئیدارەی خۆجێی ڕۆژئاوای كوردستاندا دەنێت

ئەو دڵنیاییانە چین ئەمریكییەكان داویانە بە كوردەكانی سوریا؟
19-05-2021 03:45
جۆی هود یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا - جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە)

پەرەگراف

ڕۆژئاوای كوردستان یاخود ڕۆژهەڵاتی فورات، ئەو ناوچەیەی ئیدارەی خۆجێی كوردی لێپێكهێنراوە لە سوریا، ناوبەناو وەفد و نوێنەرایەتی وڵاتان سەردانی دەكەن و گفتوگۆی جدی و گەرم لەسەر بابەتە گرنگەكان ئەنجام دەدەن، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە هێرشەكان بۆسەر داعش هەیە.

سەردانی وەفدێكی باڵاو مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا

ڕۆژی یەكشەممە وەفدێكی باڵای ئەمریكی بە سەرۆكایەتی جۆی هود یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، زەهرە بێل بەڕێوبەری دۆسیەی سوریا و عێراق لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا هەروەها دیڤید براونستین جێگری نوێنەری ئەمریكا لە سوریا سەردانی ڕۆژئاوای كوردستانیان كرد.

پێكهاتەی وەفدەكە بەجۆرێكە، بە گەورەترین دانپێدانانی ئیدارەی ئەمریكا دادەنرێت بە هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئیدارەی خۆجێی لە ڕۆژئاوای كوردستان، چونكە كۆبونەوەكانی وەفدە ئەمریكییەكە تەنها لەگەڵ سەركردە سەربازییەكانی سوپای سوریای دیموكراتدا نەبوو، بەڵكو دیداریان لەگەڵ كۆمەڵێك بەڕێوەبەری پڕۆتۆكۆلیی لە ئیدارەی خۆجێی و سەركردە عەشایەرییەكانی ناوچەكە ئەنجامداوە.

جەنەراڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) دوای كۆبونەوەی لەكەڵ وەفدە ئەمریكییەكە تویتێكی كردووە و نوسیویەتی "جەختكرایەوە لەسەر مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەڵەتی لە ناوچەكە تا بەدیهێنانی سەركەوتنی تەواو بەسەر داعشدا".

سەركردەكەی هەسەدە ئاماژەی بەوەش كردووە، وەفدەكە پشتگیری خۆیان بۆ ئاسایشی ناوچەكە و ئیدارەی خۆجێی دەربڕییەوە.

سێ ئاستی گفتوگۆكردن

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە سەردانی وەفدە ئەمریكییەكە باس لەوە دەكات، گفتوگۆكان لەسەر سێ ئاستی گرنگبوون، یەكەمیان تایبەت بووە بەو پشتگیرییە سەربازییەی هێزەكانی هەسەدە پێویستیانە، بەمەبەستی تەواوكردنی ئەركەكەیان لە ڕوبەڕوبونەوەی خانە نوستووەكانی داعش.

لایەنی ئەمریكی دڵنیایی تەواوی پێداون كە هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی فورات دەمێننەوە و هیچ پرۆگرام و پلانێكیان بۆ كشانەوە نییە، بەتایبەت دوای ئەوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات ترسی ئەوەیان هەبووە، دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە ئەفغانستان ئەوەش لە ناوچەكەی ئەوان ڕووبدات، چونكە دۆخی ئەو وڵاتە تا ڕادەیەكی زۆر لە دۆخی ڕۆژئاوای كوردستانەوە نزیكە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كردووە، پشتگیریكردنی هێمنی و ئاسایشی ناوچەكە و بەهێزكردنی ئیدارەی خۆجێی دوو دۆسیەی دیكەی جەوهەریی گفتوگۆكانی وەفدەكە بووە، ئەمریكا بەڵێنیداوە هەوڵەكانی بخاتەگەڕ بۆ دروستكردنی تەوافوق و ڕێكەوتنی كوردی/كوردی لە سوریا، بەتایبەت لەنێوان ئەنجومەنی نیشتمانی كوردی سوریا و ئیدارەی خۆجێیدا، لە داهاتووشدا گفتوگۆی كوردی/عەرەبی/سریانی ئەنجام بدرێت.

لەبارەی پشتگیركردن و بەهێزكردنی ئیدارەكەوە، وەفدەكە گفتوگۆی وردیان لەبارەی دۆخی ئابوری و ئیداریی و تەشریعی ناوچەكە كردووە، بەڵێنی پشتگیریی تەواویان پێداون.

ئەو دۆسیەیەی زۆرترین گفتوگۆی لەبارەوە كراوە، كردنەوەی دەروازەی تەل كۆچەربووە لەنێوان ئیدارەی خۆجێی و عێراقدا‌و كاریگەریی ئەو هەنگاوە لەسەر باشتركردنی دۆخی ئابوری ڕۆژئاوای كوردستان.

پێشتریش ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە یادی دووەم ساڵەی سەركەوتن بەسەر داعشدا، ستایشی ڕۆڵی هێزەكانی هەسەدە و پێشمەرگەكانی هەرێمی كوردستان‌و سوپای عێراقی كرد، باسی لەوەكرد ئەو سێ لایەنە هاوپەیمان و جێی متمانەی ئەمریكان، جەنگی دژی ئەو ڕێكخراوە تیرۆرستییە هێشتا تەواو نەبووە، بۆیە ئەمریكا لە پشتگیركردنیان بەردەوام دەبێت.

خراپی دۆخی ئابوری

لەچەند مانگی ڕابردوودا دۆخی ئابوری و ژیانی هاوڵاتیان لە ڕۆژئاوای كوردستان چووە قۆناغێكی خراپەوە، بەتایبەت بەهۆی بەردەوامیی ئەو ئابڵوقەیەی لە توركیا و عێراقەوە لەسەریانە، بەهۆی سزاكانی ئەمریكاشەوە ناتوانن هیچ ئاڵوگۆڕێكی ئابوری لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد ئەنجام بدەن.

ڕۆژی دووشەممە 17ی ئایار ئیدارەی خۆجێی بڕیاریدا نرخی سوتەمەنی بەڕێژەیەكی بەرچاو بەرزبكاتەوە، بەجۆرێك بووە زیاتر لە سێ هێندە، ئەوەش ناڕەزایەتییەكی زۆری دانیشتوانی ناوچەكەی لێكەوتەوە.

بەپێی بڕیارەكە نرخی بتڵێك غاز كە پێشتر بە دوو هەزار‌و 500 لیرەبوو، بۆ هەشت هەزار لیرە بەرزكرایەوە، هەروەها نرخی 400 لیرە بۆ لیترێك نەوت دیاریكرا، لەكاتێكدا پێشتر 150 لیرەبوو.

ئەمڕۆ چوارشەممە لەژێر فشاری توڕەیی و ناڕەزایەتی هاوڵاتیاندا ئیدارەكە بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری بەرزكردنەوەی نرخی سوتەمەنی و گەڕاندنەوەی نرخەكان بۆ پێش 17ی ئایار تا ئەو كاتەی بڕیاری نوێ دەردەكرێت و چاكسازی لەو بوارەدا دەكرێت.