كاراكردنی ژوورەكانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، ئامانج چییە و بەشداریی پێشمەرگە چۆنە؟

24-05-2021 07:07

پەرەگراف

ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان لە كەركووك و مەخموور دەستبەكار بوون، بڕیارە سبەینێ‌ لە مووسڵیش كارا بكرێت. ژوورەكە بۆ هەماهەنگییە لە بواری سەربازی بە تایبەت بۆ زانیاری گۆڕینەوە دەربارەی داعش.

لیوا هیوا عەبدوڵڵا، بەرپرسی میحوەری ڕۆژهەڵاتی كەركووكی هێزەكانی پێشمەرگە، بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "ئەو ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە لیژنەیەكی هەماهەنگییە لەنێوان هێزەمانی پێشمەرگە و هێزە عێراقیەكاندا، لە خانەقین، مووسڵ، مەخموور، كەركووك، هەولێر و بەغدا".

پاش ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لە هەولێر و بەغدا و خانەقین دەستبەكار بوون، دوێنێ‌ 23-5-2021 ئەو ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشە لە بنكەی كەی وەن لە كەركووك و ئەمڕۆیش لە مەخموور بە بەشداریی ئەفسەرانی پێشمەرگە دەستی بە كارەكانی كرد.

بەرپرسی میحوەری ڕۆژهەڵاتی كەركووكی هێزەكانی پێشمەرگە وتی "ژوورەكە بۆ هەماهەنگییە لە بواری هەواڵگری و جموجووڵەكانی داعش و هەموو بوارەكانی تردا".

لیوا هیوا عەبدوڵڵا هیچ زانیارییەكی لەبارەی ئەگەری گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ كەركووك نەدا و ئاماژەی بەوە كرد كە "بەپێی بەیاننامەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق، لە ئایندەدا دوو لیوای هاوبەش لە پێشمەرگە و هێزە عێراقیەكان بۆ ناوچە كیشەلەسەرەكان پێكدەهێنرێن".

لە دوای ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، عێراق ڕێگەی نەداوە بە گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ ناوچە كێشەلەسەرەكان.

پێشتریش لە 22-5-2021، لیوا یەحیا ڕەسووڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، جەختی لەوە كردەوە كە ئەو ژووری ئۆپراسیۆنە هاوبەشانە "ناوەندی فیدراڵین بە سەركردایەتیی سوپای عێراق".

لیوا یەحیا ڕەسووڵ ئاماژەی بەوەش كرد كە بەشداریی هێزی پێشمەرگە لەو ژوورانەدا لە چوارچێوەی بەشداریی نوێنەر و ئەفسەرانی سەرجەم دەزگا ئەمنییەكانی عێراقدایە كە پێشمەرگەیش بەشێكە لەوانە.

"تەنیا بۆ هەماهەنگیكردن بۆ ئۆپەراسیۆن دژی داعش و ئاسانكردنی كاری سەرجەم كەرتە سەربازییەكان. ئەم ناوەندانە ئەفسەرانی سەرجەم دەزگاكانی سەر بە حكوومەتی فیدراڵی و هێزەكانی پێشمەرگە لە خۆی دەگرێت. ئەركیان هەماهەنگی و چالاككردنی ئۆپەراسیۆنەكان و گۆڕینەوەی زانیارییە دژی داعش"، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق وای وت.

پێكهێنانی ئەم ژوورە هاوبەشانە پاش ئەوە دێت كە لە ماوەی ڕابردوو چالاكیی چەكدارانی داعش بە تایبەت لە ناوچە كێشەلەسەركان زیادی كردووە، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی لە دوای ڕیفراندۆم و ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە لە ناوچەكە دروست بووە.

ڕێككەوتنی پێكهێنانی ئەم ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشانە لە مانگی تەمووزی 2020دا لە نێوان وەزارەتەكانی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق هاتە ئاراوە.

دواجاریش لە 2-5-2021 لە بەغدا كۆبوونەوەیەكی گشتیی هێزە هێراقییەكان بە سەرپەرشتیی مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، بە بەشداریی وەفدێكی وەزارەتی پێشمەرگە بەڕێوە چوو، تێدا بڕیاری كاراكردنی ئەو ژوورانە درا.

وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارتی بەرگریی عێراق لەسەر دروستكردنی چوار ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە دیالە، كەركووك، مەخموور، موسڵ و دوو ژووری سەرەكی لە هەولێر و بەغدا رێككەوتوون.

ژوورەكانی بەغدا و هەولێر ماوەیەكی زۆرە كراونەتەوە، هەفتەی رابردووش سەنتەری هاوئاهەنگیی هاوبەشی دیالە كرایەوە، رۆژی یەكشەممە لە كەركووك و ئەمڕۆش لە مەخموور و بڕیارە سبەی لە موسڵیش ئەو ژوورە بكرێتەوە.