ئەبوبەكر شیكاو؛ چیرۆكی سەركردەی خوێنڕێژترین گروپی تیرۆرستیی ئەفریقا

22-05-2021 02:47

پەرەگراف

ئەبوبەكر شیكاو یەكێك لە مەترسیدارترین و ترسناكترین تیرۆرستەكانی جیهان، توانیی "بۆكۆ حەرام" لە كۆمەڵەیەكی توندڕەوەوە بكاتە سوپایەكی تیرۆرست و جەنگێك لەگەڵ نێجیریا بەرپا بكات كە هەزاران كوژراوی لێكەوتووەتەوە و پریشكی ئاگرەكەشی بەر چەند وڵاتێكی دراوسێی كەوتووە.

شیكاو سەركردەی گروپی "بۆكۆ حەرام" كە بە خوێنڕێژترین گروپی تیرۆرستی ئەفریقا دادەنرێت، ساڵی 2015 بەیعەتی دا بە ئەبوبەكر بەغدادی، بەڵام ساڵی دواتر گروپی شیكاو لە داعش جیابوونەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوبەڕوبونەوەیەكی خوێناویی لە نێوان گروپەكەی شیكاو و گروپە ڕكابەرەكەی گەیشتە لوتكە، ئەبوبەكر بۆ ئەوەی نەكەوێتە دەستیان ناچار بووە پەنا بۆ "خۆتەقاندنەوە" ببات، بەڵام تائێستا بە فەرمیی چارەنوسی ئاشكرا نەكراوە.

ئەبوبەكر شیكاو كێیە؟

ساڵی 2016 گروپی "بۆكۆ حەرام" بوو بە دوو بەشەوە، یەكێكیان ئەبوبەكر شیكاو و كۆمەڵێك سەركردەی كۆنی گروپەكە سەركردایەتی دەكرد، بەشەكەی دیكە سەر بە ڕێكخراوی تیرۆرستی داعش بوون، ئێستا هەردوو گروپەكە لە شەڕ و ڕوبەڕوبونەوەدان بۆ سەركردایەتیكردنی ئەو ناوچەیەی لەژێر دەستیاندایە.

حكومەتی ئەمریكا حسابێكی تایبەتی بۆ مەترسییەكانی مانەوەی شیكاو كردووە، بڕی حەوت ملیۆن دۆلاری وەك پاداشت داناوە بۆ هەر كەسێك هۆكار بێت بۆ دەستگیركردنی، لەسەر ئاستی كیشوەری ئەفریقاش یەكێكە لە دیارترین داواكراوەكان، چونكە بەرپرسە لە چەندین كردەوەی تیرۆرستی بەتایبەت ڕفاندنی 300 كچە خوێندكار لە ساڵی 2014 لە شارۆچكەی شیبۆك.

ئەبوبەكر شیكاو ساڵی 1973 لە ناوچەیەكی سەر سنوری نێوان نێجیریا و نەیجەر لەدایكبووە، خێزانەكەی سەرقاڵی كشتوكاڵ و ئاژەڵداریبوون و كوڕەكەیان ناردووەتە لای چەند پیاوێكی ئاینی بۆ خوێندنی وانەكانی فیقهی ئیسلامی.

شیكاو بەهۆی خوێندنەوە محەمەد یوسف دامەزرێنەری گروپی بۆكۆ حەرام دەناسێت، دواتر پەیوەندی بە گروپەكەیەوە دەكات، ساڵی 2009 كاتێك حكومەتی نێجیریا یوسف لەسێدارە دەدات، ئەبوبەكر دەبێتە سەركردەی گروپەكە.

ئەمیری جەنگ

ئەبوبەكر شیكاو یەكێكە لە ترسناكترین و خوێنڕێژترین تیرۆرستەكانی جیهان، ئەو بە ئەمیری جەنگی بنەڕەتیی ناودەبرێت، بەو پێیەی لەدوای ئەوەی سەركردایەتی گروپی "بۆكۆ حەرام"ی گرتووەتە دەست، كاروچالاییەكانی گروپەكە زیاتر و مەترسیدارتربوون.

جەنگی ئەو تیرۆرستە و گروپەكەی لەگەڵ نێجیریادا هەزاران كوژراوی لێكەوتووەتەوە، چالاكییەكانی گەیشتووەتە وڵاتانی دراوسێی نێجیریا بەتایبەت نەیجەر و كامیرۆن و چاد.

ڕۆژنامەی ۆرڵد ستریت جۆرناڵ لەسەر زاری پێنج بەرپرسی باڵای نێجیریاوە، جەختی لە كوژرانی ئەبوبەكر شیكاو كردووەتەوە، بە وردیش باسیان لە چۆنێتی تەقاندەوەی ئەو پشتێنە بۆمبڕێژكراوە كردووە كە لەكاتی ڕوبەڕوبونەوەكاندا لەبەری كردووە، بۆ ئەوەی وەك دیلێك نەكەوێتە بەردەستی گروپی بەرامبەری.

ڕۆژنامەكە لە هەواڵەكەیدا باس لە گوێگرتن لە پەیوەندی تەلەفۆنیی چەند سەركردەیەكی توندڕەوی گروپەكە دەكات، كە باسیان لە خۆتەقاندنەوەی شیكاو كردووە، لەگەڵ نامەی دەنگیی كەسێك كە وەك نێوەندگیر لەنێوان بۆكۆ حەرام و حكومەتی نێجیریادا كاریكردووە و جەختی لە هەواڵی مردنی شیكاو كردووەتەوە.

ئەوەی وایكردووە گومانێك لەسەر مردنی ئەو تیرۆرستە هەبێت، ڕانەگەیاندنیەتی بەشێوەیەكی فەرمی لەلایەن حكومەتی نێجیریا و گروپی بۆكۆ حەرام، یاخود ئەو بەشەی سەر بە داعش كە لەگەڵ شیكاو لە ڕوبەڕوبونەوەدابوون، ئەمە جگەلەوەی تا ئێستا چەند جارێك بەشێوەیەكی فەرمی لەلایەن حكومەتەوە كوژرانی ڕاگەیەندراوە، بەڵام دواتر دەركەوتووەتەوە و هەواڵەكەی بەدرۆ خستووەتەوە.

دوو بەرپرسی حكومەتی نێجیریا باسیان لەوە كردووە، ماوەیەكە شەڕ لەنێوان هەردوو گروپەكەی "بۆكۆ حەرام" دروستبووە، ئەوەی سەر بە داعشە بە ئیسواپ ناسراوە، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو سەدان چەكداریان گەیشتونەتە ئەو شوێنەی شیكاوی لێیە، لەناوچەی تەمبكتۆ لە دارستانەكانی سامبیسا.

ئیسواپ لە چەند مانگی ڕابردوودا توانیویەتی چەند گەورە یاریدەدەرێكی ئەبوبەكر شیكاو بۆ خۆی ڕابكێشێت، ئەوەش وایكردووە لایەنگرانی كەمببنەوە و توانای بەرگری نەمێنێت، بۆیە كاتێك چەكدارەكان گەمارۆیانداوە، "پشتێنە بۆمبڕێژكراوەكەی تەقاندووەتەوەو كۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە".