دواتانە لە بڕیاری دادگای پێداچوونەوە درا، پارێزەران داوای داخستنی دۆسیەی سزادراوانی بادینان و ئازادكردنیان دەكەن

20-05-2021 02:03

پەرەگراف

تیمی خۆبەخشی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان، دواتانەیان لەبارەی دۆسیەی پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاكە دەستگیركراوەكەی بادینانەوە لە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی هەرێم دا و داوای داخستنی دۆسیەكە و ئازادكردنی دەستگیركراوان دەكەن.

تیمی خۆبەخشی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنیدا ڕایانگەیاند "سەردانی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی دوردستانمان كرد و داواكاریی ڕاستكردنەوەی بڕیاری پێداچوونەوەمان پێشكەش كرد".

تیمەكە سوپاسی سەرۆك و بەڕێوەبەری گشتیی ئەنجوومەنی دادوەرییان كرد كە "پێشوازییەكی گەرم"یان لێ‌ كردوون و وتیان "پێشبینی دەكەین ئەو پێشوازییە گەرمە ببێتە سەرەتایەك بۆ بەرەوپێشچوونی باش لە كەیسەكەدا و داخوازییەكانی ئێمە بگاتە ئەنجام".

"ئێمە نامەی خۆمان لە چوار تا پێنج لاپەڕەدا بە تێروتەسەلی گەیاندە ئەنجوومەنی دادوەری. بە درێژی لە ڕووی یاساییەوە وردەكاری كەیسەكەمان خستووەتە ڕوو و داوامان كردووە بە شێوەیەكی یاسایی وردتر لەسەر ئەو كەسە بوەستن"، تیمی پارێزەران وا دەڵێن.

هەروەها جەختیان لە بێتاوانیی ئەو سزادراوانە كردەوە و وتیان "ئێمە داوامان كردووە ئەم كەیسە دابخرێت و ماددەی 156 لەسەر ئەو دەستگیركراوانە لاببرێت".

داواكاریی ڕاستكردنەوەی بڕیاری دادگای پێداچوونەوە كە بە دواتانە ناو دەبرێت، دوایین كارتی پارێزەرانی دۆسیەكە بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای شەش ساڵ زیندیكردنی پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكەی بادینان.

ئەو پارێزەرانە دەشڵێن "ئەمە دەرفەتێكە بۆ ئەنجوومەنی دادوەری كە پێداچوونەوەیەكی زیاتر و فراوانتر بە كەیسی دەستگیركراونی بادیناندا بكات كە ئەمڕۆ بووەتە دروشم و ناونیشانێكی دیاری میدیا ناوخۆیی و جیهانییەكان".

سەبارەت بە دۆخی دەستگیركراونیش، تیمەكە باسیان لەوە كرد كە ئاگاداری بارودۆخیان نین، چونكە "تا ئێستا ڕێگە بە پارێزەران و كەسوكاریشیان نادەن سەردانیان بكەن".

بەشدار حەسەن، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دۆسیەكە، پێشتر بۆ پەرەگراف وتی "تانەدان لە بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە پێویستی بە ڕای سزادراوەكان نییە و ئێمە وەكو پارێزەریان بەبێ‌ گەڕانەوە بۆ ئەوان تانە لە بڕیارەكە دەدەین".

لە وەڵامی دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكانی حكوومەتی هەرێم كە وتی "دۆخی سزادراوانی بادینان سەقامگیرە و پەیوەندیی تەلەفۆنییان لەگەڵ پارێزەر و كەسوكاریان هەیە"، بەشدار حەسەن دەڵێت "قسەكانی دیندار زێباری دوورن لە ڕاستییەوە".

"سزادراوەكان نەبینراون لەلایەن پارێزەر و كەسوكاریشیانەوە. بەردەوام هەوڵ دەدەین، بەڵام ئاسایش ڕێگە نادات بیانبینین. تەنیا چەند ڕۆژێك بەر لە جەژن تەلەفۆنێكیان بۆ كەسوكاریان كردووە كە ماوەكەی 30 چركە بووە. ئاگامان لە بارودۆخیان نییە و نازانین سزادراوەكان ئاگاداری بڕیاری دادگای پێداچوونەوەیش هەن یان نا"، سەرۆكی دەستەی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینان بۆ پەرەگراف وای وت.

ڕۆژی 6-5-2021 دەستەی سزایی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بۆ پێج چالاك و ڕۆژنامەنووسەكەی بادینان پەسەند كرد، لە بڕیارەكەی دادگادا هاتووە: ئەو كەسانە پەیوەندییان بە كونسوڵخانەی ئەمریكاو ئەڵمانیاوە هەبووەو پارەیان لەوان وەرگرتووە. ئەمە بەشێكە لەو "تاوانە"ی دراوەتە پاڵیان.

بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە لە 28-4-2021 بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی دەستەی سزایی دادگاكە دەركراوە و تێیدا جەخت لە "دروستی"ی بڕیاری دادگای تاوانەكانی دووی هەولێر لەسەر ئەو چالاك و ڕۆژنامەنووسانە كراوەتەوە‌ و سزای شەش ساڵ زیندانیكردن بۆ هەریەكێكیان پەسەند كراوە.

پێنج چالاك و ڕۆژنامەنووسە حوكمدراوەكە بریتین لە (شێروان شێروانی، ئەیاز كەرەم، گۆهدار محەمەد، هاریوان عیسا و شڤان سەعید)، ئەوان مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو لە چەند هەڵمەتێكی هێزە ئەمنییەكاندا دەستگیركران كە ژمارەیەكی زۆر لە ڕۆژنامەنووس و چالاكی دەڤەری بادینانی گرتەوە، بەشێكی زۆر لە دەستگیركراوان تا ئێستایش دادگایی نەكراون، ئەو پێنج كەسەیشیان تۆمەتی "سیخوڕی" و "هەوڵدان بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێم"یان درایە پاڵ.

ئەو "تاوانانە"ی دراوەتە پاڵ حوكمدراوان چین؟

لە بڕیارەكەی دادگادا هاتووە "ئەو بەڵگانەی لە دۆسیەكەدا هەن لە دژی تۆمەتباران‌و خۆیشیان لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەدا دانیان ناوە بە ڕێكخستنی گروپێك بە سەرۆكایەتی تۆمەتبار شیروان ئەمین، لەگەڵ كۆمەڵێك تۆمەتباری دیكە كە دۆسیەكانیان جیاكراوەتەوە لەبەرئەوەی ئێستا هەڵاتوون، ئامانجیان لە دروستكردنی ئەم گروپە بە ئامانجگرتنی ناوچەو دەزگا هەستیارەكان بووە لە هەرێمی كوردستان بۆ زیان گەیاندن بە سەقامگیری‌و ئاسایشی هەرێمی كوردستان، هەروەها ئەنجامدانی كاری گێرەشێوێنی دژی دامەزراوەكانی هەرێم‌و بەرپرسە سیاسی‌و سەربازی‌و دەزگا حكومی‌و ئیداری‌و دادوەرییەكان".

"بە دانپێدانانی خۆیان دەڵێن كە پەیوەندیی نامەشروعیان هەبووە لەگەڵ كۆمەڵێك كەسی بیانی‌و نەناسراو بۆ جێبەجێكردنی ئامانجە گێرەشێوێنییەكانیان، هەروەها پەیوەندییان كردووە بە كونسوڵخانەی ئەمریكاو كونسوڵخانەی ئەڵمانیاو لەوانەوە بڕێك پارەیان وەرگرتووە" لە بڕیارەكەدا هاتووە.

بڕیارەكە دەشڵێت "هەروەها پەیوەندییان كردووە بە گروپی پەكەكەوەو لەناو ئەواندا كەسێك بەناوی شەعبان حەسەن ڕەمەزان، هەروەها وێنەو زانیارییان لەسەر بەرپرسانی هەرێم دەستكەوتووەو ناردوویانە بۆ لایەنی دژومنكار، هەروەها زانیارییان پێداون لەبارەی زیندان‌و بارەگاكان لە هەرێمی كوردستان، هەروەها دانیان بەوەدا ناوە یارمەتیی داراییان لە ڕێكخراوێكی ئەمریكی وەرگرتووە كە بڕەكەی نزیكەی 5 هەزار دۆلار بووە‌و ڤیدیۆیان بۆ ڕێكخراوی پارێزەرانی جیهانیی ناردووە لەبارەی جوڵەی هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچەی شیلادزێ‌و زانیاریی لەبارەی بیرەنەوتەكان لە هەرێمی كوردستان، دانیشیان ناوە بە ئەنجامدانی ئەم كردەوە تاوانكارییانە بە هاندانی كۆمەڵێك كەس لە ناوەوەو دەرەوەی هەرێم".

"تۆمەتباران دانیان ناوە بە كۆبوونەوەیان لەگەڵ كونسوڵی ئەڵمانیا لە یەكێك لە هۆتێلەكان و ناردنیان بۆ ناوچەی دۆرە دووجار بە ڕێنوێنی سەركردەی گروپەكە تۆمەتبار (شیروان ئەمین) ئەو وێنەو زانیارییانەی لە لاپتۆپەكەی شیروان وەرگیراوە دڵنیابووینەوە كە وێنەی كۆمەڵێك كەسایەتی‌و بەرپرسی ئەمنیی‌و ئیداریی‌و سەربازییە لە هەرێمی كوردستان هەر یەك لە تۆمەتبارەكان لە دۆسیەی بەرگری لەخۆكردنیان دانیان بەوەدا ناوە كە تۆمەتبار شەعبان حەسەن ڕەمەزان ناسراو بە ئەبو شەعبۆ ئەو وێنانەی بۆ ناردوون لە ڕێی ئامێرەكانی پەیوەندیكردنەوە تاوەكو بیانخاتە تەڵەوە".

لە بڕیارەكەی دادگادا ئەوەش خراوەتە ڕوو، "هەروەها بەپێی گەواهیدانی لێكۆڵەری نهێنیی‌و كۆمەڵێك بەڵگەو تۆماری قسەی نێوان تۆمەتبارەكان لە تۆڕەكۆمەڵاتییەكانی فەیسبوك‌و مەسنجەرو ڤیدیۆكان‌و دەقە نوسراوەكانی تۆمەتبار شیروان ئەمین، دەركەوتووە كە زانیاریی‌و وێنەو پەیوەندیی هەبووە لەگەڵ ڕێكخراوی 17ی شوبات لە وڵاتی سوید".

ئەو ڕۆژنامەنووس‌و چالاكانە لە ڕۆژی دادگایی كردنیاندا لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی ئەمساڵ بە ئاشكرا ئەوەیان گوتووە كە "لەژێر هەڕەشەی نامووسدا" دانپێدانانیان لێوەرگیراوە.

بەڵام بە پێچەوانەوە بڕیارەكەی دادگا دەڵێت "دانپێدانانی تۆمەتبارەكان لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدا بە ئازادی‌و ئیرادەو دركی خۆیان بووەو بەبێ فشارو ڕق‌و مەبەست بووە. هەروەها ئەنجامدانی دەستدرێژی‌و ئەشكەنجەدانی تۆمەتبارەكان نەسەلمێندراوە، چونكە ڕاپۆرتی پزیشكییان پێنەبووە كە شوێنەواری ئەشكەنجەدان لەسەر جەستەیان دەربخات‌و هیچ سكاڵایەكیان نەبووە لەسەر كەسێك كە دەستدرێژی كردبێتنەسەر و نەسەلمێندراوە كە دانپێدانانەكانیان لەژێر هیچ هێز‌و هەڕەشەیەكدا بووبێت. پاشگەزبوونەوەی تۆمەتبارەكان لە دانپێدانانەكانیان لەبەردەم دادگا هیچ سوودێكی بۆیان نابێت، چونكە دانپێدانانەكانیان لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە نزیكترە لەكاتی ڕووداوەكە ڕووداویش بەپێی نزیكیی لەكاتەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، ئەو بەڵگانەی لە داواكەدا بەدەستهاتوون بەیەكەوە بەستراون‌و پەیوەندییان بەیەكەوە هەیەو سەرجەمیان بڕواپێهێنەرن بۆ تاوانباركردنی تۆمەتباران بەپێی ماددەی یەك لە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2003 كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە بە پشت بەستن بە ماددەكانی 47و48‌و49 لە یاسای سزادان هەروەها ئەو سزای زیندانیكردنەی بۆ هەریەكێكیان دەرچووە(6 ساڵ) گونجاوەو هاوتایە لەگەڵ تاوان‌و مەترسییەكەیان‌و دۆخی تاوانبارەكان، بەپێی ئەمانەی سەرەوە بڕیار درا بە وەڵامی تانەی پێداچوونەوە‌و پەسەندكردنی بڕیاری سزا دەرچووەكە بە تاوانباركردن‌و سزادانیان بە سەرجەم بڕگەكانییەوە".

بەپێی بڕیارەكەی دادگای تاوانی دووی هەولێر كە دادگای پێداچوونەوە پەسەندی كردووە، ئەو 5 چالاك‌و ڕۆژنامەنووسە دوای تەواوكردنی 6 ساڵ زیندانیكردن، بۆ ماوەی 5 ساڵیش لەژێر چاودێریی پۆلیسدا دەبن‌و لە ڕۆژی دەستگیركردنیانەوە بۆیان هەژمار دەكرێت.

هەر بەپێی بڕیارەكەی دادگا دوو دۆسیەی سەربەخۆی جیاواز بۆ گۆهدار محەمەد دەكرێتەوە، یەكێكیان بەپێی مادەی 21 لە یاسای چەك وە ناردنی چەكە دەستبەسەرداگیراوەكەی‌و ئەو دۆخەی چەكەكەی تێداگیراوە بۆ دادگا بەمەبەستی لێكۆڵینەوە، دۆسیەی دووەم بەپێی ماددەی 240 لە یاسای سزادان وە لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا دەكرێت لەبارەی ئۆتۆمبێلە دەستبەسەرداگیراوەكەی.