پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر لەسەر هێرشی شۆفێرێكی ئافرەت "بە دەست و شەق" بۆ سەر كارمەندێكی هاتە دەنگ

21-05-2021 04:24

پەرەگراف

لە شاری هەولێر، شۆفێرێكی ئافرەت "بە دەست و شەق" هێرش دەكاتە سەر كارمەندێكی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ. بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ و پارێزگاری هەولێر هەڕەشەی "سزادانی یاسایی" شۆفێرەكە دەكەن لە "هەر پلە و پایە و پۆستێكدا بێت".

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت "ڕۆژی 20-5-2021 كارمەندێكی هاتوچۆ لەسەر شەقامی 40مەتری سەرقاڵی ڕێكخستنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەكان بووە لە یەكتربڕێك كە ئەركەكەی وا پێویستی كردووە لایەكی شەقام ڕابگرێت، لەو كاتە شۆفێرێكی ئافرەت وا دیارە خەریكی بەكارهێنانی مۆبایل بووە، بۆیە ئاگای لە ئاماژەی دەستی كارمەندەكە نابێت و ئەوەش دەبێتە هۆی وەستانی جووڵە لەو لایەی شەقام كە ئەو ئافرەتەی لێبووە، بۆیە كارمەندەكە پێی دەڵێت مۆبایلەكەت دابنێ و ئاگات لە شەقام بێت و لەسەر ئەو سەرپێچییەی ژمارەی تابلۆكەی دەنووسێت".

بەپێی ڕوونكردنەوەكەی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر "شوفێرە ئافرەتەكە بە شێوەیەكی زۆر نامرۆڤانە و دوور لە ڕەوشتی شوفێری، لە ئوتومبێلەكەی دێتە خوارەوە و هەڕەشە لە كارمەندەكە دەكات كە ژمارەكەی بسڕێتەوە، ئەگەرنا دەزگاكانی ڕاگەیاندن دەهێنێتە شوێنەكە، بەڵام كارمەندەكە گوێ بە هەڕەشەكان نادات و ئەو جارەیان ئافرەتەكە بە دەست و بەشەق هێرش دەكاتە سەر كارمەندەكە و لێی دەدات".

گرتەی ڤیدیۆیی ڕووداوەكە تۆمار كراوە و بڵاو كراوەتەوە، پۆلیسی هاتوچۆی هەولێریش ئاماژە بەوە دەكات كە مامەڵەی كارمەندەكەی بە شێوەیەك بووە كە "زۆر بەڕێزەوە شۆفێرە ئافرەتەكە دوور دەخاتەوە و بەرگری لە خۆی ناكات، كەچی ئەو ئافرەتە هەر بەردەوام دەبێت لە شەقهاوێشتن تاوەكو خەڵك كۆدەبنەوە و دووری دەخەنەوە".

لە بەرانبەردا كارمەندەكەی هاتوچۆ چووەتە بنكەی پۆلیس و سكاڵای یاسایی لەسەر شوفێرەكە تۆمار كردووە. كە پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر دەڵێت "یاسای هاتوچۆی ژمارە 86، سزایەكی قورسی بۆ بابەتی دەستدرێژیكردنە سەر كامەندی هاتوچۆ داناوە كە بەندكردنە".

بەڕێوەبەرایەتییەكە پشتگیریی بۆ ئەفسەر و كارمەندانی خۆی لە وەها حاڵەتێكدا دووپات كردووەتەوە، ئیتر ئەگەر هێرشكەرەكە "لە هەر پلە و پایەیەك بێت".

هاوكات ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، كاردانەوەی لە بەرانبەر ڕووداوەكە نیشان دا و وتی "بە هەموو شێوەیەك و بە پشتبەستن بە بنەما یاساییەكان، بەرگری و پشتیوانی لە تەواوی ئەفسەر و كارمەندانی پۆلیسی هاتوچۆ، پۆلیس و تێكڕای هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و سەرجەم كارمەندان و فەرمانبەرانی فەرمانگەكانی سنووری پارێزگای هەولێر دەكەین".

"وەك چۆن بەردەوام ئەوان ڕادەسپێرین لە كاتی ئەركەكانیان ڕێز لە هاووڵاتیان بگرن و لە خزمەت هاووڵاتیاندا بن، بە هەمان شێوەش هەر كەسێك لە هەر پلە ‌و پۆستێك بێت، بێڕێزی بە كارمەندانمان بكات، لێی قبووڵناكرێ و سزای تووند دەدرێت"، پارێزگاری هەولێر وا دەڵێت.