ئەو سێ كەسەی ئەردۆغان لێیان دەترسێت؛ ئەگەر هەیە كورسیی دەسەڵاتی لەژێر دەربێنن

24-05-2021 07:56
مەنسور یافاش سەرۆكی شارەوانی ئەنقەرە- ئەردۆغان- میراڵ ئەكشنار سەرۆكی پارتی خێر- ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبوڵ

پەرەگراف

وەك وەڵامێك بۆ پشتگوێ خستنی سەرجەم ئەو دەنگانەی داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختیان دەكرد، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە كۆتاییەكانی ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند، حكومەتەكەی لە "خزمەتكردنی گەل" ناوەستێت، تاوەكو كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی داهاتوو لە ساڵی 2023.

ئێستا دووبارە ئەو دەنگانە بەرزبونەتەوە، بەتایبەت لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا، بەپێی ئەنجامی چەند ڕاپرسییەكیش ئەردۆغان كێبڕكێی سەرۆكایەتی داهاتوو لەدەست دەدات، ئەگەر ڕوبەڕوی یەكێك لەم سێ ڕكابەرە ببێتەوە.

سێ ڕكابەری بەهێز

بەپێی ڕاپرسییەك كە دامەزراوەی میترۆپۆڵ بۆ توێژینەوە ئەنجامیداوە، سەرۆكی توركیا خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لەدەست دەدات، ئەگەر یەكێك لە ڕكابەرەكانی؛ ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبوڵ یاخود مەنسور یافاش سەرۆكی شارەوانی ئەنقەرەیان میراڵ ئەكشنار سەرۆكی پارتی خێر- بن.

بەوتەی ئۆزار سنجار سەرۆكی دامەزراوەی میترۆپۆڵ، ئەگەر هەڵبژاردنەكە لەنێوان ئەردۆغان و ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ سەر بەپارتی گەلی كۆماریدا بێت، 39% دەنگدەرانی توركیا سەرۆكی ئێستا هەڵدەبژێرن، 50%ی دیكەش دەنگ بە ئیمام ئۆغلۆ دەدەن.

هاوكات ئەگەر ڕكابەرەكەی ئەردۆغان، مەنسور ئافاش بێت كە سەر بە پارتی گەلی كۆمارییە، 49.4% دەنگەكان بەدەست دەهێنێت، ئەردۆغانیش بەهۆی بەدەستهێنانی 37.5% دەنگەكان دەدۆڕێت.

ئایا هیچ هیوایەك هەیە بۆ ئەردۆغان؟

ئەگەر ئاكشنار سەرۆكی پارتی خێر ڕكابەری سەرۆكی ئێستای توركیا بێت، ئەو كاتە ئەردۆغان 38.5% دەنگەكان بەدەست دەهێنێت، لەبەرامبەردا ئاكشنار بە بەدەستهێنانی 42.5% دەنگەكان دەبێتە براوە.

بەپێی ڕاپرسییەكە ئەردۆغان هیوایەكی هەیە بۆ ئەوەی ببێتە براوە و جارێكی دیكە پۆستی سەرۆككۆماری توركیا وەربگرێتەوە، ئەوەش ئەگەرڕكابەرەكەی كەمال كلیچدار ئۆغلۆ سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری بێت، چونكە لەو كاتەدا سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەكەدا 42.5% دەنگەكان بەدەست دەهێنێت، بەڵام ڕكابەرەكەی 39.7% دەنگەكان دەبات.

گەڕانەوە بۆ سیستمی پەرلەمانی

سەردەمی سیستمی پەرلەمانی لە توركیا لە مانگی نیسانی ساڵی 2017 كۆتایی هات، كاتێك بە ڕاپرسییەك وڵات گۆڕا بۆ سەرۆكایەتی، بۆهەر خولێكیش پێنج ساڵ دیاریكرا بۆ مانەوەی سەرۆك لە دەسەڵات و ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

هەمیشە ئۆپۆزسیۆن داوای گۆڕانكاری ئەو دۆخەی كردووە، كلیچدار ئۆغلۆ پێیوایە، توركیا پێویستی بە سیستمێكی پەرلەمانیی بەهێز و سەرۆكوەزیران هەیە، لەگەڵ بەكردار جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان لە یەكتر.

سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری بەر لە چەند مانگێك لە چاوپێكەوتنێكدا وتویەتی، بۆ هەر گۆڕانكارییەك لە دەستوردا پێویستە سەرەتا بگەڕێینەوە بۆ سیستمی پەرلەمانی، لۆمەی ئەردۆغانیشی كردووە كە هەوڵی گۆڕینی ئەجێندای وڵاتەكەی داوە، ئەوەش بۆتەهۆی سەرهەڵدانی قەیرانی ئابوری، هەروەها دەركەوتنی هەژاری و بێكاری‌و نەمانی ئاسایشی كۆمەڵایەتی.

هەر لەو كاتەشدا میراڵ ئەكشنار سەرۆكی پارتی خێر، باسی لە گرنگی هەبوونی پارتە سیاسییەكان كردووە لەو وڵاتەدا، بە كۆمەڵە دەستەیەكناوی بردوون بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی توركیا، ڕەخنەی زۆریشی لە "ژینگەی سیاسی" گرتووە كە هەموو لایەنەكانی كردووە بە گژیەكتردا و وایكردووە دژی یەكتر بوەستنەوە.

ئەو سەركەوتنە گەورەیەی ئەكرەم ئیمام ئۆغلۆ سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبوڵ، لە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكانی شارەوانی ئەو شارە لەحوزەیرانی 2019 بەدەستیهێنا، بووەهۆی شكستهێنانی ڕكابەرەكەی كە بن عەلی یەلدرم كاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان و لە هەمانکاتدا سەرۆكوەزیرانی پێشووبوو، لەو كاتەشەوە دووبارە مشتومڕ و گفتوگۆكان لەبارەی سیستمی سەرۆكایەتی لە وڵاتەكە سەریهەڵداوەتەوە.

چۆن سیستمەكە لە پەرلەمانییەوە گۆڕا بۆ سەرۆكایەتی؟

21ی كانونی دووەمی 2017 پەرلەمانی توركیا بڕیاریدا سیستمی وڵات لە پەرلەمانییەوە بكات بە سەرۆكایەتی، بۆ ئەوەش گۆڕانكاری لە 18 ماددەی دەستوردا كرا، كە بە گەورەترین گۆڕانكاریی توركیا دادەنرێت لە مێژوویدا.

لە 10ی شوباتدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕەزامەندی لەسەر پڕۆژەكەداو واژۆی كرد، ڕۆژی دواتر ڕۆژنامەی فەرمی توركیا گۆڕانكارییە دەستورییەكانی بڵاوكردەوە، دواتر لە 16 نیساندا ڕاپرسی هاوڵاتیان بۆ گۆڕانكارییەكە ئەنجامدرا و 51%ی بەشداربووان بە بەڵێ دەنگیاندا.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2017 هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی ئەنجامدرا، پارتی داد و گەشەپێدان و هاوپەیمانەكانی بونە براوە، لە نۆی تەموزدا ئەردۆغان وەك سەرۆكی سیستمی نوێی وڵات سوێندی یاسایی خوارد، بەوەش سیستمی وڵات بەتەواوی لە پەرلەمانییەوە گۆڕا بۆ سەرۆكایەتی.

گۆڕانكارییەكان چی بوون؟

بەپێی سیستمی سەرۆكایەتی سەرجەم دەسەڵاتەكانی وڵات لای كەسێك كۆدەبنەوە كە سەرۆككۆمارە، ئەو ڕاستەوخۆ گەورە بەرپرسانی كەرتی گشتی لەنێویاندا سەرۆكوەزیران دادەنێت.

هەروەها ژمارەی وەزارەتەكانی كابینەی حكومەت لە 26 وەزارەتەوە بۆ 16 وەزارەت كەمكرانەوە، نۆ لیژنەی گەورەی نوێ و چوار نوسینگەپێكهات كە ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرۆككۆمار كاردەكەن، هاوكات ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان لە 550 كەسەوە بۆ 600 ئەندام زیادكرا، تەمەنی خۆكاندید كردنیش بۆ پەرلەمان لە 25 ساڵەوە بۆ 18 ساڵ كەمكرایەوە.

یەكێكی دیكە لە گۆڕانكارییەكان ئەوەبوو، دەبێت سەرۆك لە ساتی لەدایكبوونییەوە تورك بێت، هەروەها ماوەی مانەوەی سەرۆككۆمار لەدەسەڵاتدا لە چوار ساڵەوە بۆ پێنج ساڵ زیادكرا.

گۆڕینی سیستمەكە بۆچی؟

لایەنگرانی سیستمی سەرۆكایەتی پێیانوایە، ئەوە چارەسەری بەشێكی زۆری كێشەكانی وڵاتی كردووە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بەجیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانەوە هەیە، هەروەها ڕێگرە لە دەركەوتنی ناكۆكی لەنێوان سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیراندا كە لە ساڵانی ڕابردوودابە ڕوونی هەستی پێكراوە، بەتایبەت ئەگەر هەر یەكەیان لە حزبێكی جیاواز بوبێتن.

هاوكات هاوسەنگی لەنێوان سەرۆك و پەرلەماندا دروست دەبێت  و كەسیان ناتوانن ئەوی دیكە لابەرن تەنیا لە دۆسیە گەورەكاندا نەبێت وەك خیانەتی نیشتمانی، ئەمە جگە لەوەی دەتوانرێت زیاتر لێپێچینەوە لە كەسانی كەمتەرخەم بكرێت، چونكە دەسەڵاتەكان لای كەسێكەو هەرئەویش لێپرسینەوە لەسەر كەمتەرخەمییەكان دەكات.

لەبەرامبەردا ئەوانەی دژی سیستمەكەن باسلەوە دەكەن، ئەوە هانی دیكتاتۆریەتی سەرۆككۆمار دەدات، چونكە كۆمەڵێك دەسەڵاتی جێبەجێكردنی داوە بەو كەسە كە پێشتر هاوشێوەی نەبووە، هەروەها بنەما دیموكراتییە عیلمانییەكانی وڵاتی خستۆتە مەترسییەوە.

بەشێكی بۆچونەكان پێیانوایە، مەترسییەكی دیكەی سیستمی سەرۆكایەتی لەودایە، ئەگەر هەیە دامەزراوەكانی وڵات ئیفلیج ببن بەتایبەت ئەگەر سەرۆك لە حزبێك بێت و زۆرینەی پەرلەمانیش لەدەست حزبێكی دیكەدا بێت.