تیرۆری سیاسی؛ دیمەنی دووبارەی كاتی هەڵبژاردنەكانی عێراق

23-05-2021 09:23

پەرەگراف

لەگەڵ نزیكبوونەوەی كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، زنجیرەی ڕووداوی تیرۆركردنی سیاسییەكان‌و كاندیدانی هەڵبژاردن سەریهەڵدایەوە، ئەوەش كاردانەوەی لێكەوتووەتەوەو داوای پاراستنی كاندیدەكان‌و كارمەندانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن دەكرێت.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو هیشام مەشهەدانی ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم، كە خەمیس خەنجەر گەورە بازرگانی سوونیی سەركردایەتی دەكات، لە هێرشێكی چەكداریدا لە باكوری بەغدا كوژرا.

هێرشەكە زەنگێك بوو بۆ كوتلە و حزب و كەسایەتییە سیاسییەكان، ترسێكی زۆری خستە دڵیانەوە، چونكە بەردەوام لە وەرزی هەڵبژاردنەكاندا، زنجیرەیەك ڕووداوی تیرۆركردنی كاندید و چالاكوانان سەرهەڵدەدات و لەگەڵ نزیكبونەوەی زیاتریش لەكاتی پڕۆسەكە هەڵمەتی تیرۆركردنەكان دەگاتە لوتكە.

لەئێستادا چالاكی و هەڵمەتی پێشوەختی حزب و لایەن و كاندیدەكان دەستی پێكردووە، بۆیە زۆر كەس ترسی ئەوەیان هەیە، لەگەڵ ئەوەدا سیناریۆی ڕێكخراویی تیرۆركردنەكانیش سەرهەڵبدات.

تەها دیفاعی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت "ڕكاربەرییەكی بەهێز لەنێوان حزبەكاندا هەیە، هەموویان دەیانەوێت زۆرترین كورسییەكانی ئەنجومەنی نوێنەران بەدەست بهێنن، ئەوەش پێویستی بە دۆخێكی گونجاوی ئاسایش و بێمەترسی هەیە لە سەرجەم بازنەكاندا، كە دووربێت لە دەستێوەردانی ئەو حزبانەی پارە و میلیشیایان هەیە و دەیانەوێت كاریگەرییان لەسەر ئەنجامەكان هەبێت، ئەگەرئەوە ڕووبدات گومان و كێشەكان لەسەر ئەنجامەكان زیاتر دەبن".

دیفاعی ئاشكرای دەكات "ئەو كێبڕكێ گەرمە كوشتنی لێكەوتۆتەوە، جا تیرۆركردنی كاندیدەكان بێت، یاخود كارمەندانی كۆمسیۆن"، ئاماژەی بەوەشكردووە، حكومەت هەموو هەوڵێكی خۆی داوە بۆ دابینكردنی ئاسایشی هەڵبژاردنەكان و خولقاندنی كەشێكی گونجاو، بەڵام كۆمەڵێك ئاڵەنگاری گەورە هەن كە پەیوەندییان بە بڵاوبونەوەی چەك و دەسەڵاتی بەشێك لە حزبەكان و چەند هۆكارێكی دیكەوە هەیە.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران باسی لەوەكردووە، ئاسایشی هەڵبژاردنەكان تەنیا بە دامەزراوە سەربازییەكان دابین ناكرێت، بەڵكودەبێت حزبەكانیش پابەندبن بە كێبڕكێی سەردەمییانە، پارێزگاری لە پڕۆسەی هەڵبژاردن بكەن و نەهێڵن هیچ گومانێك لەسەر پڕۆسەكە دروستبێت، كە دواتر بەسەر ئەنجامەكاندا دەشكێتەوە و كاردانەوەكانی بەردەوام دەبن.

نامەی هەڕەشەی خوێناوی

ڕۆژێك دوای تیرۆركردنی مەشهەدانی، كارمەندێكی كۆمسیۆن لە پارێزگای میسان لە باشوری عێراق تیرۆركرا، ئەوەش بەپێی ڕاگەیەندراوێكی لیژنەی ئاسایشی پەرلەمانی عێراق.

ڕووداوەكە ترسی دووبارە سەرهەڵدانەوەی تیرۆركردنی پەیوەندیدار بە دۆسیەی هەڵبژاردنی زیاتر كرد، كە ڕەنگە لەماوەی داهاتوودا عێراق بەخۆیەوە ببینێت.

چاودێرە عێراقییەكان دەڵێن، ئامانجی ئەو تیرۆركردنانە هەمیشە دوورخستنەوەی كەسەكە نییە لە هەڵبژاردنەكان، بەڵكو بەشێكیان ناردنی پەیام و ترساندنە بۆ حزبەكانی دیكە، تاوەكو گوێڕایەڵی لایەنێكی دیكە بن كە لایەنی جێبەجێكارن و لەو تیرۆركردنانە تێوەگلاون.

تائێستا كۆمسیۆنی هەڵبژاردن ناوی كاندیدەكانی بەفەرمی ڕانەگەیاندووە، بەڵام لەڕێی دەزگا ڕاگەیاندنە ناوخۆییەكانەوە ناوەكان بڵاوكراونەتەوە، ئەوەش دەرخەری ئەو مەترسییەیە كە لەسەر كاندیدەكان هەیە.

سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەڵێت "ڕاگەیاندنی ناوی كاندیدەكان لە هەر هەڵبژاردنێكدا شتێكی سروشتییە، بەڵام بەهۆی كۆمەڵێك ڕێكاری ئەمنییەوە زۆرینەی كاندیدەكان ناوەكانیان ڕانەگەیاندووە، بۆیە ئێمەش بەشێوەیەكی فەرمی نەمانكردووە".

سەرچاوەكە دەشڵێت "ئەندامەكانی ئێستا، كاندیدبوونی خۆیان ڕادەگەیەنن، چونكە پارێزبەندییان هەیە و دەتوانن پارێزگاری لە خۆیان بكەن، بەڵام كاندیدە نوێیەكان دەبێت دۆخیان لەبەرچاو بگیرێت و بپارێزرێن، ئەوەش ئێمەی توشی شەرمەزاری كردووە، چونكە دەبێت ناوەكان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكرێن، كۆبونەوەیەكی چاوەڕوانكراوی ئەندامانی كۆمسیۆن هەیە، تێیدا گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە دەكرێت".

هێزی بەرپەرچدانەوە

كۆتایی ساڵی ڕابردوو مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی عێراق لیژنەیەكی ئەمنیی تایبەت بە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو پێكهێنا، كە كارەكانی تەنها پەیوەندی بە ئاسایشی هەڵبژاردنەكانەوە هەیە، دەبێت ڕێگربێت لە بەكارهێنانی چەك بۆ ترساندنی هاوڵاتیان تا دەنگ بە لایەنێكی دیاریكراو بدەن، هاوشێوەی ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی 2018 ڕوویدا.

ئەمیر ساعیدی شیكەرەوەی ستراتیژی دەڵێت "لایەنە پەیوەندیدارەكان دیاریدەكەن ئەو ڕووداوی تیرۆركردنانە سیاسییە یاخود نا، ئەوەش بەپێی لێكۆڵینەوەكان، بەتایبەت دۆسیەی تیرۆركردنی مەشهەدانی، چونكە ڕەنگە پەیوەندی بە هەڵبژاردنەكانەوە نەبێت، ئەوەش چەند ئەگەرێك بۆ ئەو ڕووداوە دەخاتە بەردەست، لەوانە ململانێ و كێشەی عەشایەری، یاخود تاوانێكی جینائی".

ساعیدی باسلەوە دەكات، ئەوەی بەسەر ئیهاب وەزنی چالاكواندا هاتووە كە دوو هەفتە پێش ئێستا تیرۆركرا، "پەیوەندیی بە هەڵبژاردنەكانەوە نەبووە"، بەڵكو لە چوارچێوەی بە ئامانجگرتنی چالاكواناندا بووە لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە.

ئەو شیكەرەوە ستراتیژییە پێیوایە "دەبێتە یەكەم خاڵ لە هەڵبژاردنەكاندا بە گفتوگۆی سیاسی نێوان حزبەكان دەستپێبكات، كە لە هەڵبژاردنەكاندا بەشدارن و ڕێككەون لەسەر میساقێكی شەرەف كە كۆمەڵێك بەندی تێدابێت، وەك ئاسایشی نیشمان، پاراستنی سەلامەتی لە كێبڕكێی هەڵبژاردنەكاندا، ئەوەش بۆ ئەوەی متمانەیەكی زیاتری دەنگدەران بەدەست بهێنن".

ئەمیر ساعیدی ئەوەش دەخاتەڕوو، هەرچەندە حكومەت چەند لیژنەیەكی پێكهێناوە، كە زۆرینەی پێكهاتە ئەمنییەكانی تێدایە، "بەڵام تەنهاكاری هەواڵگریی بەس نابێت، چونكە ئێمە باس لە پڕۆسەیەكی مافیایی و تاوانی كوشتن دەكەین، بۆیە دەبێت پڕۆسەی بەرپەرچدانەوە هەبێت، بەرامبەر ئەو چەكەی لەژێر كۆنترَۆڵ دەرچووە، تاوەكو دڵنیایی بدرێت بە شەقام و كاندیدەكان، هەروەها ئەوانەی لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردنەكان كاردەكەن".