لێبڕینی مووچە بۆچی بەردەوامە و بڕیاری كێیە؟

23-05-2021 05:53

پەرەگراف

بۆ ئەم مانگەیش لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە ڕێژەی لەسەدا 21 بەردەوام دەبێت. وەزارەتی دارایی لێبڕینی مووچە دەخاتە ئەستۆی ئەنجوومەنی وەزیران و دەڵێت "بڕیار"ی ئەوانە. هاوكات ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان هۆكاری بەردەوامیی لێبڕینی مووچە بۆ "گەندەڵی و ناڕوونیی داهات" دەگەڕێنێتەوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان، نووسراوێكی ئاراستەی گەنجینەكانی وەزارەتەكەی كردووە بۆ دەستكردن بە دابەشكردنی مووچە لە ڕۆژی سێشەممە 25-5-2021 بە لێبڕینی لەسەدا21 بۆ مووچەخۆرانی گشتی و لەسەدا 50 بۆ پلە تایبەتەكان.

شێركۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان، بە پەرەگرافی وت "هۆكاری ئەم لێبڕینە، گەندەڵییە و داهاتی هەرێمی كوردستان شەفاف نییە. وەزیری دارایی هەرێمیش نازانێـت داهاتی نەوت و گازی هەرێمی كوردستان چەندە و مانگانە 300 ملیۆن دۆلار بە وەزارەتی دارایی دەدرێت".

شێركۆ جەودەت وتیشی "هەرچەندە تا ئێستا بەغدا هیچ بڕەپارەیەكی ڕەوانەی هەرێمی كوردستان نەكردووە، بەڵام ئەو بڕەپارەی لە بەردەستی هەرێمدایە، ئەگەر دەستێكی ئەمین بیبات بەڕێوە، بەشی مووچە دەكات".

سەبارەت بە هەڵوێستی پەرلەمان و پەرلەمانتاران دەربارەی بەردەوامیی لێبڕینی مووچە، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بەوە كرد كە "42 پەرلەمانتار واژوومان كۆكردووەتەوە بۆ ئەوەی دانیشتنێكی تایبەتی پەرلەمان ساز بكرێت و حكوومەت بانگهێشت بكرێت لەسەر بابەتی لێبڕینی مووچە، هەموو ڕێگەیەكیشمان گرتووەتە بەر بۆ ڕێگری كردن لە لێبڕینی مووچە، بەڵام ئەنجامەكە ئەوەیە كە حكومەت بێ منەتانە هەڵسوكەوت دەكات و حیساب بۆ پەرلەمان ناكات".

هاوكات پەرەگراف بۆ زانینی هەڵوێستی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان دەربارەی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران، پەیوەندیی كرد بە زیاد جەبار، سەرۆكی لیژنەی دارایی، ناوبراو تەنیا بابەتەكەی بە "نایاسایی" وەسف كرد و ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێك لەوبارەیەوە بدات.

پێشتریش ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێم، ڕەتی كردەوە وەزارەتەكەی دەستی لە بڕیاری لێبڕینی مووچەدا هەبێت و جەختی كردەوە كە "لە هیچ بارودۆخێكدا دەستكاریكردنی مووچە لە دەسەڵاتی وەزارەتی داراییدا نییە. بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانە و مانگانە بڕیی لێبڕینی مووچە دیاری دەكات".

وەزارەتی داراییش لە ڕوونكردنەوەیەكدا دەڵێت "بە ‌هە‌موولایە‌كی ڕادە‌گە‌یە‌نین كە‌ ئە‌نجومە‌نی وە‌زیرانی هە‌رێمی كوردستان بڕیار دە‌دات كە‌ چە‌ندی مووچە‌ تە‌مویل دە‌كرێت، لە‌سە‌ر بنە‌مای داهاتی نە‌وتی و نانە‌وتی، دواتر وە‌زارە‌تی دارایی بڕیارە‌كە‌ جێبە‌جێی دە‌كات. بە ‌ھیچ شێوە‌یە‌ك ئە‌م بڕیارە‌ تایبە‌ت نییە‌‌ تە‌نھا بە‌ وە‌زارە‌تی دارایی و ئابووری، بە‌ڵكو پە‌یوە‌ستە‌ بە ‌ھە‌موو ئە‌نجومە‌نی وە‌زیرانە‌وە".

لای خۆیشیەوە ئەنجوومەنی وەزیران هۆكاری لێبڕینی مووچە بۆ "كەمیی داهات" دەگەڕێنێتەوە و ئامادەیش نییە بە لێبڕین ناوی ببات، بەڵكو ناوی لێ‌ ناوە "تەمویلكرن".

ڕۆژی 22-2-2021، جووتیار عادل، وتەبێژی حكوومەتی هەرێم، سەبارەت بە لێبڕینی مووچە "وردەكاریی ئەم بابەتە بەپێی داهاتی بەردەست دەبێت و وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم سەرپشكە لەوەی كە داهاتەكە چەندە و بەپێی ئەو داهاتە مووچە دابەش دەكرێت. بۆیە ئەو بابەتە دەهێڵینەوە بۆ وردەكارییەكانی وەزارەتی دارایی و وەزارەتەكانی دیكەی پەیوەندیدار بۆ دەستنیشانكردنی بڕی تەمویلكردن، ئێمە ناڵێین لێبڕین".